مەخەدەشە: لە ژێر ناوی دەرکردنی یاسا فەرمانی نوێ لە دژی ئێزدیەکان دەردەکەن

ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی شەنگال بانگەوازییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: شەنگال لەژێر مەترسیی فەرمانێکی نوێ-دایە، پێویستە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ پاراستنی کۆمەڵگای ئێزدی ئامادەبن.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەریی دیموکراتی شەنگال- مەخەدەشە، لەسەر مەترسییەکانی سەر شەنگال، بانگەوازییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە.

لە بانگەوازییەکەدا هاتووە: لە دوای ڕێککەوتنەکەی ٩ی مانگی ١٠ـدا، کە لەنێوان پەدەکە و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، تا ئەمڕۆ خەڵکمان لەسەر پێیە و لەناو تێکۆشان دایە، بە هەموو شێوەیەک بەرخۆدان دەکات و چالاکیی دیموکراتیانە بەڕێوەدەبات، لەلایەکی دیکەشەوە بەڕێوبەرایەتیمان لە ڕۆژی دەستپێکەوە لەگەڵ حکومەت، کەسایەتی، هێزی سەربازیی و پارتە عێراقییەکان، ڕیزە کۆبوونەوەی بەڕێوەبرد، تا ئەمڕۆش ویستوومانە کە کێشەکە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، بەڵام بەداخەوە ئەوەی دەبینرێت، ئەمەیە کە دەیانەوێت ئەو ڕێککەوتنە لەسەر شەنگال جێبەجێ بکەن.

لە بەردەوامییدا هاتووە: ئامادەکاری دەکرێت بۆ هێنانی ١٠ هەزار هێزی چەکدار بۆ شەنگال، دەپرسین ئەم هێزە بۆ چییە؟ کاتێک داعش هێرشی کردەسەر شەنگال ئەم هێزە لە کوێ بوون؟ کاتێک ئێمە بەرامبەر چەتەکان بەرخۆدانمان کرد ئەمانە لە کوێ بوون؟ ئێستا شەنگال پێویستی بە هێزی چەکدار لە دەرەوە نییە، چونکە هێزێک کە لە کوڕان و کچانی ئێزدی پێکدێت دەتوانێت شەنگال بپارێزێت، لە بەرامبەر هەموو هێرشە دەرەکیی و ناوخۆییەکان لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا گەل و دەستکەوتەکانی گەلمان پاراستووە، داوا لە ڕای گشتی دەکەین و دەڵێین ئێمە نامانەوێت شەڕ دروست بێت، بەڵام لە بەرامبەر هەر هێرشێکدا بۆسەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان، مافی خۆپاراستنی ڕەوا بەکار دێنین.

ئێمە ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە بەمشێوەیە شرۆڤە دەکەین:

١- دەیانەوێت ئیرادەی خەڵکی ئێزدی لەناوبەرن، هەروەها هێزەکانی پاراستنیان بێ کاریگەر بکەن.

٢- دەیانەوێت ئەو ئێزدیانەی شەڕی داعشیان کردووە بخەنە ناو زیندانەکان.

٣- دەیانەوێت هەڵبکوتنەسەر ماڵان و ئەو چەکانەی پاراستنی خەڵکی پێکراوە لە بەرامبەر داعشدا، کاتێک هیچ هێزێکی حکومەت لێرە نەبوو، لەدەستی خەڵک بسێننەوە.

٤- دەیانەوێت لەسەر ڕێگای هەموو گوند، کۆمەڵگە و شارەکاندا و ڕێگا سەرەکییەکان، خاڵی کۆنترۆڵ دابنێن و ئاستەنگی بۆ خەڵک دروست بکەن.

٥- لەئێستاوە هەموو سنوورەکانی شەنگالیان گەمارۆ داوە، دەیانەوێت لە چیای شەنگال و شوێنە پیرۆزەکانی ئێزدیان وەک؛ چلمێران، شێبلقاسم، کچک لالیل وهتد، هەزار ئەندامی هێزە تایبەتەکانیان کە ناناسرێن جێگیر بکەن.

٦- ئامانجی ئەو خاڵانە ئەمەیە کە ئەو عەرەبانەی پشتگیریی داعشیان کرد و بوونە هۆی ڕفاندن و کۆمەڵکوژیی گەلەکەمان، لەژێر ناوی گەڕانەوەی کۆچبەران بگەڕێننەوە بۆ شەنگال.

لە بەردەوامییدا هاتووە: جێبەجێی کردنی ئەم خاڵانە وەک فەرمانی ٧٥ـمی سەر کۆمەڵگای ئێزدی دەبینین، ئێستا شەنگال و خەڵکی ئێزدی، بەناوی یاساوە ڕووبەڕووی فەرمانێکی دیکە دەبنەوە، ئەوەی چەتەکانی داعش نەیانتوانی جێبەجێی بکەن، ئەمڕۆ عێراق لەژێر ناوی سەپاندنی دەستوور دەیەوێت لەسەر ئیزدییەکان جێبەجێی بکات.

لە کۆتاییشدا هاتووە: بۆ ئەوەی ڕێگە لەم فەرمانە بگیردرێت، داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی چوارپارچەی کوردستان و گەلەکەمان دەکەین، بۆ پاراستنی شەنگال و کۆمەڵگای ئێزدی ئامادەبن.

ز.ش