مەراسیمی یادكردنەوەی شوێنكەوتووانی ئاینی یاری بەرێوە چوو

وتەبێژی ئەنجوومەنی ووتووێژی چالاكانی مەدەنی یارسان بەئامادەبوونیان لەسەر گڵكۆی نیكمۆراد تاهێری بەیاننامەیەكیان بۆ رای گشتی خۆێندەوە.

بەبۆنەی نۆهەمین ساڵرۆژی خۆسوتاندنی ناڕەزایەتی سێ كەس لەشوێنكەوتووانی ئایینی یاری، دوێنێ مەراسمێك لەسەر گڵكۆی یەكێك لەگیانبەختكردوان لەشاری سەحەنەی سەر بەكرماشان بەرێوە چوو. وتەبێژی ئەنجوومەنی ووتووێژی چالاكانی مەدەنی یارسان لەم مەراسیمەدا داواكاریەكانی خۆیانیان راگەیاند.

یاد و بیرەوەری سێ كەس لەشوێنكەوتووانی یاری كە ٩ ساڵ پێش بەچالاكی خۆسوتاندن ناڕەزایەتیان دەربڕی، لەسەر گڵكۆی یەكێك لەو سێ كەسە بەناوی نیك مۆراد تاهێری لەشاری سەحەنەی مەراسێمێكی رێزلێنان بەرێوە چوو.

سیاوەش حیاتی وتەبێژی ئەنجوومەنی ووتووێژی چالاكانی مەدەنی یارسان ئاخاوت و ووتی؛ ئەو بەڵێنانەی بەیارسانیەكانیان دابوو بەداخەوە هیچیان پێكنەهاتوون.

لەم مەراسیمەدا هاوكات راگەیەندراوی ئەنجوومەن لەلایەن فەرزاد ئەڵماسییەوە خوێندرایەوە.

ئەو ئاماژەی بەتێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر رووداوی گیانبەختكردنی یارسانیەكان كە جەستەیان لەبەرامبەر بەناڕەزایەتی بەبچووكخستنەوە و بن پێ كردنی مافی یارسانیەكان دابەرئاگر كرد و وتی؛ ئەو جووڵەیەی لە سەرەتای ٢٢ی ئاداری ٢٠١٣ روویدا بووە سیمبۆڵێك بۆ مافخوازی كۆمەڵگەی هاوسنوری هزری و جۆگرافی یارسانەكان.

ئەو ووتیشی؛ ئایینی یاری هەرچەندە بەدرێژایی مێژووەكەی بەئاشتیخوازی و ئاشتی و پێكەوەژیان بەناو بانگە، بەڵام لەم كەلتور و چاندەدا، قەبوڵكردنی بێ مافی و تەسلیم بوون لەبەرامبەر بە زۆڵم و ستەم هیچ شوێنێكی نییە، تەنانەت ئەگەر لەو رێگەیەدا گیانیشمان بەخت بكەین.

ئەنجوومەنی ووتووێژی چالاكانی مەدەنی یارسان لەگەڵ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی ئێران بەهۆی هەلۆمەرجی سەختی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابوری هاودەردی خۆی نیشانداوە و سەرەڕای داواكاری مافی مرۆڤیی و كۆمەڵایەتی یارسانیەكان و گەلانی تری ئێران داوای لەرایەدارانی ئێرانی كردوە كە بۆ بەدەستهێنانی مافی كۆمەڵگە، هەنگاوی كردەیی و بەرچاو بگرنە بەر و لەشوێنی ئەوەی بەچاوی ئاسایشی و ئەمنی و سەركۆتەوە چاویان لێ بكەن، بیر لەچارەسەری ریشەیی داواكاری و كێشەكانی خەڵك بكەنەوە.

ژ.ت