فەرهاد سەنگاوی: پەدەکە و بارزانی هەولێر تەعریب دەکەن

پێشمەرگەی دێرین و پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان، فەرهاد سەنگاوی، مەترسییەکی گەورەی تەعریب کردن لەسەر هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، پەدەکە و بارزانی خەریکە هەولێریش بە دەردی موسڵ دەبەن.

پێشمەرگەی دێرن و پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان، فەرهاد سەنگاوی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە شاری سلێمانی، ڕەخنەی توندی ئاراستەی سیاسەتی پەدەکە کرد، ئاشکرای دەکات پەدەکە بە پیلان و لەڕێگەی میدیاکانییەوە کار بۆ کاڵکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی و نیشتیمانپەروەری دەکات. بۆیە پێویستە هەمووان دژی ئەم سیاسەتە هەڵوێست وەربگرن و بایکۆتی پەدەکە بکەن.

سەنگاوی دووپاتی کردەوە، پەدەکە هەمیشە چاوساغ و پێشڕەوی داگیرکەرانی کوردستان بووە. هەرچەن بە ڕوواڵەت بانگەشەی کوردایەتی دەکەن، بەڵام ئامادەن دەستبەرداری هەموو ناوچە کوردستانییەکان بن لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان.

سەبارەت بە ڕەوشی موسڵ، سەنگاوی ڕایگەیاند: "بەپێی سەدان بەڵگە موسڵ شارێکی کوردستانی بووە و وەکو هەموو ناوچەکانى دیکەى کوردستان لە ٩٠% خەڵکەکەی و جوگرافیاکەی کوردستانى بووە، بەڵام بەهۆی بارزانییەوە دهۆک کرا بە پارێزگا و چاوپۆشى لە موسڵ کرا و لێی بێدەنگ بوون."

سەنگاوی ئەوەی ئاشکرا کرد، ئێستە پەدەکە و بارزانی خەریکە هەولێر و شارەکانی دیکەش بە دەردی موسڵ دەبەن و گوتی: "دەگوترێت ٧٦٠ هەزار کەس هاتوون لە هەولێر خانوویان کڕیوە، ئەگەر ئەمانە هەر یەکێکیان پێنج کەسیش بێت زیاتر لە سێ ملیۆن کەس دەکات، کەواتە ڕیفراندۆمتان بۆچی کرد، بۆ سەربەخۆیی کوردستان؟  فەرموون وەرن ئێستا لە هەولێر ڕیفراندۆم بکەن. ئێستا موسڵ هیچ و لەدەستچوو، کەرکوک لە سییەکانەوە تائێستا تەعریب دەکرێت نەگەیشتووەتە ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ هەزار خێزانى عەرەب، کەواتە ئێمە چی ئەکەین و خەریکی چین، دەکرێت ئەمە لە کەسێک قبوڵ بکرێت، بڵێت من کوردایەتى دەکەم و ئیدارەى کوردستان دەکەم؟".