لە مێژووی ئیسرائیلییەکاندا فاکتەرەکانی هێرش لە بنەڕەتدا خۆی دەسپێرێت بە سیخووڕی. هەرخۆی شەڕی پراکتیک بەشێکی سەرەکی ئەوەیە. وەک پسپۆڕانی ستراتیژیش وتویانە خۆی دەسپێرێتە هەواڵگری. ئەمە بۆ گەلی جولەکە بەردەوامییەکە لە ناو ئیدارە و سەربازیی ئیسرائیلدا. لە هەموو دەقە پیرۆز و ئیدارییەکانی ئیسرائیلییەکاندا ئەم ڕاستییە بەردەوام بەهەند وەردەگیرێت. هەر بۆیەش ئێستا لە هێرشەکەی بۆ سەر ئێراندا هەمووان سەریان سوڕمانەوە لەوەی کە چۆن ئیسرائیل هێندە پێگە سیخوڕییەکانی خۆی لە ئێراندا قایمکردووە. ئەم ڕاستیە خۆی لە خۆیدا چەند بابەتێکمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. یەکەم، شێوازی پەیوەندییەکانی ئێران و ئیسرائیل کە پاشخانێکی مێژوویی هەیە. دووەم، ئیسرائیل لەناو هەموو پەیوەندییە دۆستانەییەکانی خۆیدا ئەو ڕێوشوێنانە دەگرێتە بەر کە دەیپارێزێت لەوەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ببێتە دوژمنی دۆستەکەی. ئەمە تایبەتمەندییەکی مێژوویی شێوازی بیرکردنەوەی گەل و دەسەڵاتی جووەکانە. ئەم گەلە لە مێژووەوە تا ئێستا بەو ڕێوشوێنانە خۆی پاراستووە و ماوەتەوە. ئەمە لەدەرەوەی ئەو بابەتەیە کە کەسێک لایەنگری ئیسرائیل بێت یان دوژمنی بێت، ئەمە ڕاستییەکی نەگۆڕە.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر هێرشەکەی شەوی ١٣ی جۆزەردانی ٢٠٢٥ کە لەناکاو و هەمەلایەنە لەگەڵ ئامانجە جێگیرەکاندا ئەنجامدرا، لە هەمان کاتدا لەسەر ئامانجە گەڕۆکەکانی وەک ئەنجومەنی فەرماندەیی سوپای ئێران، ئەوەمان پێدەڵێت کە بیرکردنەوەکانی ناو قەڵاکە چۆن ڕوودەدات. ئەو ڕاستییەی شەوانی ڕابردوو سەریهەڵدا ئەمەیە. ئێران هێزی ئیسرائیلی لە ڕووی مێژوو و کولتوور و ئیدارەوە بە تەواوی بەرز نەزانیوە. ئەمە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت، کاتێک ئیسرائیل سەرۆکی حەماس لە ناوخۆی ئێراندا دەکوژێت، دەبوو ئێران لە قووڵایی بابەتەکە تێبگات. ئێران بە لەسێدارەدانی چەند هاووڵاتییەکی نەتەوەی کورد و گەلانی دیکە، نەیتوانی ڕێگر بێت لە ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل لە ناوخۆی ئێراندا.
ڕژێم لەنێو خۆیدا ڕزیوە
باشە ئەو بارودۆخە چۆن و بە چ هێرشێک گەیشتە ئەم ڕۆژە. ئەوەی پێویستە لێرەدا لێی تێبگەین، ئەوەیە کە ڕژێم لەنێو خۆیدا ڕزیوە. ئەو کەس و کۆمەڵانەی لەناو ڕژێمدا بەیەکەوە لە ناکۆکیدان، بۆ هێزێکی وەکو ئیسرائیل هاوکار دەبن کە دوژمنەکانی لەناو ببات. دوای کوشتنی ئیبراهیم ڕەئیسی کە لە ڕووداوێکی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەدا کوژرا. ئەم تەسفییەکردنە بەهێزە لەناو ڕژێمەکەدا بۆمان دەبێتە جێی پرسیار. ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت. هەرخۆی دوای هێرشەکەی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا عەلی خامنەیی دەڵێت "با ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکان وازلێبێنین و ببین بە یەک"، ئەم قسەیە ئەو ڕاستییەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە بەڕاستی ڕژێم لەنێوخۆی خۆیدا ڕێک نییە. لەهەمان کاتدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ڕژێم بە دژایەتیکردنی گەلانی ئێران لەناودەچێت. چیتر ئەو فێڵبازییەی ڕژێم لە هەزاران ساڵ بەڕێوەبردنی دەوڵەتیی لە ئێراندا فێری بووە کار ناکات. کەوا بکات لە هێرشێکی لەو شێوەیەدا گەلی ئێران بکەونە سەنگەری ڕژێمەوە. ئەم ڕاستییە وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە.
