ئەمڕۆ میدیاکانى سەر بە دەوڵەتى داگیرکەریی تورک هەواڵێکی ساختەیان بڵاوکردەوە کە گوایە "بەرپرسێکی پەکەکە لە عێراق بەناوی جەلال کایا لە سلێمانى کراوەتە ئامانج"، کە بەگوێرەى هەواڵەکە ئەوکەسە دەستى هەبووە لە کوشتنى عوسمان کۆسەی بەرپرسی میت لە باشووری کوردستان.
بەپێی بەدواداچوونەکانى ئاژانسی ڕۆژنیوز، لەدوای تیرۆرکردنى حسێن ئاراسان، کە مانگی ڕابردوو لە سلێمانى تیرۆرکرا و شەهیدبوو، هیچ کەسێکی دیکە، بەدەستی میتی تورک لە سلێمانی تیرۆرنەکراوە.
هەر لەسەر ئەو پرسە عەقید سەلام عەبدولخالق بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە: "ئێمە هیچ زانیارییەکى لەو جۆرەمان پێنەگەیشتووە و بەم زوانە هیچ کردەوەیەکی لەو شێوەیە کە باسکراوە لە ناو شاری سلێمانیدا ڕوی نەداوە، لەسەر ئەو هەواڵەش بەدواداچوونى خۆمان دەکەین."
بڵاوکردنەوەى ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە لەلایەک گەمارۆی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لەسەر سلێمانی هەیە و گەشتەکانى بەڕووی فڕۆکەخانەى شارەکە ڕاگرتووە و لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا بۆ شەش مانگی دیکە گەمارۆکەى تازە کردەوە، لەلایەکى دیکەشەوە دەوڵەتى داگیرکەریی تورک لەدژی سلێمانی لەمیدیاکانى وڵاتەکەیەوە جەنگێکى دەروونى بەڕێوە دەبات.
هـ . ب