لە کۆنگرەی مێژوویی پەکەکەوە – ٢

کۆنگرەی ١٢ـەمینی پەکەکە بوو بە مانیفێستۆیی بەرخۆدان، بووە فکر و دڵسۆزی بۆ ڕێبەر ئاپۆ. ئەم کۆنگرە مێژووییە کە بە ڕووحی گەریلاوە قوڵبووەتەوە، بە بتەوترین بڕوا بە هێڵی ڕێبەرێتی دەرگای بەڕووی سەردەمێکی نوێدا کردەوە.

کۆنگرەی ١٢هەمی پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە ) لە ٥ی ئایار دەستیپێکرد. وتاری دەستپێکردنی کۆنگرەکە لەلایەن موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەرری پەکەکەوە پێشکەش کرا. سەرەتا هەندێک زانیاری بە ئەندامەکان دا.

پاشان گوتی: "لە چوارچێوەی ڕێوشوێنی ئەمنیدا بە شێوەیەکی بەرفروان دوو کۆنگرە لە دوو شوێنی جیا لە یەک کاتدا ئەنجام دەدەین. ئێمە لێرەدا وەک هەرێمێکی سەربازی ناسراو بە بادینان ١٢هەمین کۆنگرەی پەکەکە بەڕێوە دەبەین. به شێکی دیکەی بزووتنەوەکەمان له شوێنێکی دیکه دا کۆنگرەکه بەرێوەی دەبەن، دواتر ئەنجامی هەردوو کۆنگرە کۆدەکەینەوە و بۆ ڕای گشتی بڵاویدەکەینەوە. ڕێک ٢٠ ساڵ پێش، دیسان لە مانگی نیساندا لەسەر داوای ڕێبەر ئاپۆ پەکەکەمان بنیادنایەوە. دوای ٢٠ساڵ، ئێمە دیسان لەسەر داوای ڕێبەر ئاپۆ جارێکی تر کۆدەبینەوە، لەو بڕوایەم کە هەڤاڵان بڕیاری پێویست دەدەن..."

ئامادەکارییەکانی کۆنگرەکە زۆر باش بوو. هەر لە ڕازاندنەوەی هۆڵەکە تا دەگاتە داڕشتنی دروشمەکان، وێنەی شەهیدان... لە چیاکانی کوردستان، لە لووتکە بەرزەکاندا و بە ڕێکخستنێکی تەواوەتی، ئێمەی ڕۆژنامەنووسان بەدواداچوونمان بۆ گفتوگۆ گەرم و قوڵەکان دەکرد. من لەو باوەڕەدام پەکەکە و پەکەکەیی زۆر زیاتر بە کۆبوونەوەکانیانەوە دەناسرێنەوە... چونکە قووڵایی فەلسەفی، تیۆر، دەوڵەمەندی ئایدۆلۆژی و فیکری، ئیرادەی پۆڵاین، ئافراندنی مرۆڤ، ژیرێتی میلیتانان، جوانناسی، جۆش و خرۆشەکان، هەڵوێستی شۆڕشگێڕیی، لە خۆبوردوویی، کەلتووری دێرینی کورد و ڕۆحی شۆڕشگێڕیی پەکەکە... هەموو ئەمانە یەکانگیر دەبن و ئەزموون دەکرێن...

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆنگرەکە، ئەوەی کە زۆرترین سەرنجی لە هۆڵی کۆنگرەکەدا ڕادەکێشا پێکهاتەی گەنجانی ناو کۆنگرەکە بوو وەک بزووتنەوەیەکی ٥٢ساڵە، کە زۆرینەی ئامادەبووان گەنج بن، پێموایە ئەمە نیشانە و پەیامێکی گرنگە: هێڵی ئاپۆی توانیویەتی ٤-٥ نەوە لە خۆی بخوڵقێنیت.