ڕژێمی ئێران ٤٤ ساڵە هێرش دەکاتە سەر گەلانی ئێران
ئێمە وەکو گەلی کورد و گەلانی ئێران پێویستە ئەم پێشهاتە چۆن و بە کام پێوەر بپێوین. ئێستا وەک دەبینین هێرشێکی دەرەکی لەسەر ئێرانە. لە ڕووکەشیشدا ئەگەر وا بێت، لە ڕاستیدا دوور نییە لە خەباتی ناو ئێران. بێگومان کارەکتەری دەوڵەتی ئێران ناتوانێت پۆتانسییەلی گەلانی ئێران بگرێتەخۆ. ئەمە لاوازیی هەرە جددی دەوڵەتی ئێرانە. ئەوەی کە وا دەکات دەوڵەتی ئیسرائیل لەناو ئێراندا بنکەی گەورەی درۆن دابنێت، لەناوخۆی وڵاتەکەوە لە ئێران بدات، یەک بە یەک بکەوێتە ناو فەرماندە باڵاکان و بیانکاتە ئامانج، ناکۆکی دەوڵەتی ئێران لەگەڵ گەلانی ئێراندایە. دەوڵەتی ئێران ٤٤ ساڵە بە شێوەیەکی سیستماتیک هێرش دەکاتە سەر گەلانی ئێران. هەر خۆی پێویستە بیرمان بێت کە کاتێک ڕژێمی شا ڕووخا؛ وا نەبوو کە گەلی ئێران ڕژێمێکی وا خراپ و توندڕەوییان بوێت، وەک جێگرەوەیەک ئەم هێزە بەسەر گەلانی ئێراندا سەپێنرا 'خۆی سەپاند'. هەربۆیە حسابێکی مێژوویی لەنێوان گەلی ئێران و ڕژێمی ئێراندا ماوە. ئەم ناکۆکییە لە کاتی خۆیدا کارەکتەرێکی جیاوازی هەبوو، ئێستا کارەکتەرێکی جیاوازتری هەیە. هەربۆیە چاوەڕوانکراوە کە لەناو ڕژێمدا، لەناو گەلان و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دەرەوەی ئێران و ناو ئێرانیشدا، لەو دۆخە سودمەند بن و خۆیانی بۆ ئامادە بکەن. ئەمە لە سروشتی سیاسەتدا هەیە و تێکۆشانی گەلانیش بۆ ئەوەی وڵات و گەلی ئێران لەم دۆخە زیاتر زەرەرمەند نەبن دێتە کایەوە. ئەمە لە فەرهەنگی دەوڵەت و ڕژێمی ئێراندا نییە کە لەناوخۆدا ئاشتی بەدیبێنێت. بەپێچەوانەوە دەتوانێت ناکۆکییەکان قووڵتر بکاتەوە. ئەمەش وادەکات کە ناکۆکییەکان لە ئاستی ئاشتیدا، نەک لە ئاستی توندیی شەڕدا چارەسەر بکرێن. هەربۆیەش پێویستە هەمووان بەگوێرەی ئەو دۆخە لە هەوڵدابن. تاکە چارەسەر بۆ گەل و بزاوتەکانی ئێران چەسپانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکە. گەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان نەتوانن وەک جێگرەوە دەربکەون لەو دۆخەدا، ببن بە لایەنگری هێرشەکانی ئیسرائیل یان بە بیانووی هێرشی دەرەکی ببنە لایەنگری ڕژێم، جارێکی تر ناحەقییەکی گەورە بەرامبەر گەلانی ئێران ئەنجام دەدەن و دەچنە زبڵدانی مێژووەوە.
بەو پێیەی تا ئێستا ڕژێمی ئێران ڕێی بە مانەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لەناو ئێراندا نەداوە، هەموو سەرکردەکانیانی یان کوشت یانیش ناچار بە جێهێشتنی ئێرانی کردن. ئێستا لەبەرامبەر ئەو دۆخەدا دوو ڕێگا هەیە. یان پێویستە ئەو هێزانە بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕێزی ئەو تێکۆشانە بگرن کە لەناو وڵاتدا بەڕێوە دەچێت، یانیش دەبێت بکەونە جووڵەوە، ئەمە بە دوو ڕێگا دەبێت، یەکەم؛ دەبێت لەناو ڕژێم بناغەی پەرتەوازەکردنی هێز دابنێن، یانیش هێزی خۆیان لە دژی ڕژێم بەکاربهێنن. لەبەرئەوەی پێویستە ئەم دۆخە لەناو ئێراندا لەلایەن ئێرانییەکانەوە چارەسەر بکرێت. گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران لە سەروبەندی بەجێهێنانی پڕۆسەی چارەسەریی نەتەوەی دیموکراتیکدان. ئەمە دەکرا بە توندوتیژی نەبێت، بەڵام سروشتی ڕژێمەکە توندوتیژی دەکات بە تاکە ڕێگا، بەڵام پێویستە لەناو گەلانیشدا دیالۆگ بەردەوام بێت و ئامانج بونیاتنانی کۆمەڵگا و نەتەوەیەکی دیموکراتیک بێت. هەم بۆ دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم، هەمیش دژی پاشڤەڕۆیەتی، شۆڕشگێڕ بە ئەڵتەرناتیڤەوە دەردەکەوێت. لە ئێران کاتی چارەسەری نەتەوەیی دیموکراتیکە.