راپەرینی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە ٥٠مین رۆژدا بەردەوامە

چالاکییە ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێیان نایە ٥٠مین رۆژ. لەگەڵ ئەوەی سەدان کەس کوژراو و دەستگیرکراون، بەڵام گەل تاوەکو ئێستاش لەسەر پێیە.

لە ماوەی ١٥ ساڵدا زۆر بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لە ئێران سەریان هەڵدا، بەڵام بزووتنەوەی گەل بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستی لە زۆر ڕووەوە جیاوازە.

'بزووتنەوەی سەوز' کە لە ساڵی ٢٠٠٩ بە هۆی هەڵبژاردنەوە کە دەگوترا ساختەکاریەکی زۆری تێدا کراوە دەستی پێکرد، ١٥ ڕۆژی خایاند. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە 'تشرینی دووەم خوێناوی' ساڵی ٢٠١٩دا هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە. چالاکییەکان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام بوون. تەنانەت ئەگەر هەموو بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بە ناڕەزایەتییەک دەستی پێکردبێت، بە شێوەیەکی سەرەکی نیشانەی توڕەیی لە دژی دەسەڵاتن. ڕژیم لە جیاتی وەڵامدانەوەی داخوازی تێکۆشەران، هەموو کاتێک خۆی لە گۆڕانکاری دوور دەخستەوە.

بزووتنەوەی جەماوەری ئێستا کە بە "شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی" پێناسە دەکرێت، زیاتر لە حەوت هەفتەیە بەردەوامە. لەم پرۆسەیەدا چالاکییەکان بە شێوەی جیاواز وەک مانگرتن بەردەوام بوو.

لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا ژنان، خوێندکاری زانکۆ و ئامادەیی، ڕیفۆرمخوازانی پەراوێزخراو، بنئاژوخوازانی دژی دەسەڵات، نەیارانی سیاسی، سەندیکای کرێکاری، چینە بێبەشەکان بەشدارن. کورد هەر لە سەرەتاوە سەرکردایەتی چالاکییەکان دەکات. بەلوچ و عەرەبیش بەشداریان لەم بزووتنەوەیەدا کردووە. ئەم بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیە لە ئەوروپا و ئەمریکای باکور ڕەوەندی ئێرانیشی هێنایە سەر شەقام. لەدژی رژێم گردبوونەوەی توڕەیی هەیە.

ڕۆژی پێنجشەممە کە ٤٩هەمین ڕۆژی ناڕەزایەتی گەل بوو، بەتایبەتی بەهۆی ٤٠هەمین ڕۆژی ماتەمینی بۆ زۆرێک لە چالاکوانان کە کوژراون، چالاکی گەورەی ئیدانەکردن و یادکردنەوە بەڕێوەچوون.

لە شاری شابادی سەر بە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەدان کەس بەشدارییان لە یادی چلەمی کۆچی دوایی جەوان سەعید محەمەد کرد.

لە شارەکانی سنە، سەقز، بانە، کامیاران، مەریوان، بۆکان، مەهاباد، ورمێ، بیجاڕ و چەندین شاری دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕابەرایەتی ژنان و گەنجان چالاکیی بەڕێوەچوو.

یەکێک لە گەورەترین چالاکیەکان لە شاری کەرەج لە نزیک تاران بەڕێوەچوو. چالاکوانان ڕێگاوبان و شەقامەکانیان داخست. چالاکییەکان بۆ چلەمین ڕۆژی ماتەمینی بۆ چالاکوانان هادیس نەجەفی و پارسا ڕەزادوست ئەنجامدران کە لە کەرەج کوژران. هەروەها لە شاری فولادشەهری ئیسفەهان چالاکیەک بە هۆی چلەی چالاکوانێک بەڕێوەچوو.

هەروەها لە تاران و مەشهەد و ڕەشید و ئامۆڵ و فەسا گەل رژایە نێو شەقامەکان.

ناڕەزایەتییەکان لە ١٦ی ئەیوول دوای کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی شاری سەقز لە تاران، لە لایەن پۆلیسی بەناو ئەخلاقەوە دەستی پێکرد.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزسیۆن، تا ئێستا ٢٠٠ بۆ ٤٥٠ کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون و ١٠ بۆ ٢٥ هەزار کەسیش دەستگیرکراون. ٦ لە خۆپیشاندەران سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.

ف.ق