شەرمەزاری مرۆڤایەتی: میساقی میللی

دژی پلانەکانی میساقی میللی ئەردۆغان، کورد و گەلانی هەرێمەکە بەرخۆدان دەکەن، ئەردۆغان بە داگیرکردنی سوریا و عێراق، دەیەوێت ناوەندێکی شەڕی بێ‌کۆتایی درووست بکات.

میساقی میللی

ڕێککەوتنی بەناو میساقی میللی کە بەهۆیەوە خاکی کوردستان لەلایەن داگیرکەرانەوە دابەشکرا، لە ٦ بەند پێکدێت و بە مانیفێستۆی شەڕی ڕزگاریی تورکیا دادەنرا. لە ٢٨ ی کانوونی دووەمی ١٩٢٠ لە ئیستەنبوڵ لە دوایین کۆبوونەوەی پەرلەمانی عوسمانی بە کۆی دەنگ پەسەندکرا و لە ١٧ ی شوبات بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرا.

ڕێککەوتنی میساقی میللی چییە؟

بەر لە هەموو شتێک، میساقی میللی واتە "سوێندی نەتەوەیی"، لەکاتی خۆیدا بە ناوی "بەڵێنی میللی" یان "ڕێککەوتنی میللی" دەناسرا. هەروەها لە ٢٨ ی کانوونی دووەمی ١٩٢٠ لە دوایین دانیشتنی نافەرمی پەرلەمانی عوسمانیدا، ڕاگەیاندراوی ڕێککەوتنی نەتەوەیی قبووڵ کرا و لە ١٧ ی شوباتی ١٩٢٠ بە پەرلەمانەکانی جیهان ڕاگەیاندرا. بە تەواوی لە ٦ بەند پێکدێت و تێیدا ٦ پایەکەی ئیمان وەک "عەقیدەی تێکۆشانی نەتەوەیی" ناودەبرێت.

خاڵێکی تر کە پێویستە بزانرێت ئەوەیە، لەکاتێکدا شەڕی ڕزگاریی لە ئەنادۆڵ و تراکیا  بەچڕی بەردەوام بوو، لە کۆنفرانسی ئاشتی پاریس کە ١٨ ی کانوونی دووەمی ١٩١٩ دەستی پێ کرد، "ڕێککەوتنی میللی" خرایەڕوو. لەکاتێکدا ئایندەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی تاوتوێ دەکرا، چاوەڕێ دەکرا ئیستەنبوڵ لەدەستی تورک دەربهێنرێت. کورد و گەلانی هەرێمەکە وەک بەربەستێک لە بەردەم پڕۆژەی فراوانخوازی ئەردۆغان بۆ زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی نوێ و داڕشتنەوەی نەخشەکانی بەناو "میساقی نیشتمانی" وەستانەوە. ئەردۆغان ئەمڕۆ بە میوانداریکردنی کۆنفرانسی تورکمانەکانی سوریا و عێراق پەنا بۆ فێڵی تر دەبات، نەخشەیەکی نیشاندا کە بەشێکی زۆری سوریا و عێراقی تێدا بەدیار دەکەوێت، کە کورد و عەرەب و سریانی و ئاشووری و ئەرمەنی و تورکمان و نەتەوەکانی دیکەی تێدا دەژین. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هێشتا تورکیا نیازێتی هەرێمەکە پەلکێش بکات بۆ ڕەوشێک لە شەڕێکی هەمیشەیی و بێ‌کۆتایی. لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی پەیماننامەی ستەمکارانەی لۆزان، خەیاڵی تورکەکان بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی میساقی میللی سەریهەڵداوەتەوە، ئەمەش ئەو گەلانە تووڕە دەکات کە خاکەکانیان لێ زەوتکراوە و تاڵانکراوە. لە یادی ١٠٠ ساڵەی لۆزان و داڕمانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییدا، ڕژێمی تورک بەشێوەیەکی ستراتیژی کاردەکات بۆ زیندووکردنەوەی ئەم ڕێککەوتنە.

