شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەنەکە، ڕەخنە لە هەڵوێستی پەدەکە و حکومەتی هەرێم دەگرێت، سەبارەت بەوەی ڕێگربوون لەوەی میوانانی باشووری کوردستان لە دەروازەی سێمالکاوە بگەنە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی نێونەتەوەیی پەیماننامەی لۆزان کە ماوەی دوو ڕۆژە لە حەسەکە بەڕێوەدەچێت.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد جەخت لەوە دەکاتەوە، هەستی نەتەوایەتی لای گەلی کورد نەپوکاوەتەوە، بەڵکو ئەوە بەرنامەی بەشێک لە حکومڕانانی ئێستەی کوردە و دەڵێت: " كەھەستی نەتەوایەتیمان سەلامەتە و ئەوەی نەخۆشە، ئەو دەسەڵاتەیە كە رۆژ بە رۆژ بەرتەسكتر دەبێتەوە".
هەروەها ڕەخنە لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت پەیوەست بە ڕێگری لە میوانانی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی لۆزان و دەڵێت: " حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەھۆی ئەو بەرپرسیارێتییە مێژوویی و ئەخلاقییەی بەرامبەر "كوردستان" ھەیەتی، و لەبەر ئەو خولیایەش كە بۆ بەستنی كۆڕ و كۆنفرانس سەبارەت بە بابەتی زۆر بێ بەھا ھەیەتی، خۆ ئەبوو لە سەد ساڵەی ئیتیفاقیەی لۆزان دا، لە ھەولێر كۆنفرانسێكیشی بۆ ئەو یاده رێکبخستایە. ئەرێ سەیر نییە كاكی حكومەت نەک ھەر خۆی لەو بابەتە میژووییە ناکاتە ساحیب، بەڵکو رێگەی بەشداریکردن بە ھیچ یەک لەو میوانانەش نادات کە دەبوو لە ھەرێمی كوردستانەوه بگەنە قامیشلۆ و بەشداری ئەو کۆنفرانسە بکەن؟".
هاوکات ئەم هەڵوێستەی حکومەتی هەرێم بەوپەڕی نابەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر دۆزی کورد و پرسی نەتەوایەتی و دەڵێت: " لەم كاتەدا كە جیھان چاوی لەقامیشلۆیە تا لە سەد ساڵەی لۆزان دا، كورد و مەینەتییەكانی بێنێتەوه بەرباس، ئەو پەڕی ھەست نەکردن بەبەرپرسیاریتیە کە "حکومەتی ھەرێمی كوردستان" دەروازەی سێمالکا بەسەر ئەو میوانانەدا دابخات کە دەیانویست لە خاكی ھەرێمەوه، بەشداری لە کۆنفراسی لۆزاندا بکەن".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد باس لەوە دەکات، ڕێگریکردن لە گەیاندنی هاوکاری بە هاوزمانان ئەوپەڕی شەرمەزارییە و زیان بە یەکڕیزی کورد دەگەیەنێت، دەڵێت: " ئەو پەڕی شەرمەزاریشە کە بۆ ناردنی ھاوکاری، لۆرییەک شیر بۆ مناڵان یان رۆیشتنی شاندێک بۆ رۆژئاڤا، ھەرێمەکەمان نەتوانێت و نەوێرێت و جورئەت و كەسێتی و توانای ئەوەی نەبێت کە لە دەروازەیەکی سنوری ژێر دەسەڵاتی خۆیدا، لە خاكی خۆیەوه کار ئاسانی بکات بۆ خوشك و برا ھاونەتەوەكانی، سەرباری ئەمە، بشبێت بە رێگر و كەشێك دروست بكات كە خاوەندارانی راستەقینەی دۆسیەی كوردایەتی ناچار بکرێن پەنا بەرنە بەر حکومات و گروپ و لایەنی تر بۆ ھێشتنەوەی كەیسی نەتەوایەتی كوردستان بە زیندوویی."