خاڵێکی تر کە پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە ئەوەیە کە مەسەلەی کۆتاییهێنان بە چالاکیەکان بەناوی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە ڕێبازی چەکداری زۆر گرنگ بوون. هەرچەندە هەموو گەریلاکان به یەک دەنگ و هەڵوێست پابەندی و باوەڕیان به ڕێبەر ئاپۆ نیشاندا بەڵام قبووڵکردنی هەردوو بڕیارەکە قورس بوو، من پێم وایە هەر لەبەر ئەوەشە کە موراد قەرەیلان و فەرماندەکانی تر لە کاتی وتارەکانیاندا هەوڵیان دەدا کە لەگەڵ گەریلاکانی گەنجدا بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی ڕێبەر ئاپۆ و بەهێزکردنی پێگەی ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوی پێویست بنێن. فەرماندە و بەڕێوەبەرانی پەکەکە زۆر بە وریاییەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە لێک تێنەگەیشتنی هەڵە و هەڵوێستی جیاواز هەوڵی جدییان دەدا. موراد قەرەیلان، سەرەڕای خواستی خۆی و داواکارییەکانی ڕێبەر ئاپۆ گوتی: "ئێرە گۆڕەپانی کۆنگرەیە، گۆڕەپانێکی ئازادە." هەر هەڤاڵێک دەتوانێت بیروڕای خۆی ئازادانە دەرببڕێت. هەرچۆنێک بێت ئێمە وەک بەرێوەبەرانی بزووتنەوەکە هیچ شتێک لە هەڤاڵانمان ناشارینەوە. چی ڕووبدات، ڕێبەر ئاپۆ هەرچییەک بڵێت، حکومەت چی بڵێت یان بیکات، ئێمە هەموو شتێک لەگەڵ هەڤاڵانمان باس دەکەین. واتە هیچ شتێک نییە کە ئێمە بیزانین و ئێوە ئاگاتان لێ نەبێت. هەموومان وەک یەک بەرپرسیارین لەم پرۆسەیە و لە بەهێزکردنی ڕێبەر ئاپۆ. بەدڵنیاییەوە، هەندێک ڕاستی بوونی هەیە. لە ئێستادا، ئێمە لێرە قسە دەکەین، بەڵام لەدەرەوە دەنگی تۆپ دێت. ئیتر شوێنی کۆنگرەکەی دیکە نازانم بەڵام لە بەهدینان لەوانەیە بە بەراورد بە مانگێک لەمەوبەر ئارامتر بووبێت، بەڵام دەنگی تانک و تۆپ و فڕۆکە بەردەوام دەبیسترێت، سەرەڕای ئەوەش ئەو بڕیارە مێژووییانە درا.

دوای دەستپێکردنی کۆنگرە بینیمان کە ڕۆحیەت و جۆشی گەریلاکان زۆر بەرز بوو. دەنگی "بژی رێبەر ئاپو"، "بێ سەرۆک ژیان نابێ"، "ژن، ژیان، ئازادی"، "بژی پارتی کرێکارانی کوردستان"بەرز بووەوە. جۆش و خرۆشی نوێنەرانی کۆنگرە تونێلی شەڕی دەهەژاند، هەڤاڵان زۆر دڵخۆش بوون بە تێبینییەکانی کۆنگرەکە، بەتایبەتی ئەو یاداشتە سیاسیانەی وەرگیرا. گەریلاکانی پێشوو کە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا مابوونەوە، ئەزموونەکانی خۆیان باس کرد و باسیان لە بە ئیرادەبوون و وزەی ڕێبەر ئاپۆ کرد.

