لە کەلار پانێڵێک بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد بەڕێوەچوو

لە چوارچێوەی هەڵمەتی " ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەریی سیاسی بۆ پرسی کورد"، ئەمڕۆ لە شاری کەلار سەر بە ئیدارەی گەرمیان پانێڵێک بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ لە شاری کەلار سەر بە ئیدارەی گەرمیان، بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی هەرێمی گەرمیان، لە چوارچێوەی هەڵمەتی " ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەریی سیاسی بۆ پرسی کورد"، پانێڵێک بەڕێوەچوو. مامۆستا عەبدولخالق مامۆستای ئایینی، جومعە کەریم چالاکوانی سیاسی، حەکیم عەبدولکەریم، ئەندامی کۆمیتەی ئازادیی و چرۆ شوانی پارێزەر، وەک قسەکەر بەشداربوون.

ئەندامی کۆمیتەی ئازادی، دکتۆر حەکیم، دووپاتی کردەوە، گرژی  و ئاڵۆزییەکانی ئێستەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، تێڕوانینەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دووپات دەکەنەوە.

دکتۆر حەکیم گوتی: "دەرکەوتنی پەکەکە وەک هێزێکی گەریلایی شەڕکەر، بە سەرکردایەتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکیای بێ کاریگەر کرد، هەر لێرەشەوە زەنگی مەترسی بەرژەوەندییەکانی ئیمپریالیزم لێ درا".

چالاکوانی سیاسی، جومعە کەریم، ئاماژەی کرد بە گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕایگەیاند ئەم گۆشەگیرییە ڕێگرییە لە پرسی چارەسەر، گوتی: "شەڕی غەزە و ئیسرائیل و هەموو کێشەکانی تری ناوچەکە بە بێ چارەسەری ئاشتی و نەتەوەی دیموکرات کۆتایی نایەت".

هەروەها ئاماژەی کرد بە بەدیهاتنی پێشبینییەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "ڕێبەر ئاپۆ زۆر زوو وریای کردینەوە لە دۆخی شنگال و عەفرین، دواییش دۆخی ئەو دوو ناوچەیەمان بینی، کە پێشتر ڕێبەر ئاپۆ گوتی "زۆر وریای عەفرین و شنگال بن".

پاشان، بەشداربووییەکی تری پانێڵەکە، چرۆ شوانی، ئاماژەی کرد بە بێدەنگی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و بەتایبەت (سی. پی. تی.)، ڕایگەیاند بەم بێدەنگییە دەبنە بەشێک لە پیلانگێڕی، گوتی: "پێویستە گەلی کورد هەڵمەت بکەن دژی ئەم گۆشەگیرییە، دەبێت ژنانیش ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، هیچ کەس وەک ڕێبەر ئاپۆ باسی ڕۆڵی ژنی نەکردووە، ئازادی ژن ئازادیی هەموو کۆمەڵگایە، یەکەم لێدان لە ئازادیی کۆمەڵگە درا، لێدان بوو لە ئازادیی ژن لە لایەن عەقڵیەتی نێر سالارییەوە".

لەکۆتاییدا، مامۆستا عەبدولخالق، مامۆستای ئایینی، ئاماژەی کرد بە پرسی ئازادی لەنێو ئایینی ئیسلامدا.