بە دیمەن

لە کەرکوک کۆڕی "کەرکوک لە نێوان هاوکێشەی بەغدا_هەولێر" بەڕێوەچوو

لە شاری کەرکوک لەژێر ناونیشانی "کەرکوک لە نێوان هاوکێشەی بەغدا_هەولێر" کۆڕێک بۆ نووسەر و رۆژنامەنووس کاوێز مەلا پەروێز سازکرا.

ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە، لە ساڵۆنی شەقامی جمهوری، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتی رۆشنبیر، نووسەر و ئەدیب، چالاکوانان و میدیاکاران، لەژێر ناونیشانی "کەرکوک لە نێوان هاوکێشەی بەغدا_هەولێر" کۆڕێک بۆ نووسەر و رۆژنامەنووسی دیاری شاری کەرکوک کاوێز مەلا پەروێز ڕێکخرا.

کاوێز مەلا پەروێز نووسەر و رۆژنامەنووس لە کۆڕەکەیدا، تیشکی خستەسەر ئەو بێ ئومێدییەی کە کوردانی باشوری کوردستان تووشی بوونە لە دەسەڵاتی کوردی بەهۆی شکستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەجۆرێک کە کوردانی باشوری گەیشتوونەتە باوەڕێک کە پەنا بۆ حکومەتی عێراق بەرن بۆ چارەسەری کێشەکانیان لەبری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش بۆ خۆی مەترسییەکی گەورەییە بۆ کورد و دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هەروەها نووسەر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد کە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ڕاستگۆ نەبوون لە دروشمەکانیان لەگەڵ خەڵکی کەرکوک وە زۆربەی ئەو دروشمانەی دەسەڵاتی کورد بەکاریان هێناوە دژ بە یەک بوونە، بۆیە خەڵکی بێ هیوابوون لە پشت بەست و هانابردن بۆ حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەریمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

لە درێژەی قسەکانیدا، نابراو ڕەخنەی لە مامەڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت لە خراپ مامەلەکردنی لەگەڵ ئیدارەی کەرکوک و گووتی، "جێگای داخە عەقڵیەتی حزبی بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە زاڵە کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق پەیوەندییەکانی باش دەکات بەڵام لەگەڵ ئیدارەی ئیستای کەرکوک کە پارێزگارەکەی کوردە هیچ پەیوەندی نابەستێت چونکە پارێزگارەکەی لە حزبێکی دیکە کوردییە، هەست ناکەم حکومەتی هەرێم پلانی بۆ کەرکوک هەبێت، وە پێویستە کورد دوور لە دەمارگیری نەتەوەیی لە چوارچێوەی پێکەوە ژیان لە کەرکوک خۆی بەڕێکخستن بکات، وە تێگەیشتی کورد تێگەیشتنێکی ژیرانە بێت نەک عاتیفی بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکان".

'خەڵکی باشور بێ ئومێد بوونە لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان'

سەبارەت بە کۆڕەکەی، کاوێز مەلا پەروێز نووسەر و رۆژنامەنووس، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و گوتی: "لە کۆڕەکەدا تیشکم خستەسەر سەر دیوێکی کێشەی کەرکوک کە نە میدیاکان و نە خەڵکیش قسەیان لەسەر نەکردووە، ئەویش ئەو بێ ئومێدییەیە لە دەسەڵاتی کوردی لە باشوری کوردستان کە وامان کرد دوای شکستە یەک لەدوای یەکەکان ئێستا تێگەیشتنێک دروستبووە خەڵکی باشور بۆ داوا و چارەسەری کێشەکانی ڕوو لە بەغدا دەکات لەبری حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێم بە جۆرێ لە جۆرەکان لە پەڕاوێزی ئەو پرسانەیە بۆ چارەسەری کێشەکانی بۆیە ئەم بێ هیواییە بۆ خەڵکی کەرکوک و هەرێمی کوردستان بێ ئومێدن لە دەسەڵاتی کوردی ئەمەش جێی مەترسییە، دەبێت سەرکردە سیاسییەکان خۆیان کۆبکەنەوە لەو ڕووەوە تێگەیشتنی خەڵک بگۆڕن".

'ململانییە حزبییەکان یەکڕیزی کوردی لە کەرکوک تێکداوە'

هەروەها نابراو باسی لە گواستنەوەی ململانێیەکانی نێو حزبەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ کەرکوک کرد کە بوونەتە هۆی پەرتەوازیی و تێکدانی یەکڕیزی کورد لە شارەکە، ڕایگەیاند: "بەداخەوە ئەو عەقڵانەی لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوو هەرێمی کوردستانیان بەڕێوەبردووە لە بەرامبەر شاری کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان کەم تەرخەم بوونە و بەشێکی زۆر لە کێشەکانی هەرێمیان هێناوەتە کەرکوک و یەگرتوویی کوردیان پەرتەوازە کردووە، کە پێویستبوو بە پێچەوانەوە بێت، لە یەکگرتووی کورد گرنگتر بوونی پرۆژەیەکی هاوبەشە لە شارەکە لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان، خەڵکی کەرکوک ماندووبووە بەدەست کێشەو قەیرانەکان و بێ بەش بووە لە خزمەتگوزارییەکان، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێش حکومەتی عێراق هاوکار بێت بۆ کەرکوک، بەڵام بەداخەوە عەقڵیەتی حزبی ڕەنگی داوەتەوە بەسەر سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجۆرێک کە پەیوەندی لەگەڵ پارێزگاکانی وەکو نەینەوا و سەڵاحەدین بەهێز دەکات بەڵام کەرکوک پەراوێز دەکات و ئامادەنیە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئیدارەی کەرکوک دروست بکات، پێویستە خەڵکی هەریمی کوردستان و شاری کەرکوک داوای ڕوونکردنەوە لە دەسەڵاتدارنی هەرێمی کوردستان بکەن".