لە سەرەتای پاییزەوە زیاتر لە ١٥٠ کۆڵبەر بوونە قوربانی

تەقەکردن و کردنەئامانجی کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و بە گوێرەی نوێترین ئامار، لە سەرەتای پاییزەوە زیاتر لە ١٥٠ کۆڵبەر بوونە قوربانی کە ١٩یان منداڵن.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆڵبەڕ نیوز لە سەرەتای پاییزی ئەمساڵەوە بە گشتیی ٩ کۆڵبەر کوژراون و ١٤٥ کۆڵبەریش لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان برینداربوون. ئەوەشخراوەتەڕوو، لە سەدا ٩٢ی ئەو کەسانە بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کراونەتە ئامانج.

ئاماژە بەوەشکراوە، کە لەو ژمارەیە ١٩ کۆڵبەر کە کوژراون یان برینداربوون، منداڵ بوون و دوایین نمونەش پەرهام محەمەدی کۆڵبەری تەمەن ١٧ ساڵەی خەڵکی شاری دێوڵانە کە لە دەروازەی سنووری هەنگەژاڵی بانە لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بە سەختی برینداربووە.

ماوەی چەند مانگێکە هێزەکانی ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر کۆڵبەران کردووەتەوە ئامانج زۆرینەی ئەو کۆڵبەرانەی لە دوو مانگی رابردوودا کراونەتە ئامانج لە سنووری هەنگەژاڵی بانە و سنووری نەوسود لە پارێزگای کرماشان بوون.

هـ . ب