لە حەسەکە بە مەراسیمێکی جەماوەری تەرمی شەهیدان بەخاک سپێردرا

لە حەسەکە بە مەراسیمێکی جەماوەری تەرمی شەڕڤانانی قەسەدە، دلۆ مەناجیر و ئەسکەندەر حەسەکە، کە لە مانگی کانوونی دووەمدا شەهید بوون، بەخاک سپێردران.

ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی حەسەکەی کانتۆنی جزیرە بەڕێزدارییەوە تەرمی شەڕڤانی قەسەدە، ئیبراهیم محەممەد ئەلحەمد(دلۆ مەناجیر) کە لە ٢٣/١/٢٠٢٥ لە بەنداوی تشرین شەهید بوو و زهدی خەلەف ئەلسەفان (ئەسکەندەر حەسەکە) کە لە٢٥/١/٢٠٢٥ لە دێرەزۆر شەهید بوو، بەمەراسیمێکی جەماوەری لە گۆڕستانی شەهید دژوار لە گوندی داودیەی حەسەکە بەخاک سپارد.

هەروەها لە مەراسیمەکەدا ناسنامەی شەڕڤانانی هێزەکانی قەسەدە خدر عیزەدین مانۆ (برووسک حەسەکە) کە لە٨/١/٢٠٢٥ لە بەنداوی تشرین شەهید بوو، لەگەڵ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ خدر ئەحمەد ئەل عوسمان کە لە ٢٤/١/٢٠٢٥ لە حەسەکە شەهید بوو راگەیەندران.

سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی ئازادی دەستی پێکرد، پاشان ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی بەشار کۆش قسەی کرد و هەر چوار شەهیدەکەی بە ڕێزدارییەوە بەبیر هێنایەوە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدان کرد.

بەشار کۆش لەمیانەی قسەکانیدا بەڵێنی بەردەوامی بە ڕێبازی شەهیدانی دوبارە کردەوە و دڵسۆزی و پشتیوانی خۆی بۆ هێزەکان دەربڕی.

هەروەها فەرماندەی ئەنجومەنی سەربازی حەسەکە، چەکدار حەسکە، شەهیدانی شۆڕشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای یادکردەوە و ڕایگەیاند: "ئەم شەهیدانە لە پێناو ژیان و ئازادی هەموو شتێکی خۆیان فیدا کرد، شەهیدبوون پلەیەکی بەرزی شانازییە بۆ هەموو مرۆڤایەتی."

پاش وتارەکان، ناسنامەی شەهیدان خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا.

دواتر بە تلیلیانی دایکان تەرمی شەهیدان دلۆ مەناجیر و ئەسکەندەر حەسەکە بەخاک سپێردران.