لە شاری ڕانیە گۆشەگیری شەرمەزارکرا
لە شاری ڕانیەی باشوری کوردستان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیری و نامەی هەڕەشەئامێز لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
لە شاری ڕانیەی باشوری کوردستان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیری و نامەی هەڕەشەئامێز لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.
بە دەسپێشخەریی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و کۆمیتەی "ئازادی بۆ ئۆجالان"، لە پارکی دەروازەی شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین لە باشوری کوردستان، بە بەشداری ژمارەیەک هاوڵاتی و چالاکوانی شارۆچکەکە، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دژی گۆشەگیری و نامەی هەڕەشەئامێزی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا.
گردبوونەوەکە بە درووشمی " ئیدی بەسە سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی دەستبەجێ ئازادی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان" دەستیپێکرد، پاشان سەید خالد هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی هەرێمی ڕاپەڕین گوتی: "لە کەسایەتی عەبدوڵا ئۆجالاندا درێژە بە ئەشکەنجەی مرۆڤایەتی و گەلی کورد دەدرێت، کە ئەمەش جێگای قبوڵ نیە و پێویستە ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی بێنە دەنگ لە دژی ئەم تاوانە دژە مرۆڤایەتیە"
هەروەها گوتی: " فاشیزمی تورکیا و ھاوکارەکانی دەیانەوێت لە کەسایەتی ڕێبەر ئۆجالاندا، گەلی کورد لەناوبەرن و کۆمەڵکوژی سەر کوردان درێژە پێبدەن و ئیرادەی بەرخۆدانی کوردی ئازاد تێک بشکێنن، ئەم ئەشکەنجە و گۆشگیریە قورسەی لە سەر ڕێبەر ئۆجالان بەڕێوەدەچێت، پێمان دەڵێت هێشتا پیلانگێڕی شومی نێودەڵەتی بەردەوامە".
لای خۆیەوە، نوێنەری پەیەدە لە دەڤەری ڕاپەڕین، بەکر کۆبانێ بە زمانی عەرەبی ڕاگەیاندراوی پەیەدەی خوێندەوە و گوتی: " پێوستە هەموو کەسێکی ئازادیخواز خاوەندارێتی لە ڕێبەر ئۆجالان بکات، ئێمە تا کۆتایی لە سەر ڕێبازی ڕێبەر ئۆجالان بەردەوام دەبین".