دۆخی نادیاری دوو هاوڵاتی دەستگیرکراوی کورد

دوو هاوڵاتیی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکی شارەکانی نەغەدە و مەریوان کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخیان دیار نییە.

بە پێی ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە دەستگیرکردنی دوو هاوڵاتی لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەکرێت.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانە، ڕۆژی دووشەممە٢٠/١/٢٠٢٥، پەروین ئەدوایی، چالاکی مافی ژنان و منداڵان، پاش بانگێهێشت کردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

جێی ئاماژەیە پەروین ئەدوایی لە ساڵانی ڕابردوودا لە بواری مافەکانی ژنان و منداڵاندا چالاک بووە و پێشتریش لە ساڵی٢٠١٩ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، دوای ئەوەی لە لایەن دادگای شۆڕشی مەریوانەوە بە "هەوڵدان دژ بە ئاسایشی وڵات و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردیەکان" تۆمەتبار کرابوو، سزای ٥ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستانەوە کەمکرایەوە بۆ یەک ساڵ زیندان.

پەروین ئەدوایی سەرەڕای ئەوەی ٧ڕۆژە بەسەر دەستبەسەرکردنیدا تێپەڕیوە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنی، شوێنی ڕاگرتنی و ئەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵی دیار نییە. هەروەها مافی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکەی لێ قەدەغەکراوە.

جێی باسە ئەم چالاکە مەدەنییە لە ساڵانی ڕابردوودا لە بوارەکانی مافی ژنان، منداڵان، و ژینگەپارێزی لە شاری مەریوان چالاک بووە و ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە.

هەروەها لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە٢٥/١/٢٠٢٥، لە شاری نەغەدە ئەفشین مستەفاپوور، هاوڵاتییەکی تەمەن ٤٠ساڵ، دوای بانگهێشتکردنی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە، دەستبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئەو شارە.

سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەفشین مستەفاپوور و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە، بە هەمان شێوە هیچ زانیارییەک ڕانەگەیدندراوە.