لە بناری قەندیل پشتیوانی بۆ هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان" دووپاتکرایەوە

ئەمڕۆ ئازادیخوازانی بناری قەندیل پشتیوانی خۆیان بۆ هەڵمەتی " ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسیی بۆ پرسی کورد" دەربڕی.

ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی گەلی بناری قەندیل پشتگیریی خۆی بۆ هەڵمەتی «ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد» دەربڕی کە لە ١٠ی تشرینی یەکەم لە ٧٤ شاری جیهانەوە ڕاگەیاندرا.

لەسەر ناوی ئەنجوومەنی گەلی بناری قەندیل شێخ مەحەدی نەستێ گوتی: "قەندیل جێگای بەرخۆدان و جێگای سەدان شەهید و تێکۆشەرە، هەر شۆڕش و سەرهەڵدانێک هەبووبێت، دەبێت لە قەندیل بوو بێت، لە ئێستاشدا قەندیل بە هەموو ئەو خەبات و ماندوو بوونەی خۆی، بۆ هەموو خۆشی و ناخۆشییەکاندا لە هەر چوار بەشی کوردستان لەگەڵ گەلی کورد دایە".

دواتر ئاماژەی کرد بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ئەو هەڵمەتەی لە ٧٤ شاری جیهان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێ کردووە، گوتی: "ئێمەش وەکوو گەلی بناری قەندیل بە هەموو نەتەوە و ئایینەکانەوە کە لە قەندیل دەژین، پشتیوانی لەم هەڵمەتە دەکەین، لێرەشەوە داوا لە ڕای گشتی جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بۆ بەهێزکردنی ئەم هەڵمەتە پشتیوانی لێ بکەن".

پاشان ئاماژەی کرد بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و گوتی: "ئەمڕۆ ئەردۆغان فرمێسک بۆ غەزە هەڵدەڕژێت، بەڵام خۆی لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆمەڵکوژی دەکات، و ڕۆژ نییە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکانی بەسەر قەندیلدا نەسووڕێنەوە کە ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر هەر تاکێکی قەندیل".