پشتیوانی لە زیدانیانی مانگرتووی بادینان لە زیندانەکان پەدەکە دەکرێت

گروپی یان مردن یان ئازادی، پشتیوانی خۆی بۆ زیندانیانی مانگرتووی بادینان لە زیندانەکان پەدەکە دەربڕی و ڕایگەیاند: دەسەڵات لە پاراستنی ماف و ژیانیان بەرپرسیارە.

دوو ساڵ بەر لەئێستا، لە هەرێمی بادینان، ژمارەیەک چالاکوان، ڕۆژنامەوان و هاوڵاتی وڵاتپارێزی هەرێمەکە بەگشتی و  خەڵکی دەڤەری شیلادزێ و دێرەلوک بەتایبەتی لە دژی داگیرکاری تورکیا و ستەم و زۆرداری پەدەکە وەستانەوە. بەو هۆیەشەوە لەلایەن پەدەکەوە ڕووبەڕووی ڕەشبگیری و ڕاوەدونان بوونەوە و دەیانیان دەستگیران و بەشێکیان بەناڕەوا سزای زیندانیان بە سەردا سەپێنرا و بەشێکی دیکەشیان بەبێ دادگاییکردن تا ئێستا لە زینداندا ڕاگیراون و چارەنوسیانبە نادیاری ماوەتەوە. لەدژی ئەوەش ماوەی چەندین ڕۆژە زیندانیانی بادینان دەستیان بەمانگرتن لە خواردن تا مردن کردوە بەو ئامانجەی هەرچی زووە ئازاد بکرێن. هەرپاش بڵاو بوونەوەی هەواڵ مانگرتنەکە، هەڵمەتێکی پشتیوانی لە مانگرتووان و داخوازییەکانیان لە کوردستان و هەندەران دەستیپێکردوە. لەو چوارچێوەیەدا، گروپی یان مردن یان ئازادی کە لە دەیان چالکوان و ئازادیخوازی پێکدێت، بە بەیاننامەیەک پشتیوانی خۆی بۆ زیندانیانی مانگرتووی بادینان لە زیندانەکان پەدەکە دەربڕی و ڕایگەیاندوە: دەسەڵات لە پاراستنی ماف و ژیانیان بەرپرسیارە. دەستەکە خوازیاریشە هەرچی زووە سەرجەم مانگرەکان ئازاد بکرێن بە نایاسایی دەستگیر کراون. شایانی باسە بە گوێرەی زانیاری بەدەستخراو لەزیندانەکانی پەدەکە کە دەست ئاژانسەکەمان (فوڕات) کەوتووە، لەگەڵ زیندانیان و دەستگیرکراوانی بادیناندا، ژمارەیەک زیندانی باشور، ڕۆژهەڵات، باکور و ڕۆژئاوای کوردستان و عەرەبی ئێراقیش هەن.

دەقی بەیاننامەکەی دەستەی گروپی یان مردن یان ئازادی:

‏‎لە ژێر دروشمی یان مردن یان ئازادی
‏‎ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتگیری چالاکڤان و ڕۆژنامەوانە ئازادیخوازە زیندانییەکانی دەڤەری بەهدینان.

‏‎نزیکەی دوو ساڵە دەسەڵات بە ستەم و نادادییەکی زۆر بەشی هەرە چالاک و وڵاتپارێز و مرۆڤ دۆستی دەڤەری بادینانیان بە بەهانە و تۆمەتی جۆراو وجۆر دەستگیرکردوە و بەسزایی ناڕەوا و نایاسایی سزادراون.
بەهۆیی دەردەسەری و ستەمکارییەکانی دەسەڵات لەسەر کەیسی چالاکوان و ڕۆژنامەوانەکانی ئازدیخواز ئەوان دەستیان کردووە بە مانگرتن تاکو مردن یان ئازادبوون بەسەربەرزی.
بۆیە زۆر گرنگە کە هەموومان پێکەوە هاندەر و پشتیوانیان بین بۆ دەربازبونیان لەم بارۆدۆخە سەختەیان وئەم ستەم و زۆرداریە کە بەسەریاندا سەپێندراوە .
گرنگە کە بزانرێت هەموو کەسێک ناتوانێت دەست بە مانگرتن تاکو مردن بکات ئەگەر ئەو کەسانە بێ گوناح و مافخوراو نەبن وخاوەن بیر و باوەرێکی پۆڵایین نەبن .
هەم ئێمە وهەم هەموو ئەو هاوڕێیانەی لە زیندان دا مانیان گرتووە لە پێناوی ژیانێکی یەکسان ودادپەروەرانە بۆ خەڵکی کوردستان زیندانیان هەڵبژارد بو ئەوەی گەلەکەمان لە ژێر زۆڵم وستەمکاری کە دەسەڵات بە پیلان بەسەر میلەتەکەماندا سەپاندۆیێتی ڕزگاری ببێت .
داواکاریەکانی ئێمە و هەموو ئەو زیندانیانە کە ئێمە پشتگیری وبەرگرییان لێ دەکەین لە پێناوی مافە ڕەواکانی گەلەکەمانن لە پێناوی ژیانێکی دادپەروەرانەتر .
لە کۆتایدا بە دەسەڵات دەڵێین: قوربانیدانی هاوڕێیانمان و چالاکوانە زیندانیەکان هەروا هەرزان نییە و ئێوە بەرپرسیارن لە پاراستنی ماف و ژیانیان و ستەمکاری بێ باج دەربازنابێت.

دەستەی گروپی یان مردن یان ئازادی

 

هـ.هـ