پژاک: داستانی قەندیل؛ جارێكی تر هەبوون و راستینەی گەلەكەمانی لەرۆژهەڵاتی كوردستان پشتڕاستكردەوە

پژاک لەراگەیەندراوێكدا، بەرخۆدانی داستانی قەندیل بەبیرهێناوەتەوە و جەخت لەسەر بەردەوامی تێكۆشان تا گەیشتن بەهیوا و ئاواتەكانی شۆڕشگێڕانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی كورد دەكاتەوە.

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"پژاک" لەراگەیەندراوێكدا بەبۆنەی یازدەهەمین ساڵڕۆژی داستانی قەندیل داوا لەگشتی گەلی كورد و ئازادیخوازان دەكات خاوەنداری لەمیراسی تێكۆشانی دیموكراتیك بكەن و بەبەرفراوانكردنی رێكخستنەكانیان یەكڕێزی خۆیان لەبەرامبەر بەدۆژمنان پتەوتر بكەن.

بۆنیادنانی داستانی قەندیل لەرۆژی شانزدەی تەمموزی ساڵی ٢٠١١ لەلایەن گەریلاكانی ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە، هەبوونێكی بەرچاوی شۆناسی مرۆڤیی و راستینەی گەلی كورد بوو و ئەمڕۆكە دەستكەوتەكانی ئەو داستانە بەئاشكرا بەرچاوە. ئەو داستانە جارێكی تر هەبوون و راستینەی گەلەكەمانی لەرۆژهەڵاتی كوردستان پشتڕاستكردەوە.

لەراگەیەندراوەكەی پژاکدا هاتووە؛ داستانی قەندیل بەئێرادەی پۆڵائینی گەریلاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان وەكو بەردەوامی رێگەی بەرخۆدانی شەهیدانی چواردەی تەمموز گەیشتە لووتكە و لەپاڵ شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان لە ١٩ی تەمموز لەدەستكەوتە مێژوویەكانی گەلەكەمانن. لە شانزدەی تەمموز هێزەكانی دەوڵەتی داگیركەری ئێران بەجاڕدانی دەهۆڵی شەڕخوازانەی فاشیستی و كۆمەڵكۆژیان پەلاماری قەندیلیاندا، بەڵام گەریلاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بەو پێیەی بەڵێنیان بەگەلەكەیان داوە بەهەموو هێزیانەوە لەبەرامبەر بە هێرشە داگیركاریەكانی دەوڵەتی ئێران وەستانەوە و لاپەڕەی زێڕێنیان خستە سەر مێژوویی سەربەرزی گەلەكەمان. داستانی قەندیل ئەوەی پشتڕاستكردەوە كە گەلی كورد لەرێگەی بوون بەنەتەوەی دیموكراتیك بەئامانجی جێبەجێكردنی پێكەوەژیانی گەلان لەئافراندنی هەرشێوە داستانێكی راناوەستێت. ئەو داستانە، ئاستی بڵندی زانستی سیاسی و پێگەیاندنی هێزی پاراستنی گەلی زۆڵملێكراوی كورد نیشان دەدات. راوەستان لەبەرامبەر بە سیاسەتی زۆردارانە و كۆمەڵكۆژی بوو كە سەرچاوەكەی ئەو بەرخۆدانەش ئێرادەی ئاپۆئیستی بووە و هەیە. بنكەوتنی پرۆسەیەكی سەد ساڵەی كۆمەڵكۆژی و دۆژمنی لەبەرامبەر بەگەلەكەمان بوو كە بەرۆحی فیدایانە و تەسلیمنەبووی سمكۆوەكان، عەگیدەكان، ساریاكان و زەرتشتەكان و بەفرینەكان راستینەی گەلەكەمانیان پشتڕاست كردەوە.

لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەی پژاکدا هاتووە؛ گەلی كورد هەمیشە لەدوای چارەسەری پرسی كورد بەرێ و رێبازی دیموكراتیك و ئاشتیانە بووە، بەڵام هیچ كاتێك لەبەرامبەر بە دەستدرێژی دۆژمن تەسلیم نەبووە و بەرۆحی فیدایانە و یەكگرتوویی نەتەوەیی خۆی هاوكات لەبەرامبەر بە دۆژمنانی فاشیستی وەستاوەتەوە. گەلەكەمان هەمیشە لەگەڵ هێزی گەریلا یەكگرتوو و هاودەنگ بووە و بەهێز و پێداگرییەوە بەرەو بەجێهێنانی ئاشتی، ئازادی و دیموكراسی هەنگاو دەنێت. داستانی قەندیل یەكێك لە مەزنترین ئەو هەنگاوانەیە.

لەكۆتایی راگەیەندراوەكەی پژاکدا هاتووە؛ وەكو پارتی ژیانی ئازادی كوردستان"پژاک"، سەرەڕای بەرزراگرتنی بیرەوەری شەهیدان و پەیوەست بوون بەنرخ و دەستكەوتەكانی داستانی قەندیل، رایدەگەیەنێن تا ئازادی بەتەواوەتی گەلەكەمان و گەلانی زۆڵملێكراو دەست لەتێكۆشان بەرنەدەین و ئاستی چالاكی و تێكۆشانی خۆمان تا گەیشتن بەئامانجە باڵاكانمان پتەوتر و بەهێزتر و بەرفراوانتر بكەین. داوا لەگەلە وڵاتپارێزە و تێكۆشەرەكەمان دەكەین تا لەسەر رێ و رێبازی راستینەی داستانی قەندیل تێكۆشانی دیموكراتیكی خۆیان بەئامانجی پێكهێنانی سەركەوتنی مەزن و كۆتایی بڵندتر بكەن.

ف.ق