لە گەرمیان دژی گۆشەگیری چالاکییەک بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ لە شاری کەلاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان لە باشوری کوردستان، تەڤگەری ئازادی ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە، تێیدا گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزارکرا.

ئەمڕۆ تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لە شاری کەلاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، ڕاگەیاندراوێکی خوێندەوە، دژی گۆشەگیری و فشارەکانی دەسەڵاتی فاشیستی تورک لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی هەرێمی گەرمیان، هەرێم مەحمود ڕاگەیاندراوەکەی خوێندەوە، ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورک گۆشەگیری و فشارەکانی بۆ سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چڕتر کردۆتەوە و گوتی: " ئەمە گۆشەگیركردنی تەواوی گەلانی ناوچەكەیە، وەكو تەڤگەری ئازادی ئیدانەی دەكەین و لەدژی ئەو گۆشەگیرییە دەوەستینەوە، تا ئازادی جەستەیی بەدیدێت تێكۆشانی خۆمان بەردەوام دەكەین".

هەروەها داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت کۆمیتەی بەگژاچوونەوەی ئەشکەنجە کرد، هەڵوێست وەربگرن دژی گۆشەگیری. هەروەها لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە، ڕێگە بدرێت بە دیداری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.