لەیلا گوڤەن بانگەوازی راگەیاند: لەپێناو ئازادیدا دەنگ هەڵبرن

هاوسەرۆکی کەجەدە لەیلا گوڤەن پەیامێکی ئاراستەی کۆنفڕانسی ئاشتی لە ئامەد کرد و رایگەیاند، "بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی چارەسەری و دیالۆگ لەگەڵ بەردەنگە راستەقینەکانی، دەبێت لایەنگرانی ئاشتی دەنگ هەڵبرن".

کۆنفڕانسی "چارەسەری پرسی کورد و ئاشتی" کە لەلایەن کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ئامەد بەڕێوەدەچێت، لە دووەم رۆژدایە. هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) لەیلا گوڤەن کە لە زیندانی ژنانی سینجانە، نامەیەکی ئاراستەی کۆنفڕانسەکە کرد. لە نامەکەیدا گوڤەن تیسکی خستەسەر گرنگی تێکۆشانی ئاشتی.

نامەکەی گوڤەن لەلایەن ئەرین کەسکین سەرۆکی گشتی ئەهەدەوە خوێندرایەوە. لە نامەکەدا لەیلا گوڤەن رایگەیاند، کە کۆنفڕانسەکە هیوای ئەوانی گەشاندووەتەوە. گوڤەن باسی لەوەکرد، کە دەبێت داواکاری  ئاشتی بە پێداگرییەکی بەردەوامەوە بوونی هەبێت و هێمای بۆ ئەوەکرد کە ئامانجی تێکۆشانی ئەوانیش بونیادنانی سیستمێکی دیموکراتیکی ئاشتیانەیە. گوڤەن لە درێژەدا سەرنجی راکێشا بۆ سەر وتەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە وتبووی، "رۆمانی کوردەکان بەرلەوەی بنوسرێتەوە، لە ژیاندا بوونی هەیە" و ئەوەی خستەڕوو، "بەڵێ گەلی کورد بە هەموو جیهانی نیشاندا کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بێ دەوڵەتیش گەل دەتوانن بژین. سەربەرزم بەوەی تاکێکی ئەم گەلەم".

لە درێژەی نامەکەی گوڤەندا ئەوە خراوەتەڕوو، کە هێزە هەژمونگەرا و ئیمپریالیستیەکان نایانەوێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت و ئەوەندەی لەدەستیان دێ پەرە بە فاشیزم دەدەن. گوڤەن ئەوەی خستەڕوو کە جیهانێک کە مرۆڤەکان بتوانن بە خوشک و برایانە بژین، دەتوانرێت بێتەدی و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "لەماوەیەکی کەمدا ئەنجامەکانی هەوڵەکانتان بۆ ئاشتی دەردەکەوێت، لە کۆتاییدا ژیان لە یاساکان بەهێزترە. ئەگەر ژیان هەبێت، هیواش هەیە. دۆستانی بەنرخ؛ گەلی کورد سەرباری ئەو هەموو ئازار و مەینەتیانەش دەڵێت ئاشتی. بەڵام بۆ ئەوەی پرۆسەیەکی چارەسەری لە رێگەی دیالۆگ لەگەڵ بەردەنگە راستەقینەکانیەوە دەستپێبکات، دەبێت ئەوانەی ئاشتی و خوشک و برایەتی گەلانیان دەوێت زیاتر دەنگ هەڵبڕن".

هـ . ب