تەنانەت پێش دەستپێکردنی کۆنگرەکەش خوێندن، گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە بەڕێوەدەچوو. لەم ڕووەشەوە ئامادەیی فکری و دەروونی بەدەست هاتبوو. بۆیە لە بەشی فەرمی کۆنگرەدا نزیکەی ٤٠نوێنەر ڕای خۆیان دەربڕی، ئەمەش بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر خواستی ڕێبەر ئاپۆ و پرۆسەکە بە شێوەی پێشکەشکردنی هەڵوێستی تاکەکەسیدا ئەنجامدرا. بێگومان بیرۆکەی جۆراوجۆر هەبوو، بۆ نموونە گەریلایەکی گەنج ڕایگەیاند: "بۆچی ئێمە گفتوگۆ لەسەر شێوازی چەکداری دەکەین؟ با هێزەکانی پاراستنی گەل کوردستان بپارێزن. پێویسته به هەموو هێزمانەوە ڕووبەڕووی دەوڵەت و سوپاکەی ببینەوە و سنووره کانی کوردستان بپارێزین ، بەدڵنیاییەوە فەرماندەکانمان ژەنەڕاڵەکانیان تێکدەشکێنن."

نوێنەرێکی تر ڕایگەیاند: "ئەم حکومەتە زۆر پشت بە عوسمانی دەبەستێت. ئەگەر ڕاست بێت، له نێو عوسمانییەکاندا نکۆڵی له کوردان نەدەکرا ئەمان بۆچی نکۆڵی لێدەکەن؟ سوپای کوردان سەربەخۆ و جیاجیا لە شەڕەکاندا شانبەشانی عوسمانییەکان شەڕیان کرد، ئەگەر بگەینە ڕێککەوتن، ئێستاش دەتوانین پێکەوە سوپایەکی بەهێز پێک بهێنین."

هەروەها گەریلایەکی بە ئەزموون بێ متمانەیی خۆی بە حکومەتی تورکیا دەربڕی و گوتی: "ئێستاش هێرش و فڕینی فڕۆکە بەسەرماندا بەردەوامە. چۆن دەتوانین باسی ئاشتی بکەین؟ ئێمە دژی ئاشتی نین ، بەڵام حکومەتێکی داگیرکەر و مرۆڤ کوژ لایەنگری ئاشتی نییە ئێمە تەنها باوەڕمان بە رێبەر ئاپۆیە..."

گەریلایەکی گەنج ڕەخنەی لە ڕوانگەی نەرمی بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە گرت و گوتی: "دەوڵەتی تورکیا لە سەروبەندی داڕماندایە چونکە سیستەمی سەرمایەداری نایەوێت شۆڕشی کوردستان بەسەر سیستەمی ناتۆدا سەربکەوێت و شۆڕش لە ناوچەکە و جیهاندا بڵاوبێتەوە و لەسەر ئەو بنەمایە ئاک پارتی  لەسەر پێی هێشتووەتەوە. ئێستا دەرفەت و بژاردەکانمان گەورەتر و بەهێزترن. پێشتر بزووتنەوەکەمان گوتبووی ئەگەر پێویست بکات ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی ماوەی ٥ساڵ بەشداری سیاسەت نەبن. لەو کاتەدا کۆماری تورکیا نەگەیشتبوو بە چارەسەری. ئێستا ئێمە قبوڵی ناکەین ئەو هەڤاڵانە بۆ ماوەی ٥ مانگیش بەشداری سیاسەت نەکەن، ئەگەر بمانەوێت بگەینە ڕێککەوتن، بۆچی دەبێت ئەمە کێشە بێت؟"

لە بنەڕەتدا یەکێتی و یەکگرتوویی بەهێز سەبارەت بە هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ هەبوو، بەڵام مشتومڕی چڕوپڕ لەسەر زۆر بابەتی دیکە کرا. لە کۆتاییدا موراد قەرەیلانیش ناچار بوو پێداچوونەوە بە هەندێک لە هەڵسەنگاندنەکانی نوێنەراندا بکات و ڕێکی بخاتەوە.

 هەندێک له هەڤاڵان له تونێلەکانی شەڕەوە هاتبوون و به شداریان له کۆنگرەکەدا کردبوو، پەیامی بەرخۆدانوانانیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو و هەروەها بیروڕا و هەستی خۆیان پێشکەش کرد.