میچتێڵد ئیکسۆ: دەبێت بە خێرایی هێرشە داگیرکەرییەکان رابوەستێنرێن

دکتۆر میچتێڵد ئیکسۆ (Dr. Mechthild Exo) یەکێک لە ئەندامانی شاندی ئاشتیی نێونەتەوەیی وتی، "ئێمە لێرە رێگریی زۆرمان بەرامبەر کرا. زۆرێک لە ئەندامانی شاندی ئاشتی گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتەکانیان و بەشێکیان نەیانتوانی بێن بۆ کوردستان".

دکتۆر میچتێڵد ئیکسۆ (Dr. Mechthild Exo) ئەندامی شاندی ئاشتیی نێونەتەوەیی وتی، "ئێمە هاتین بۆ ئێرە، چونکە شەڕ قورس بووە و داگیرکەریی تورکیا تەشەنەى سەندووە. ئێمە دەتوانین بڵێین، کە ئەو هێرشە داگیرکەرییە شەڕە لە دژی بیر و رامانی دیموکراسی، ئازادی، مافەکانی ژنان و ژینگە. هێرشەکانی ئەوێ هێرشە بۆ سەر کوردستان، گەل و سروشتی کوردستان و لەوەش زیاتر هێرشی داگیرکەرییە".

دکتۆر میچتێڵد ئیکسۆ لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، "نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو راوەستاندنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ ئێمە زۆر گرنگە، کە بتوانین لە ناوچەکەدا لەگەڵ بزووتنەوەى ئازادیی ژنان و دیموکراتیکدا ژیانێکی شکۆمەندانە و هاوبەش و ئازاد دروست بکەین. لەبەر ئەوەش ئێمە بە پێداگرییەوە لەگەڵ گەلی کوردداین.

لە دژی پاکتاوکردنی ژنان ئێمە لە ئەوروپا، لە وڵاتە جۆراجۆرەکاندا تێدەکۆشین. ئەوەى لێرە بەسەر ژناندا دێت زۆر خراپترە. کوشتنی ژنان و سیاسەتی گوشار لەسەر کوردان و داگیرکەری دۆخی ژنانی قورستر کردووە. ئەو دۆخەى ئێستا زۆر مەترسیدارە و هەڕەشەیە بۆ سەر ژنان و کۆمەڵگە. ژنان لەوە تێدەگەن، سەرباری ئەوەى ئازار و ناڕەحەتیی زۆر دەکێشن، بەڵام لە بەرخوداندا پێداگرن. منداڵەکانیان لە دەستداوە و دەبینن، کە سروشت، زێد و خاکەکەیان لە ناو دەبرێت. بەهێزن، خۆیان پەروەردە دەکەن، یەکدەگرن و یەکتر بە رێکخستن دەکەن و لە دژی داگیرکەری بەرخودان و بەرەنگاری دەکەن.

لێرە ئێمە رێگریی زۆرمان بینی و بەرامبەرمان کرا. ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی شاندی ئاشتی گەڕێندرانەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان. هەندێکیان نەیانتوانی خۆیان بگەیەننە کوردستان. رێگرییان لە چاوپێکەوتنی ئێمە لەگەڵ گروپە جیاجیاکان دا کرد. نایانەوێت ئێمە لێرە بین.

لەوەش خراپتر ئەوەیە، کە رێگا بە کار و تاوانەکانی تورکیا دەدەن. رێگا بە تورکیا دەدەن سیستمی سەربازیی خۆی بچەسپێنێت. مرۆڤەکان بۆردومان بکات و بیانکوژێت. رێگا بە هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی جۆری (سیها / SÎHA) دەدەن، رێگا بە بڕینی دارستانەکان و سوتاندنیان دەدەن.

ئێمە لێرە لەگەڵ هەر کەسێکدا قسەمان کردووە، دەڵێن، دەبێت تورکیا کوردستان بە جێبهێڵێت. دەبێت رێگا نەدەن بە داگیرکەری و بۆردومان. دەبێت گوێ لە گەلەکەى خۆیان بگرن. ئەوانەى ئێستا روودەدن دیموکراتیک نین".

ژ.ت