بە دیمەن

قەسەدە: سێ چەتە کوژران و دوو ئۆتۆمبیلی چەتەکان تێکشێندراون

قەسەدە ڕایگەیاند هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی توک بەردەوامە، لە بەرانبەردا شەڕڤانیان سێ چەتەیان کوشتووە و دوو ئۆتۆمبیلیشان تێکشاندووە.

ڕاگەیاندراوی قەسەدە

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) دەربارەی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانیان لە دژی چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژەی بەوەدا دوێنێ ئێوارە دەوڵەتی داگیركەری تورك و چەتەكانی بەردەوام بوون لە هێرش و بۆردوومان كردنی دەوروبەری بەنداوی تشرین، لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزەكانماندا سێ چەتە كوژران و سێ چەتەی دیكەش بریندار بوون.

لە ڕاگەیاندراوكەدا هاتووە، ئێوارەی دوێنێ دەوڵەتی توركی داگیرکەر بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و تۆپ دەوروبەری بەنداوی تشرینیان بۆردوومان كرد، هەروەها فڕۆكە سەربازییەكانی دەوڵەتی تورك پێنج هێرشی ئەنجامدا، بەڵام هێچ زیانێكی ئەوتۆی نەبوو.

چالاکی یەکینەکانی شەهید هارون                       

هاوكات یەكینەكانی شەهید هارون لە وەڵامی ئەو هێرشانە خاڵێكی كۆبوونەوەی چەتەكانیان لە گردی سەرتیل كردە ئامانج، لە ئەنجامدا چەند چەتەیەك كوژران و بریندار بوون، بەڵام ژمارەیان نەزانراوە، ژمارەیەك چەتەش هەڵاتن، هەروەها ئۆتۆمبێلێكی چەتەكانیش بەتەواوی لە ناوبرا.

ئاماژە بەوەشكراوە، هێزەكانمان بە چەكی قورس ئۆپەراسیۆنێكیان بۆ سەر خاڵێكی كۆبوونەوەی چەتەكان لە نزیك گردی سەرتیل ئەنجامدا و توانییان دوو چەتە بكوژن و سێی دیكە بریندار بكەن، هەروەها یەكینەكانی شەهید هارون لە بەرەی دێر حەفر دوو ئۆتۆمبێلی چەتەكانیان لە ناوبرد.

ئەوەش خراوەتەڕوو، چەتەكان ویستیان دزە بكەنە ناو خاڵێكی هێزەكانمانەوە لە میحوەری دێر حەفر، بەڵام شەڕڤانانمان ڕووبەڕوویان بوونەوە و چەتەیەكیان كوشت و دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێك و چەند چەكێكدا گرت.