له‌ هێرشه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر باشوری كوردستان ٢ كه‌س ژیانیان له‌ده‌ستدا

راگه‌یه‌نرا كه‌ له‌ ئه‌نجامی هێرشی فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی رژێمی ئێران بۆ سه‌ر باره‌گای هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ باشوری كوردستان لانیكه‌م ٢ كه‌س ژیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ و ٧ كه‌سیش برینداربوون.

له‌ هێرشه‌كاندا ناوچه‌كانی سه‌ر به‌ سلێمانی و هه‌ولێر كرانه‌ ئامانج. له‌ رۆژانی رابردوودا چه‌ندین ناوچه‌ بێ پسانه‌وه‌ بۆردومان كرابوون.

به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رگریی شارستانی كۆیه‌ گۆران ئه‌حمه‌د سماقه‌ قسه‌ی بۆ رۆژنیوز كرد و ئاماره‌كه‌ی پشتڕاست كرده‌وه‌ و وتی، "تائێستا دوو شه‌هید و ٧ بریندار له‌ باره‌گای دیموكراته‌وه‌ گه‌یه‌نراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی كۆیه‌. هه‌ندێك له‌ برینداره‌كانیش هێشتا له‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵ ده‌درێت رزگار بكرێن.

سه‌رچاوه‌كانی حزبی دیموكراتی كوردستان ئێران (حدكا) باس له‌وه‌ده‌كه‌ن له‌ هێرشه‌كه‌دا خوێندنگه‌ و منداڵ كراونه‌ته‌ ئامانج و له‌ هه‌ژماره‌كانی خۆیان له‌ تویته‌ر بڵاویان كرده‌وه‌، "هێزه‌ تیرۆریستییه‌كانی رژێمی ئیسلامی له‌ ئێران بۆ به‌لاڕێدابردنی سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كانی كوردستان و ئێران هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر باره‌گای پارته‌كان و كه‌مپی په‌نابه‌رانی كۆیه‌. ئێمه‌ داوا له‌ كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ین كه‌ له‌ دژی ئه‌وه‌ بێده‌نگ نه‌بن".

فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی رژێمی ئێران باره‌گاكانی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێرانیشی به‌ قورسی بۆردومان كرد.

كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ رایگه‌یاند، كه‌ له‌ هێرشه‌كه‌دا باره‌گاكانی كۆمه‌ڵه‌ به‌ فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی هێرشبه‌ر كراونه‌ته‌ ئامانج. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، كه‌ له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كه‌دا هیچ زیانێكی گیانیان به‌رنه‌كه‌وتووه‌.

تائێستا به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ باره‌ی ئه‌و هێرشانه‌وه‌ بێده‌نگن.

هـ . ب