لە سلێمانی بۆ پشتگیرکردن لە راپەرینی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چالاکی ئەنجامدرا

دەیان چالاکوان و ڕۆشنبیر لەشاری سلێمانی بۆ پشتیوانیکردن لە سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی سەرکوتکردنی ژنان بە دروشمی “ڕۆژهەڵات تەنیا نییە باشوور پشتیوانییە” گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

ئێوارەی ئەمڕۆ بە دەستپێشخەری ژنانی باشووری کوردستان، ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکوانان و ڕۆشنبیران، لە پارکی ئازادی لەشاری سلێمانی، بۆ پشتیوانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گردبونەوەیەکیان ئەنجامدا.

لە گردبوونەوەکەدا، وێنەی ژینا ئەمینی  بەرزکرابوونەوە و دروشمی “ژن ژیان ئازادی” بەیەک دەنگ دەوترایەوە، لەگەڵ دروشمی “ڕۆژهەڵات تەنیا نییە باشوور پشتیوانییە”.

سارا ئەحمەد لەسەرناوی ژنانی تەڤگەری ئازادی بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، شەهید ژینا ئەمینی سیمبۆلی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێرانە، خوێنی ئەو بوو بە هەوێنی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی ئازادیخوازان بەرامبەر ستەمی دەوڵەتی ئێران، ئێمە لێرەوە پشتگیری خۆمان بۆ سەرهەڵدان و بەرخۆدانی یەکهەڵوێستی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات دەکەینەوە بە دروشمی ژن ژیان ئازادی.

دواتر چیمەن محەمەد، لەسەر ناوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیاننامەیەکی خوێندەوە وتی، ژنان بەهۆی سەرکوتکاری و چەوساندنەوەیان لەلایەن ڕژێمەوە نەیانتوانیوە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، بەڵام هەمیشە خاوەنی هەڵوێستبوون، دەسەڵاتی تاریکبینی ئێران، بۆ سەرکوتکردنی ژنان هەموو ڕێگایەکیان گرتووەتە بەر چونکە لە تێکۆشانی ژنان دەترسن، بەڵام ژنانی کورد قەت کۆڵنادەن.

ف.ق