بە دیمەن

چالاکیی ژنێڤ ماوەی چوار ساڵی تێپەڕاند: "چالاکییەکەمان هەتا ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام دەبێت

بە بۆنەی چوارەمین ساڵوەگەڕی دەستپێکردنی چالاکییەکانی ژنێڤ ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو. لە ڕێپێوانەکەدا ڕاگەیەندرا کە چالاکییەکان هەتا ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام دەبێت.

چالاکیی دانیشتن بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ کە لە٢٠٢١/١/٢٥ لە بەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤی سویسرا دەستیپێکرد، چوار ساڵی بەدوای خۆیدا هێشت.

بە بۆنەی چوارەمین ساڵوەگەڕی دەستپێکردنی ئەم چالاکییە، کوردان و دۆستانیان لە گۆڕەپانی پاڵایس ویلسۆن، نووسینگەی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە و بە ڕێپێوان بەرەو گۆڕەپانی Nations  و بەردەم نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆیشتن.

چالاکیی ئەم هەفتەیە بە پێشەنگایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژاوا"، "بژی ڕێبەر ئاپۆ" و "بژی بەرخۆدانی گەلی کورد" بەرزکرایەوە لە بەردەم خێمەی دانیشتنەکە لە گۆڕەپانی Nations  ڕێپێوان بەڕێوەچوو.

جەمال ئۆزدەمیر هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دیموکراتیکی کوردی سویسرا وتارێکی پێشکەش کرد و چوارەمین ساڵوەگەڕی چالاکییەکەی لە هەمووان پیرۆز کرد و رایگەیاند چالاکییەکەمان هەتا گەیشتن بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام دەبێت، ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی ئێمەیە.

جەمال ئۆزدەمیر ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا لە ڕۆژاوا، لە بەنداوی تشرین بەرخۆدانێکی هەمە لایەنە لە ئارادایە. گەلەکەمان سەرەڕای هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرخۆدان دەکەن و سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت."

ئامیا مارتن بە ناوی چالاکوانانی ژنێڤ بەیاننامەیەکی بە زمانی فەرەنسی خوێندەوە. لە بەیاننامەکە هاتووە: "ئێمە وەک یەکێتی ژنانی کوردی سویسرا (یەژەکە-سویسرا) و جەدەکە-سویسرا، بەساڵانە دژی گۆشەگیریی سەپێنراو بەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامی لە چالاکیەکانمان."

ئامیا مارتن ڕایگەیاند ئەم ڕێپێوانە وەک چالاکییەکی ڕەمزی لەبەردەم کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ ئەنجامدراوە و درێژەپێدەری چالاکیی دانیشتنەکەیە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، ئامیا مارتن ئاماژەی بەوەکردووە کە دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە ئەنجامی تێکۆشانەکاندا ڕوویداوە و وتی: "تورکیا لە رووی نیازپاکییەوە ڕێگەی بەم کۆبوونەوەیە نەداوە. ئەم دیدارانە لە سایەی بەرخۆدانەکانی گەلی کورد و ئەو هەڵمەتەی کە لە سەرانسەری جیهان دەستی پێکردووە بەدی هاتووە. مەبەستی تورکیا و حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە گومان هەڵدەگرێت. ئێمە بە کۆمەڵگا و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان ڕادەگەیەنین کە سیاسەتی ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپە لە ڕاستیدا نەگۆڕاوە. ئەم ڕژیمە درێژە بە هێرشەکانی دژ بە خەڵکی مەدەنی دەدات. ڕۆژێک نییە کە خەڵکی مەدەنی بە هۆی هێرشەکانەوە گیان لەدەست نەدەن. بۆیە داوا لە هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە باوەڕیان بە ئاشتی و دادپەروەری هەیە دەکەین، بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد بەشداری ئەم تێکۆشانە بن. هەروەها پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هێزە جیهانی و پەیوەندیدارەکان بۆ کۆتایی هێنان بە کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی و جینۆساید دژی گەلی ڕۆژاوا دەست بە هەوڵدانەکانیان بکەن. هەروەها داوا لە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە بەپەلە لە دژی هێڕشەکانی دەوڵەتی تورک و بۆ ئازادیی ڕێبەرایەتیمان و چارەسەری پرسی کورد هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ."

پاشان خەدیجە کەنداڵ بە نوێنەرایەتی یەژەکە-سویسرا و گۆلستان سەعدون بە نوێنەرایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) و جەمیل پالە بە ناوی کۆمیتەی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بەردەوام بوون لە وتارەکانیان.

دوای وتارەکان جەماوەرەکە چوونە ناو خێمەی دانیشتنەکە و تا ئێوارە درێژەیان بە چالاکییەکانیاندا.