لە سنوورەکانی باشوری کوردستان جووڵەی سەربازی دەستیپێکردووە

دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ژمارەیەکی زۆر سەرباز و کەرەستەی سەربازی لە شارۆچکەی چەلێی نزیکی سنوورەکانی باشوری کوردستان جێگیر کردووە.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هەماهەنگی لەگەڵ پەدەکە، لە ١٧ نیسانی ٢٠٢٢ تا ئێستا، هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانی ئاڤاشین و زاپ و مەتینا لە هەرێمی کوردستان، هەروەها جووڵەی سەربازی لەسەر سنوورەکان زیادی کردووە.

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، چەندین جووڵەی سەربازی لە شارۆچکەی چەلێ لە جولەمێرگی سەر سنوورەکان دەبینرێت.

لە هەمان کاتدا،ڕۆژانە سەرباز و کەرەستەی سەربازی ڕەوانە دەکرێت بۆ هەرێمەکانی گەڤەر و شەمزینان و ڕوبارۆک. بەم دواییانە، ژمارەیەک سەرباز لە وانەوە گوازرانەوە بۆ سنووری چەلێ.

وەک زانراوە، سەربازەکان لە بنکە سەربازییەکانی نێو گوندەکانی سەرە سێڤی و ئەرتوش و بیلجان جێگیربوون.

بەهەمانشێوە چەندین کەرەستەی سەربازییان بە بارهەڵگر گواستۆتەوە بۆ ئەو هەرێمە.

لەلایەکی ترەوە، نوسراوی ئەنجامدانی "ئۆپەراسیۆن" گەیشتۆتە دەستی جەردەوانەکان. دەگوترێت داگیرکەری تورک ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشی نوێ.