گەلی شەنگال بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رێپێوانی ئەنجامدا

گەلی شەنگال لە دژی گۆشەگیریی سەر ئیمراڵی ریپێوانێکیان ئەنجامدا و سڵاویان لە بەرخودانی مانگرتنی زیندانیان کرد.

سەدان کەس لەسەر داوای بزووتنەوەى ئازادیى ژنانى ئێزدخان (تاژێ - TAJÊ) و یەکێتیى ژنانى گەنجی ئێزدی (یەژەجەئێ - YJCÊ) لە بەردەم ئەنجوومەنی گەل لە سنون لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد کۆبوونەوە و بە وتنەوەى دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" دەستیان بە رێپێوانکرد و لە رێپێوانەکەدا سڵاویان لە بەرخودانی مانگرتنی زیندانیان کرد.

لە دوای رێپێوانەکە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری رێکخرا. لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکەدا رایگەیاندرا، "دەوڵەتی تورکی فاشیستی داگیرکەر دەیەوێت ئێمە لە رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان داببڕێت. دۆخی گۆشەگیری لە ئیمراڵی رۆژ بە رۆژ قورستر و چڕتر دەکرێتەوە. ئێمە ناتوانین هەواڵ لە رێبەر ئاپۆ وەربگرین. رێگا نادرێت بنەماڵەکەى و پارێزەرانی بڕۆن بۆ ئیمراڵی و چاویان پێی بکەوێت. سیستمی ئێستا لە پارادیگمای ئازادی و فەلسەفەى رێبەر ئاپۆ دەترسێت".

'رێبەر ئاپۆ بە مانای ئازادی، ئەخلاق و راستییە'

لە کۆتایی رایگەیاندراوەکەدا هاتبوو، "هێزە باڵادەستەکان باش دەزانن کۆمەڵگەیەک هەموو کات بتوانێت خۆی بە رێکخستن بکات و ببێتە  خاوەن ئیرادە، ئەوا دەتوانێت راپەڕێت. ئەگەر ئەمڕۆ کۆمەڵگەى ئێزدی بووەتە خاوەن پێگەیەکی ئازاد و ناسنامەى خۆی، ئەوە لە سایەی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دا بەدیهاتووە. ئەگەر تەنانەت پێشکەوتنی سیستمی دیمکراتیک لە شەنگال لەمپەری بۆ دروست بکرێت، بەڵام دیسانەوە کۆمەڵگەى ئێزدی دەتوانێت خۆی بەڕێوەببات. بە تایبەتی ژنانی ئێزدی زنجیری کۆیلەیەتییان پساندووە و بۆ هەموو ژنانی جیهان بوونەتە نمونە. ئەگەر رێبەر ئاپۆ لە کۆمەڵگە دوور بخرێتەوە، شتێک بە ناوی ئەخلاق، ئازادی و راستی نامێنێتەوە. ئازادیی رێبەر ئاپۆ، ئازادیی هەموو ژنان و کۆمەڵگەیە".

ژ.ت