ڕاگەیاندراوی ڕێککەوتنی نەتەوەیی (میساقی میللی) لە ١٧ ی شوباتی ١٩٢٠ لە پەرلەمان خوێنرایەوە و بە پێشنیاری پەرلەمانتاری ئەدرنەی ئەوکات محەمەد شەرەف ئایکوت پەسەندکرا. شەرەف ئایکوت لە پێشنیارەکەیدا دەڵێت: "پێشنیار دەکەم ڕێککەوتنی نەتەوەیی لە هەموو پەرلەمانەکانی جیهان و چاپەمەنی وڵات و چاپەمەنی جیهان ڕابگەیەنرێت و تاوتوێ بکرێت... کاتێک میللەت بە هەڵبژاردن ئێمەی ناردە ئێرە و ئەم شەرەفەیان پێ بەخشین، ئەو ئەرکەی خستەئەستۆمان ئەم ڕێککەوتنە نەتەوەیی ڕابگەیەنین کە ڕۆژە پرشنگدارەکانی ئێمە نیشان دەدات و مافی ڕەوامان دەپارێزێت و مافی ژیان و شکۆمان دەردەخات. وە پیشانی دەدات کە مافی ئەوەمان هەیە بیر لە ئایندەی خۆمان بکەینەوە، ئەگەر پێویست بکات، وەک هەموو نوێنەرانی میللەت بۆ مردن ئامادەین... ئەمە مافێکی ئاشکرایە، مافی ژیانمان دەوێت. هەبوونی ماددی و مەعنەوی خۆمان دەوێت، داوای شتێکی تر ناکەین. ئەوەی دەمەوێت ئێستە بیخوێنمەوە، ڕێککەوتنی میللییە. سوێندی میللییە. میللەتی تورک هەلومەرجەکانی ئەم سوێندە جێبەجی دەکات یان لە پەڕەکانی مێژوودا دووچاری شکست دەبێت. بەڵام بەڕێزان ئێمە نابینە کۆیلە، خوێندنەوەی ئەم ڕاگەیاندراوە لە پەرلەمان هەڵوێستێکی نیشتیمانپەروەرانەیە. ئەم ڕێککەوتنە هەڵوێستێکە هەم دژی سوڵتان هەم دژی هێزە داگیرکەرەکان".

پلانی دەوڵەتی تورک بۆ زیندووکردنەوەی سنوورەکانی میساقی میللی

دەوڵەتی تورک پلانەکانی بۆ لەناوبردنی دەسکەوتەکانی کوردان و بەدیهێنانی خەونی زیندووکردنەوەی میساقی میللی زیاتر دەکات. دەوڵەتی تورک لەڕێگەی خیانەتی پەدەکەوە هێرشەکانی بۆ سەر پارچەکانی کوردستان زیاتر کردووە، لە باشووری کوردستانیش، دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی جیاواز لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکات. لەسەر ئەم بناغەیە ڕێککەوتن هەبووە، پەدەکەش هەردەم لەناو ئەم سیاسەتە دوژمنکارانەی دەوڵەتی تورکدا جێی گرتووە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کوردەکانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کردووەتە ئامانج. بە ڕێککەوتنی عوسمانی ئێران، کاتێک ئەو سنوورە ناوبراوانە لە سەدەی حەڤدەهەم کێشران، دەوڵەتی تورک کوردستانی گرت و هەوڵیدا بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاری بهێنێت. سیاسەتی دەستبەسەرداگرتنی کوردستان بە ناوی ڕێککەوتنی نەتەوەیی ناوبرا. لە دوایین دانیشتنی  پەرلەمانی عوسمانی لە ٢٨ ی کانوونی دووەمی ١٩٢٠ لە ئیستەنبوڵ، بە کۆی دەنگ پلانی داگیرکردنی کوردستان پەسەندکرا و لە ١٧ ی شوبات بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرا. دواتر بۆ ڕای گشتی ئاشکرابوو کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت، کوردستان دابەش بکات. بە واژۆکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ فەرەنسا_بەریتانیا و دواتریش لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤییەت، ئەم بووە هۆی ئەوەی پارچەکانی کوردستان بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان دابەش بکەن. لەوکاتەدا باکووری سوریای فرۆشت بە فەرەنسییەکان، موسڵ_کەرکوکی فرۆشت بە بەریتانییەکان. ئامانجەکە ئەوە بوو کورد پەرشوبڵاو بکەن و پارچەی بکەن و ڕێگە لە ئازادییان بگرن.

