جەمال شەریک: فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە بەردەوامیی ١٢ی ئەیلولە

جەمال شەریک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە رایگەیاند، قۆناغی کودەتای ١٢ی ئەیلول لە کەسایەتیی ئاکەپە - مەهەپەدا بەردەوامە و وتی: "فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە بە دامەزراوەیکردنی ١٢ی ئەیلولە".

جەمال شەریک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە بە بۆنەی ٤٣هەمین ساڵیادی ١٢ی ئەیلولەوە بەشداریی بەرنامەى تەلەفزیۆنی میدیا خەبەری کرد.

جەمال شەریک ڕایگەیاند، کاتێک کۆماری تورکیا دامەزرا و کاتێکیش کوتای ١٢ی ئەیلول ئەنجامدرا ئەوە ئاشکرا بوو، ئەو دەوڵەتە  ناتوانێت ئەو ئامانجە پێکبهێنێت، کە بۆ خۆیان دیارییان کردووە و وتی، "دەوڵەت دەیەوێت لە ڕێگەی فاشیزمی ١٢ی ئەیلولەوە نەتەوە – دەوڵەت بە دامەزراوەیی بکات".

شەریک وتی: "ئەوەی دەخوازرا بونیات بنرێت تورکایەتیی نەتەوە دەوڵەت بوو. ئەو تورکایەتییەش خواستی بە پاکتاوکردن و بەجینۆساید ناسنامە جیاوازەکان لە جوگرافیای میزۆپۆتامیادا، خۆی بونیات بنێت. واتە تورکایەتی کۆمەڵکوژکردن و پاکتاوکردن و سڕینەوە بوو. دەوڵەتی تورک ئەو ئامانجەی هەبوو و خواستی لە ١٢ی ئەیلولدا ئەو ئامانجە پێکبهێنێت".

جەمال شریک ئاماژەی بەوەشکرد، تەواوکردنی کۆمەڵکوژی و پاکتاوکاری لە کوردستان دەبووە لەناوبردنی لەمپەر و ئاستەنگیی بەردەم ئەو ئامانجە و وتی: "ئەگەر ئەمە بکرایە، ئەوا خەونەکانی دامەزراندنی کۆماری تورکیا بەدی دەهێنران. دەوڵەت نەتەوەی تورک دادەمەزرا. لە راستیدا بەرخۆدانی گەریلاکانی ساڵی ١٩٨٤ ئەم ئامانجەی دەوڵەتی تورکی بە تەواوی تێکشکاند".

جەمال شریک ڕاشیگەیاند، بە هەڵمەتی ١٥ی ئابی ١٩٨٤ هەموو ئەوەی ئەوان دەیانویست بە پاکتاوکردن، کۆمەڵکوژی و دورخستنەوە ئەنجامی بدەن، بە جارێک بە هەڵمەتی گەریلا پووچکرایەوە و وتی: "واتە هەڵمەتی گەریلایی ساڵی ١٩٨٤ بە دژبەریی خۆی لە دژی فاشیزمی ١٢ی ئەیلول لێپرسینەوەیە لە کردەوەکان و تاوانەکانی دژ بە گەلانی کوردستان و ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا".

'بۆ ئەوەی لە ١٢ی ئەیلول تێبگەین دەبێت باش لە ئاکەپە تێبگەین'

جەمال شەریک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی لە ١٢ی ئەیلول تێبگەین پێویستە بە باشی لە ئاکەپە تێبگەین و وتی: "بۆیە، لە بری ئەوەی ئەم سەردەمە لەگەڵ ئەو سەردەمەدا بەراورد بکرێت، دەبێت ئاستی ئێستای فاشیزمی ١٢ی ئەیلول بە باشی لێکدانەوەی بۆ بکرێت. ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ ڕوو دەدەن گرنگە وەک قۆناغی ئێستای ١٢ی ئەیلول لێکبدرێتەوە و بە پێی ئەوە بیر و هەڵسەنگاندنی بۆ ئەنجام بدرێت و هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت.

دەتوانین ئەوە بڵێین: لە ١٢ی ئەیلولدا لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە هەبوو، مرۆڤەکان دەکوژران. ئایا ئێستا ئەشکەنجە لە زیندانەکاندا نییە، کۆمەڵکوژی ئەنجام نادرێن؟ نەخێر، لەوانەی ١٢ی ئەیلول زیاتر و بە بەرنامەتر ئەنجام دەدرێن. هەموو ڕۆژێک لە زیندانەکاندا دارەمەیەت دێتە دەرەوە. هەموو ڕۆژێک هەواڵەکان دەبنە ڕۆژەڤ و ئەوەش نیشانی دەدات، کە لە زیندانەکاندا ئەشکەنجە هەیە. لەو کاتەدا ئەسەد ئۆکتای هەبوو. ئێستا ئەوانەی وەک ئەو لە زیندانەکاندا زۆر بوون. هێرشکردنە سەر زیندانیانی شۆڕشگێڕ بە شێوازی فاشیستی و سادیستی بەردەوامە. هەروەها شێوازی نوێی ئەشکەنجەیان لەسەر تاقی دەکەنەوە.

