دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، لەڕێگەی ڕاگەیاندراوێکی نوسراوەوە، ئاماژە بەوە دەکات پیلانێک هەیە بۆ کوشتنی مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر لەنێو زیندان، ئەوەش ئاشکرا دەکات، سیخوڕێک بەناوی یاسین عەلی خدر پێشتر بەڕێوەبەری ئەو زیندانە بووە کە دوو بەندکراوەکەی تێدایە.
هیچ پەیوەندییەکیان بە کوشتنی ئەندامەکەی میتەوە نییە
لە ڕاگەیاندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە:
" بۆ ڕای گشتی ئاشکرایە، مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر زیاتر لە ٥٠ ڕۆژە لە زیندانی هەولێر مانگرتنیان لە خواردن دەستپێکردووە، چەندین دامەزراوە ڕاگەیاندراویان لەو بارەیەوە بڵاوکردۆتەوە. پێویستە گەل و ڕای گشتی دیموکراتیک ئاگاداری ڕەوشی ئەم دوو بەندکراوە مانگرتووە بن و ژیانیان بپارێزن. پێش هەموو شتێک، زانیاری هەڵە لەبارەی ئەم دوو بەندکراوە دەدرێتە ڕای گشتی. پێویستە ئەم زانیارییانە ڕاست بکرێنەوە. دەبێت بەدروستی ڕای گشتی لە ڕەوشی مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر ئاگادار بکرێتەوە. مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان نییە بە کوشتنی ئەندامەکەی میتەوە و بەشداری ئەم چالاکییە نەبوون. تەنها هاوکاری ئەو هاوڕێیانە بوون کە چالاکییەکەیان ئەنجامداوە.
ئەو ئەندامە کوژراوەی میت، فەرمانی کوشتنی هاوڕێ هەڵمەتی دابوو
ئەو ئەندامە کوژراوەی میت، بڕیاری کوشتنی شۆڕشگێڕی هێژا، هاوڕێ هەڵمەتی دابوو کە خەڵکی باشوری کوردستانە. بەم هۆیەوە ئەم کەسە کرایە ئامانج و گولەباران کرا. تێناگەین بۆچی پەدەکە نیگەرانە لە کوشتنی کەسێک کە بەشداربووە لە کوشتنی هاوڕێ هەڵمەت، کە قارەمانێکی هێژای گەلی باشوری کوردستانە و هەموو ژیانی کردە قوربانی دۆزی کوردستان و لای هەمووان خۆشەویست بووە. تێگەیشتن لەمە مەحاڵە. پەدەکە ئەم نیگەرانییەی خۆی لەڕێگەی ئەشکەنجەدانی مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر لە زیندانی هەولێر دەردەخات. هەردوو بەندکراوەکە دژی ئەم ئەشکەنجەیە مانگرتنیان لە خواردن دەستپێکردووە. ئەم نیگەرانییەی پەدەکە و هەڵوێستەکەی شیاوی تێگەیشتن و قبووڵکردن نییە. پێویستە ڕای گشتی و دامەزراوە مەدەنی و دیموکراتیکەکان، ئاگاداری ئەم ئەشکەنجەیەی نێو زیندانی هەولێر بن و پشتیوانی بەندکراوە مانگرتووەکان بکەن.
هەر شتێکیان بەسەردا بێت، پەدەکە بەرپرسیارە
سەرەڕای ڕەوشی ئەم دوو بەندکراوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک پیلانێکی داناوە بۆ کوشتنی مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر لەنێو زیندان. دەزگای میت هەندێک سیخوڕی لەنێو زیندان ڕێکخستووە بۆ کوشتنی ئەم دوو بەندکراوە و هەوڵی کوشتنیان دراوە. ژمارەیەک سیخوڕی میت لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکراون کە بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییە ئامادەکرابوون. یەکێک لەوان بەناوی یاسین عەلی خدرە. ئەم کەسە پێشتر بەڕێوەبەری زیندانەکە بووە، میت ئەم کەسەی ڕاسپاردووە بۆ ڕێکخستنی چەند بەندکراوێک بە مەبەستی ئەنجامدانی ئەم کۆمەڵکوژییە و لەم پێناوەدا پارەی پێداوە. بڕیار وا بووە پاش کۆمەڵکوژییەکە بڕە پارەیەکی زیاتری پێ بدەن. بۆیە ڕەوشی ئەم دوو بەندکراوە دژوارە و پیلانەکان لەدژیان مەترسیدارە. مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر لەژێر دەستی پەدەکەن، هەروەها پەدەکە بەرپرسیارە لە ژیان و سەلامەتی هەردووکیان. هەر شتێکیان بەسەردا بێت، پەدەکە لێی بەرپرسە.
داوا لە هەموو دامەزراوە دیموکراتیکەکان و هەموو کەسانی هەستیار دەکەین، پێش ئەوەی درەنگ بکەوێت، دژی ئەشکەنجەدانی ئەم دوو بەندکراوە تێبکۆشن و هەوڵەکانیان یەکبخەن لەپێناو پاراستنی ژیان و خاوەندارێتیکردن لە دوو مانگرتووەکە. پێویستە بەپەلە دیدار لەگەڵ دوو مانگرتووەکەدا بکرێت و چاودێری ڕەوشیان بکرێت و گوێیان لێ بگیرێت".