ڕاگەیاندراوی قەسەدە بەبۆنەی ساڵیادی ڕزگارکردنی باغۆز

قەسەدە بەبۆنەی ٦ هەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی باغۆز ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. دووپاتی دەکاتەوە، داعش هەوڵدەدات پشێوییەکانی سوریا بقۆزێتەوە.

ڕاگەیاندراوی قەسەدە

فەرماندەیی گشتی قەسەدە بەبۆنەی ٦ هەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی باغۆز وەک دوایین مۆڵگەی چەتە تیرۆریستەکانی داعش، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

قەسەدە تەواوی شەهیدان بیردەهێنێتەوە و سڵاو لە بەرخۆدانی شەڕڤانان دەکات، دەڵێت: " لە کاتێکدا کە سوپای دەوڵەتە گەورەکان بێ‌چارە بوون بەرامبەر بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە، هێزەکانمان داعشیان تێکشکاند، کە گەندەڵی و تاریکی و خراپەکاریی دروستکردبوو، ئاسایشی بۆ هەرێمەکان گەڕاندەوە، جیهانی لە شەڕ و تیرۆر دوورخستەوە. ئەم سەرکەوتنە قۆناغێکی گرنگ بوو لە شەڕی درێژخایەن دژی ئەم ڕێکخراوە. بەڵام پاشماوەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە کە هەڕەشەی بەردەوام بۆ سەر ئاسایشی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دروست دەکەن، هێشتا ماون. بۆ پێشگرتن لە گەڕانەوەی داعش، هەوڵی زیاتر و هاوکاریی هەواڵگری و ئەمنی و هەرێمی و نێونەتەوەیی پێویستە".

قەسەدە دووپاتی دەکاتەوە چالاکی و ئۆپەراسیۆنی هێزەکانیان دژی شانەکانی داعش بەتایبەت لە ساڵانی دواییدا بەردەوام بووە، دەڵێت: " لە ئەنجامدا سەدان شانەی داعش هەڵوەشێنرانەوە و زۆرێک لە ئەندام و فەرماندە سەرەکییەکانی داعش دەستگیرکران، کە بەشێکیان دەستیان هەبووە لە هێرشەکانی سەر زیندانی سەناعە.

ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە، کەڵک لە بارودۆخی پشێوی و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر هەرێمەکە وەردەگرێت و هەوڵی زیندووکردنەوەی خۆی دەدات. پاش ڕووخانی ڕژێمی سوریا، داعش چەکی جۆراوجۆری بەدەستهێناوە، هێرش و چالاکییەکانیان زیاتر کردووە. داعش هەردەم لە ژینگەی پشێویی و بۆشایی و ناسەقامگیرییدا، چالاکە".

قەسەدە جەخت دەکاتەوە، کێشەیەکی هەرە مەزن زیندانیانی داعش و خێزانەکانیانن کە زۆربەیان سەر وڵاتانی بیانین، دەڵێت: "ئەم کێشەیەش پێویستی بە چارەسەر و هاوکاری نێونەتەوەیی و دادگایەکی نێونەتەوەیی هەیە. بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی فیکری توندڕەوی داعش، پێویستە ستراتیژی درێژخایەن هەبێت. پێویستە دادپەروەری بۆ ئەو کەسانەی بەدی بێت کە قوربانی دەستی تاوانەکانی داعش بوون".

قەسەدە جەخت دەکاتەوە پێویستە هەماهەنگی نێونەتەوەیی هەبێت تاوەکو ڕێگە نەدرێت داعش ڕەوشی ناسەقامگیری سوریا بقۆزێتەوە و خۆی ڕێکبخاتەوە، دەڵێت: "ئاسایشی هەرێمەکە و جیهان، تا ڕادەیەک گرێدراوە بە ڕێگرتن لە گەڕانەوەی داعش".

قەسەدە لەکۆتاییدا دووپاتی دەکاتەوە، بەردەوام دەبن لە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مسۆگەرکردنی ئایندەیەکی ئارام بۆ گەلانی هەرێمەکە، دەڵێت: "بەڵام ئەم ئەرکە بەشێکە لە جەنگی لۆکاڵی و نێونەتەوەیی دژی داعش. بۆیە داوا لە هاوکارەکانمان و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکەین، لەم جەنگەدا پشتیوانیمان بکەن، تاوەکو ئاسایش و ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەری پێک بێت".