لە وان و جۆلەمێرگ کۆتایی بە باری نائاسایی ناھێندرێت

ماوەی ٧ ساڵە لە وان و جۆلەمێرگ باری نائاسایی ڕاگەیەندراوە و بەردەوامە. پێشتر لە وان باری نا ئاسایی ١٥ ڕۆژ جارێک ڕادەگەیەندرا، بەلام ئێستا هەفتەی جارێک درێژ دەکرێتەوە. لە جۆلەمێرگ باری نائاسایی بێ وەستان بەردەوامە.

باری نائاسایی (ئۆهال) لە دوای ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ لە جۆلەمێرگ و وان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرەرای ئەوەی کە بە فەرمی کۆتایی هاتووە بەلام بە پراکتیکی باری نائاسایی بەردەوامە. ماوەی ٧ ساڵە، لەو دوو شارە جگە لە کاری دامودەزگاکانی حکومەت و دەوڵەت هەموو کارەکانی تر قەدەغەیە.

جۆلەمێرگ یەکێکە لە شارەکانی باکووری کوردستان کە سیاسەتی شەڕی دەوڵەتی تورکی تێدا جێبەجێ دەکرێت، ئازادی و مافی مرۆڤ دەستبەسەر کراوە. لە شاری جۆلەمێرگ کە ئۆهال بەڕێوەی دەبات، لە هەموو شەقامێکدا باندێکی چاودێری دانراوە، لە لوتکەی هەموو گردێکدا بنکە و بارەگای سەربازی دروستکراوە. ناوەندی شاری جۆلەمێرگیش بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش دەورە دراوە. دوای ئەوەی کە شارەوانی جۆلەمێرگ لەلایەن قەیومەوە دەستی بەسەردا گیرا، کراوە بە بنکەیەکی سەربازی و لە خەڵک قەدەغە کراوە. ناوەندی شار بووە بە زیندانێکی سەرکراوە. باری نائاسایی تەنها لە ناوەندی شاری جۆلەمێرگ و دەورووبەری نییە، بەڵکو کێڵگە و ناوچە کشتوکاڵییەکانیش کە سەرچاوەی بژێوی ژیانی دانیشتوانی ناوچەکەن بۆ ئەوانیش باری نائاسایی ڕاگەیەندراوە، لە ژێرناوی 'ناوچەی ئەمنی تایبەت' قەدەغە کراوە. بەم شێوەیە هەوڵدرا کۆتایی بە کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ بهێندرێت. دەروازە سنوورییەکانی گەڤەر، شەمزینان و چەلێ داخراون و قەدەغەکراون. دەسەلاتدارانی ئاکەپە-مەهەپە بە مەبەستی بڕینی سەرچاوەی بژێوی خەڵکی جۆلەمێرگ  کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و بازرگانی گەیاندووەتە ئاسێک کە دەتوانین بلێن کۆتاییە، تەنها لەبەر ئەوەی گەلی جۆلە مێرگ سەر لە بەرامبەر دەولەت شۆرناکەن و ناچەمێنەوە.

وان ئامانجی دەسەلاتدارانە

وانیش وەک جۆڵمێرگ بووە بە یەکێک لەو شارانەی کە هەمیشە ئامانجی دەسەلاتی ئاکەپە-مەهەپە یە. دەسەلاتی ئاکەپە-مەهەپە هەرچەندە لە هەڵبژاردنە ناوخۆیی و گشتییەکاندا هەموو هێزی خۆی بەکارهێنا، نەیتوانی ئەو ئەنجامە بەدەست بهێنێت کە مەبەستی بوو. سەرەڕای گوشار و هەڕەشەکان، گەلەکەمان لە وان پشتیان لە ئیرادەی خۆیان نەکرد و ملکەچی دەسەلات نەبوون. بەمەبەستی تۆڵەکردنەوە لە خەڵکی وان، دەولەتی تورک ٧ ساڵە باری نا ئاسای لەو شارەدا ڕاگەیاندووە و شارەکەی خستۆتە دەستی ئۆهال و قەیوم،  ئەوان شارەکە بەڕێوەدەبەن. ئاکەپە کە دەستی بەسەر شارەوانییەکاندا گرت، هەموو ئەو خانووانەی فرۆشت کە موڵکی شارەوانی بوون. بە هەزاران کرێکاری کورد لە شارەوانی کاریان دەکرد، لە کارەکەیان دەرکراون: خەڵکی شارەکانی ترابزۆن، ئۆردو، قەیسەری و یۆزگاتیان هێنا و لە شارەوانی دامەزرێندران.