پەرلەمانتار شایان عەسکەری: ئامانج داگیرکەرییە و پەکەکە بیانوە
پەرلەمانتار شایان عەسکەری ئەندامی لیژنە هاوبەشەکەى لێکۆڵینەوەى پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەبارەی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک وتی، شەهیدکردنی ئەو پێشمەرگەیە هیچ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە نییە.
پەرلەمانتار شایان عەسکەری ئەندامی لیژنە هاوبەشەکەى لێکۆڵینەوەى پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەبارەی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک وتی، شەهیدکردنی ئەو پێشمەرگەیە هیچ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە نییە.
ئەندامێكی لیژنە هاوبەشەکەی پەرلەمان ڕایدەگەیەنێت؛ لەو سەردانە مەیدانیە بۆمان دەركەوت لەسەر چیای دەركار كە لە ٨\٦\٢٠٢١ پێشمەرگەیەك لەدووری سێ خولەک پیادە لە بنكەی پێشمەرگە شەهید بووە، پەكەكە بنكە و بارەگای نییە لەو ناوچەیە و پارتیزانن. هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلەی پێنج پێشمەرگەكەی تێدا گیانی لەدەستدا لێمان شاردرایەوە.
شایان عەسكەری، ئەندامی لیژنەیەی بەدواداچوونی مەیدانی بۆ ئەو شوێنانەی پێشمەرگەکان تیایدا گیانیان لەدەستا، باس لەوەدەكات؛ ئەو شوێنەیە كە پێج پێشمەرگەكەی لێ شەهید بوو، سەرباری ئەوەی ئەو بنكەیەی پێشمەرگە لەوێ بوون زانیارییان هەبوو لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق و كوردستان سەردانی ئەو ناوچە دەكەن، بەڵام ڕۆژی پێشتر ئەو ئوتۆمبێلەیان لادابوو، كە پێنج پێشمەرگەكەی تێدا شەهید بوو بوو.
سەبارەت بەبڕینەوەی دارو درەخت لەلایەن توركیاوە دەڵێت، بەداخەوە نەمانتوانی بچینە ئەو گوندانە كە ڕاستەوخۆ بەسنووری توركیاوە نووساون و بەهۆی مەترسی زۆرەوە چۆڵ كراون، هاووڵاتیان ئاماژەیان بەوەدا كە ئەوانەی دار دەبڕنەوە چەتەن و توركیا بەكاریان دێنێ و بەكیلۆ دار دەفرۆشن، نزیكەی ٦٠ گوند تا ئێستا داری لێ بڕاوەتەوە، لەساڵی ١٩٩٢ ەوەوە داربڕین دەستی پێكردووە، بەڵام ئەو دوو ساڵەی دوایی زیاتر بووە، درەخت هەیە تەمەنی لە ٢٠٠ ساڵ زیاترەو بڕاوەتەوە یان سووتێنراوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەهەموو پارێزگای دهۆك، توركیا ٦٠-٧٠ بنكەی سەربازی و ئەمنی هەیە، زیاتر لە ١٥ كم هاتوونەتە ناو خاكی هەرێم، سەرۆكی لیژنەی بەرگری و ئاسایشی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە كردووەتەوە، كە ڕێككەوتنی نێوان توركیاو عێراق لەساڵی ١٩٨٣ بۆ ئەوەی ١٥ كم بچنە ناو خاكی یەكتری بەهەڵوەشاوە دادەنرێ، چونكە بۆ قۆناغێكی دیاریكراو بووە.
وەک شایان باسی دەکات، لیژنەكە بۆی دەركەوتووە، توركیا پەكەكەی كردووە بەبیانوو بۆ بۆردوومانكردنی ئەو ناوچانە، هاوڵاتیان شەهید دەكەن، خاكی هەرێم داگیر دەكەن و سامانی سروشتی هەرێم بە تاڵان دەبەن، بەڵگەشیان بۆردوومان كردنی ماڵی پێشمەرگەی دێرین و ئەو هاووڵاتیانەیە كە دەچنەوە سەرباخەكانیان بۆ ئاودان.
لیژنەكە زیادكردنی لیواكانی پاسەوانی سنوری عێراقیان بە یەكێك لە ڕێگاچارەكان زانیوە و وەك شایان عەسكەری دەڵێت: لەئێستادا بۆ پاراستنی ٣٨٤ كم سنوور تەنها ٣ لیوای هێزی پاسەوانی سنوور هەیە، ئەوەش كەمەو پێویستە زیاد بكرێت، لیژنەی پەرلەمانی عێراق بەڵێنیاندا كە ئەو بابەتە لەگەڵ حكومەتی عێراق تاووتوێ بكەن.
هەروەها، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەنگ بێت و ڕێگر بێت لەو لەشكركێشی و داگیركاریەی دەوڵەتی توركیا بەرامبەر بە هاووڵاتی و خاكی هەرێم دەیكات.
لیژنەی هاوبەشی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە ڕۆژانی ٨ و ٩ی ئەم مانگە، سەردانی ناوچەکانی ‘ئامێدى، دێرەلوک، شەرانش، شیلادزێ و چەند ناوچەیەکى دیکەى سنوورى دهۆک’یان کرد، کە لەژێر هێرشی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکدان.
لیژنەکە دوای ئەوە پێکهات، کە ڕۆژی ٥ی ٦ی ،٢٠٢١ پێنج پێشمەرگەی پەدەکە لە سنووری چیای مەتینا لە هێرشێکی دەوڵەتی تورکدا شەهیدبوون، بەڵام دواتر پەدەکە بەرپرسیارێتیی ئەو ڕووداوەی خستەئەستۆی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بەڵام هەپەگە رەتی کردەوە، کە ئەو هێرشە لەلایەن گەریلاکانیانەوە ئەنجامدرابێت.
ڕۆژی دواتر، هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و وێڕای ئەوەی ڕەتیکردەوە ئەو پێشمەرگانە لەلایەن ئەوانەوە کرابنە ئامانج، داواشی کرد شاند و لیژنەیەکی هاوبەش، یان شاندێکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بکەن و ڕوونکردنەوەی لەسەر بدەن.
ژ.ت