مرۆڤ ناتوانێت بڵێت ئەو ڕووداوانەی لەساڵی ١٩٨٢ لەزیندانەکاندا ڕوویان دەدا، لە ساڵی ٢٠٢٢دا لەزیندانەکاندا ڕوونادەن. لەو کاتەدا زیندانییە شۆڕشگێڕەکان کۆمەڵکوژ دەکران و تەرمەکانیان ون دەکران. زیندانی هەبوو، کە لەسێدارەدرا. بۆ نموونە؛ شۆڕشگێڕێک بەناوی وەیسەڵ گونەی لەسێدارەدرا. باشە چی دەبێت، کە جەستەى کەسێکی لەسێدارەدراو بێسەروشوێن دەکرێت؟ لەسێدارە درا، بەڵام تا ئێستاش تەرمەکەى دیار نییە. بە هەمان شێوە، چەندین تەرمی تر ون بوون. ئێستاش بێسەروشوێن دەکرێن. بۆ نموونە ئێستا چەند زیندانییەک هەن، کە دیلکراون، بەڵام دەڵێن، ئەوانە نەگیراون و بەمشێوەیە دەکوژرین. لە ساڵانی ١٩٩٠کاندا ڕووداوی لەمشێوەیە هەبوو. هەروەها ڕووداوی لەو شێوەیە لە کاتی ١٢ی ئەیلولدا هەبوو و ئێستاش هەیە.

هەروەها لەو ڕۆژەدا هێرشی دڕندانە دەکرایە سەر تەرمی زیندانییە شۆڕشگێڕەکان و ئێستاش ئەو هێرشە هەیە. بۆ نمونە لە ساڵی ١٩٧٣ ئیبراهیم کایپاک کایا دوای ئەوەی بە ئەشکەنجە کوژرا، باوکیان بانگ کرد و باوکی ناچار بوو تەرمەکەی بە عارەبانەیەکی دەستی تاوەکو خەڕاژێ ببات.  ئەو ڕووداوە لە ١٢ی ئازاردا ڕوویدا، بەڵێ نمونەی لەو شێوەیە لە ١٢ی ئەیلول دا هەبوو. باشە ئێستا دۆخەکە لەوەی ئەو کاتە قورستر و خراپتر نییە؟  چەند ڕۆژ لەمەوبەر تەرمی هاکان ئارسلان لە ناو سندوقێکدا ڕادەستی باوکی کرایەوە. ئەوانەی ئەمڕۆ ئەنجام دەدرێن زۆر بە وردی و بە بەرنامەتر ئەنجام دەدرێن. کۆمەڵگا بەو کارانە ڕادەهێنن. پێش ئەوەی تەرمی هەڤاڵی هاکان ئارسلان لە ناو سندووقێکدا ڕادەست بکەن، تەرمی هەڤاڵ عەگید-یان لە ناو سندوقێکدا بە کارگۆی پۆست بۆ بنەماڵەکەى ناردەوە. هەروەها سەرەتا تەرمی هەڤاڵانیان لە شەهیدگەى گارزان ڕفاند، دواتر وتیان، بێسەروشوێنن بوون، دواتریش لە ناو سندوقی پلاستیکدا لە تەنیشت رێگای گۆڕستانی ئیلیۆس لە شوێنی ئاوەڕۆدا کرابوون بە ژێر گڵەوە".

'فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە بە دامەزراوەیکردنی ١٢ی ئەیلوولە'

جەمال شەریک ڕاشیگەیاند، کردار و تاوانەکانی ئەم سەردەم زۆر بە پلان و بەرنامە ئەنجام دەدرێن و وتی، "بۆیە فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە بە دامەزراوەیکردنی ١٢ی ئەیلولە. فاشیزمی ئاکەپە بەو مانایە دێت، کە سەنتێزی تورک - ئیسلام لە کەسایەتی ئەردۆغان - باخچەلی لەسەر بناغە و بنچینەکانی دەسەڵاتداری دامەزراوە. ١٢ی ئەیلول لەم سەردەمەدا فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەیە. ئایدۆلۆژیای ١٢ی ئەیلول ئەمڕۆ ئایدۆلۆژیای فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەیە. ئەو شەڕە، کە لە ١٢ی ئەیلول لە دژی کۆمەڵگا دەستی پێکرد هەمان ئەو شەڕەی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەیە. ئەو شێوازە، کە هەوڵیان بۆ دەدا تاوەکو کۆمەڵگای پێ پاکتاو بکەن، هەمو ئەو کردار و تاوانانەن، کە ئێستا فاشزمی فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە لە دژی کۆمەڵگا بەڕێوەی دەبات، بۆیە دەبێت مرۆڤ بە باشی لەو شێوازەی ئێستای ١٢ی ئەیلول تێبگات. ئەگەر بە دروستی تێگەیشتن لەمە دروست نەبێت، ناتوانرێت بە شێوەیەکی ڕاست و دروست تێکۆشانی لە دژ ئەنجام بدرێت. هەر چۆن هەڵمەتی گەریلا لە ١٩٨٤دا گورزی لە ١٢ی ئەیلول دا، ئەوەشی ئێستا لە دژی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە ئەنجام بدرێت، هەر هەمان ئەو شتەیە".

جەمال شەریک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە رایگەیاند، پێویستە تێکۆشان لە دژی فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپە بەهێز بکرێت و وتی: "کاتێک ئەمە بکرێت، بەرخۆدانی دژی فاشیزمی ١٢ی ئەیلول سەردەکەوێت. هەر چۆن ١٢ی ئەیلول  بۆخۆی هۆکارە بۆ تێکۆشان و بەرخۆدان و شەڕ، ئەو هۆکارەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی فاشیزمی ئاکەپە - مەهەپەش بەردەوامە، چونکا ئاکەپە – مەهەپە بەردەوامیی فاشیزمی ١٢ی ئەیلولن، ئەمەش دەبێتە مانادارترین وەڵام لە دژی ١٢ی ئەیلول".

ژ.ت