کەسایەتییەکانی کەرکوک داوا دەکەن کورد یەکگرتووبێت بەتایبەتی لە کەرکوک

کەسایەتییەکانی شاری کەرکوک: "داوا لەسەرجەم حزبە کوردستانییەکان دەکەین کە بەیەک لست بەشداری هەڵبژاردن بن لە کەرکوک".

 کاتژمێر ٨ی شەوی ڕابردوو، لە سەنتەری رۆشنبیری شاری کەرکوک لە باشوری کوردستان نزیکەی ٤٠ کەس لە کەسایەتی شارەکە کە پێکهاتوون لە ڕوناکبیران، نووسەران، سیاسەتمەداران، رۆژنامەنووسان، مامۆستایان و کەسایەتی کۆمەڵایەتی شاری کەرکوک لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان (کەنەکە)، کۆنگرەیەکی رۆژانامەوانیان ئەنجامدا،

لە سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزاندا کەسایەتییەکانی شاری کەرکوک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیەدا، بەئامانجی هاتنە دی یەکریزی و یەک ووتاری گەلی کورد، سێ داوایان ئاڕاستەی حزب و لایەن و ڕێکخراوەکانی کوردستانی مەزن بەگشتی و شاری کەرکوک بەتایبەتی کرد.

 داوا لە حزبە کوردییەکان دەکەین بەیەک لست لە کەرکوک بەشداری هەڵبژاردن بن

 لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکدا، کاروان سەعید ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان، بەناوی تەواوی کەسایەتی سیاسی و ڕوناکبیرانی ئامادەی کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەوە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ووتی: "بەناوی هەموو ئامادەبووانەوە ئێمە ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی ڕاگەیاندرواێکی سێ خاڵی بڵاوبکەینەوە، هەموومان دەزانین ڕەوشی شاری کەرکوک چۆنە و ڕەوشی شاری کەرکوکیش لە پاشەکشەدایە، بۆیە زۆر گرنکە ئێمە وەکو کەسایەتی روناکبیران و سیاسەتمەدارانی شاری کەرکوک داوا لەسەرجەم حزبە کوردییەکان دەکەین کە بەیەک لست لە شاری کەرکوک بەشداری هەڵبژاردن بن تاکو پێگەی سیاسی کورد لە حوکمڕانی شارەکە پارێزراو بێت".

 نابێت بەرژەوندی باڵای نەتەوەیی بکرێتە قوربانی داگیرکەرانی کوردستان

 هەروەها ناوبراو ووتیشی: " داوا لە سەرجەم حزبەکانی سەرتاسەری کوردستانی مەزن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکەین کە لەسەر یەک بەرنامە کۆک بن و ڕێکبکەون چونکە بەڕاستی جارێکی دیکە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکێشرێتەوە، ئەم جارە نابێت بەرژەوندی باڵای نەتەوەیی کورد بکرێتە قوربانی داگیرکەرانی کوردستان و وڵاتانی زلهێزی جیهان، بۆیە پێویستە هەمووان یەک دەنگ و یەک دەست بین، سەد ساڵ لەمەوبەر بەهۆی یەکگرتوو نەبوونی کورد زلهێزەکان لە پەیماننامەی لۆزاندا گەلی کوردیان کردە قوربانی بەرژەوندی ستراتیژی و ئابوری خۆیان، بەڵام نابێت جارێکی دیکە ڕێگە بدەین بەوەی کە جارێکی دیکە کورد ببنە قوربانی".

 پێویستە هەر تاکێکی کورد لەسەر دۆزی نەتەوەیی بێتە دەنگ

 لەکۆتایدا کاروان سەعید لە کۆتا خاڵی داواکارییەکانیان ووتی: "ئێمە وەکو کورد لەهەر شوێنێکی کوردستان و دەرەوەی کوردستان زۆر گرنگە سنوری حزبایەتی و ئایدلۆژی تێبپەڕێنین، پێویستە هەر تاکێکی کورد لەسەر دۆزی نەتەوەیی بێتە دەنگ لەتەواوی چالاکییە نەتەوەییەکان بەشداربێت وە تەواوی لایەنەکان بە هەماهەنگی ئەم چالاکیانە بکەن تا نیشانی هەموو جیهانی بدەین کە ئێمە نەتەوەیەکی زیندووین و دەمانەوێت ڕێز لەمافەکانمان بگیرێت و نامانەوێت ببینە قوربانی بەژرەوندی ووڵاتانی هەرێمی ناوچەکە و زلهێزەکان".

هـ . ب