لە سلێمانی کۆڕێک لە بارەی پیسبوونی ژینگە سازکرا

ئەمڕۆ لە ڕێکخراوی ئازادبوون، لە چوارچێوەی پرۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی ڕەوشی ژینگە، کۆڕێک بە ناونیشانی "پیسبوونی بە دەنگ لە شاری سلێمانی و ڕێگەچارەی گونجاو" سازدرا.

ئەمڕۆ لە ڕێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی، لە بارەی پیسبوون بە دەنگ و کاریگەرییەکانی لەسەر ژینگە، کۆڕێک لە لایەن مامۆستا ڕۆژان فەرەیدون ڕێکخرا. دەستپێکی کۆڕەکە باس لە هۆکار و سەرچاوەکانی پیسبوونی دەنگ کرا بە ئامار و داتا خستنیە ڕوو، کە هۆکارەکانی بریتییبوون لە زۆربوونی ڕێژەی ئۆتۆمبیل بەراورد بە ژینگەی شار، وە بوونی باڵەخانەکان کە هۆکارن بۆ زیاتربوونی دەنگە دەنگ چونکە باڵەخانەکان توانای گلدانەوە و هەڵمژینی دەنگییان نیە، پاشان باس لە کاریگەرییەکانی دەنگ کرد لەسەر دەروونی هاوڵاتیان بە گشتی و منداڵان بە تایبەتی.

 لە درێژەی کۆڕەکەدا ڕۆژان ئاماژەی بە ڕێگەچارەی پیسبوونی دەنگ کرد و گوتی : "بوونی پشتێنەیی سەوزایی هۆکارێکی گونجاوە بۆ کەمکردنەوە و هەڵمژینی دەنگە دەنگ، بەڵام بەپێی ئەو توێژینەوانەی لە سەر شاری سلێمانی کردوومە، ڕێژەی سەوزایی و پشتێنەی سەوزایی زۆر کەمە، تەنانەت  لە فراوانبوونی شاردا ڕەچاویی ڕێژەی سەوزایی نەکراوە" .

پاشان کۆڕەکە بە پرسیارکردنی بەشدار بووان و وەڵامدانەوەیان بە کۆتایی هات.