لە قۆسەر کۆبوونەوەی گەل: ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانمان دەوێت

لە قۆسەر بۆ تیشک خستنەسەر گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کۆبوونەوەی گەل بەڕێوەچوو، لەوێدا پەیامی "ئیدی ئازادی بەڕێز ئۆجالانمان دەوێت" دووپاتکرایەوە.

پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ) و چەندین بزووتنەوە و لایەن و کەسێتی و هاوڵاتی بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.

لە هۆڵەکەدا، پانکارتی "بە ڕێبەرێتی ئازاد، بەرەو ڕزگاریی دیموکراتیک" و "بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو ئازادی" هەڵواسران. پاش ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئازادی چەند وتەیەک پێشکەش کرا.

هاوسەرۆکی دەبەپە، ساڵیحە ئایدەنیز، ئاماژەی کرد بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "ئێمە ئیتر ئازادی بەڕێز ئۆجالانمان دەوێت. لە 18 ی تشرینی دووەم بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجالان بەرەو گەملیک ڕێپێوان دەکەین".

پاشان هاوڵاتیان سەرنج و ڕەخنە و پێشنیارەکانیان خستەڕوو. دووپاتیان کردەوە، پێویستە چالاکییەکان فراوانتر و درێژخایەنتر بن. هاوڵاتییەک گوتی: "ئەمڕۆ گۆشەگیری لەسەر هەموومانە. ژیان و خاکەکەمان و کوردستانەکەمان لەژێر گۆشەگیریدایە. بۆ هەڵگرتنی ئەم گۆشەگیرییە، بێجگە لە ئازادی بەڕێز ئۆجالان چارەی ترمان نییە. پێویستە لەسەر ئەم بناغەیە پلانسازی بکەین".

هاوڵاتییەکی تر گوتی: "ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕۆژی ئێمەیە. گەلی کوردیش مێروولەیە. پێویستە وەک مێروولە کاربکەین. پێویستە وەک مێروولە خۆڕاگر و پێداگر بین".