دیدگای ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی میساقی میللی

ئاشکرایە پارچەکردنی کوردستان بەگوێرەی عێراق، پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتنی نەتەوەییە. ئەم پێشهاتە تووڕەیی گەلی بەدوای خۆیدا هێنا. ڕێککەوتنی موسڵ_کەرکوک کە ٥ ی حوزەیرانی ١٩٢٦ لەگەڵ بەریتانییەکان واژۆکرا، دەسپێکردنی قڕکردنی کوردانە. رێبەر ئاپۆ لەم بارەیەوە دەڵێت "پێچەوانەی باوەڕی باو، بە کێشانی ئەم سنوورە، نەوەک هەر یەدەکی نەوتی موسڵ_کەرکوک لەدەستچوون، بەڵکو کوردەکانیش لەدەستچوون، خوشک_برایەتی مێژوویی کورد_تورک لەدەستچوو. هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان لەدەستچوو". ڕێبەر ئاپۆ ئاماژە بەوە دەکات، سەرهەڵدانی شێخ سەعید لە ساڵی ١٩٢٥ بۆ شاردنەوەی ئەم خیانەتە مێژووییە جووڵێنرا و بەشێوەیەکی دڕندانە سەرکوت کرا، دەڵێت: "ساڵی ١٩٢٥ تەنها ڕۆژی دەسپێک و شۆڕش نەبوو، بەڵکو هاوکات قۆناغی پیلانگێڕی و خیانەت و قڕکردنە. ئەم پرۆسەیە دژی موستەفا کەمال ئەنجامدرا. ماهییەتی شۆڕشی کۆمار ڕووبەڕووی دەرفەتی شۆڕشی کورد کرایەوە". بۆیە لێرەدا گرنگی تێگەیشتنی ڕێبەر ئاپۆ دەردەکەوێت. ڕێبەر ئاپۆ ئاماژە بەوە دەکات پێویستە رێککەوتنی نەتەوەیی ساڵانی ١٩٢٠ وەک رێککەوتنی دیموکراسی هەموار بکرێتەوە. چونکە ڕێبەر ئاپۆ فۆرمەلەی پێکەوەژیانی گەلان پێشکەش دەکات و بناغە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی شیکار دەکات. بە ڕوونی دەستنیشانی دەکات، بەرژەوەندی هاوبەشی هەموو گەلانی ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا بەتایبەت گەلانی تورک و کورد کە چەندین سەدە پێکەوە ژیاون، گرێدراوە بە بێ واتاکردنی ئەو سنوورانەی کە کێشراون. لەبری ئەوە، تیشک دەخاتە سەر گرنگیدان بە یەکگرتنی نێوان گەلان کە بەپێی سروشتی کۆمەڵگاکان گەشە دەکات. ئەمڕۆ دەتوانین لە چوارچێوەی دیموکراسیدا جۆش و یەکێتی ئەو سەردەمە بپارێزین. سنوورەکانی ڕێککەوتنی نەتەوەیی کە زۆر جێی ترسن، لەڕێگەی ڕێککەوتنی دیموکراسییەوە پارێزراون. ڕێبەر ئاپۆ گوتی: "پێویستە جارێکی تر یەکێتیی کورد-تورکی ئەو سەردەمە لە ڕێگای دیموکراسیەوە بەدی بهێنین" وە دەربارەی داڕشتنەوەی سنوورەکان، لەم ڕووەوە پێشنیاری کۆنفیدراسیۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. ئەم کۆنفیدراسیۆنە پێشنیارێکە، کە تێیدا سنوورەکان بێ واتا دەبن، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە یەکێتیی ئەوروپادا دەبینرێت. لێرەدا، بناغەکە یەکبوون و پەیوەندیی هاوبەشی گەلانە. لەڕاستییدا، لە ئەنجامی تێکۆشانی چل ساڵەدا، ئەم نەخشە کێشراوانە لەسەر جوگرافیای کوردان واتای خۆیان لەدەستداوە.

سیاسەتی بەگژیەکداکردنی کورد

سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ داگیرکردنی هەرێمەکانی کورد و گەیشتن بەو سنوورانەی دەیەوێت، بە بەکارهێنانی کورد ئەنجام دەدرێت. لە خاکی باشووری کوردستان زیاتر لە ٢٥ بنکەی سەربازیی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەن. ئەمە دەریدەخات هەوڵێکی داگیرکاری هەیە و چەندین ناوچەی باشووری کوردستان داگیرکراون. ئەم داگیرکارییە بە هاوکاری پەدەکە کە دەسەڵاتداری باشووری کوردستانە بەڕێوەدەچێت. پەدەکە باشووری کوردستان ڕادەستی دەوڵەتی تورک دەکات. ئەمەش درێژکراوەی میساقی میللییە.

هەروەها لە درێژەی ڕێککەوتنێکی بەرژەوەندیخوازانەدا، لە کانوونی دووەمی ٢٠١٨، هێرشی داگیرکاری بۆ سەر عەفرین دەستی پێ کرد و تا ٢٥-٢٦ ی ئایار لە خواکورکی هەرێمی برادۆست بەردەوام بوو. پێویستە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییەکان بەڕوونی ببینرێت. ئامانجی یەکەمی دەوڵەتی داگیرکەر گەیشتنە بە سنوورەکانی ڕێککەوتنی نەتەوەیی (میساقی میللی). ئەمڕۆ سیاسەتە قڕکەرەکانی دەوڵەتی تورک لەلایەن حکومەتی ئاکەپەوە زیندوو دەکرێتەوە. پارێزەرانی ئەم زیهنیەتە، وەک هەمیشە پەنا بۆ ڕێبازی قێزەون دەبەن بۆ لەناوبردنی کورد و سڕینەوەی لە مێژوودا. هەڵبەت زیهنیەتی ئاکەپە_مەهەپە لەسەر زیهنیەتی ئیتیحاد و تەرەقی جاران دامەزراوە و هەر لەسەر ئەو بناغەیەش خۆی ڕێکخستن دەکات و پلان دادەڕێژێت.