تەرمی غەریبە گەزەر بە دەم هەلهەلەوە بە خاک سپێردرا

غەریبە گەزەر لە زیندانی کاندرا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا. تەرمەکەى لە کەربۆرانی مێردین بە دەم هەلهەلەوە بە خاک سپێردرا. ئەمین گەزەری برای وتی، "هەموو کات سەرمان بەرز دەبێت". حەلیمە گەزەری دایکیشی وتی، "ئەو غەریبەکەى کوردستانە".

غەریبە گەزەر لە زیندانی ژمارە یەکی جۆری ئێف لە کاندرا بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەشکەنجە کرا و دەستدرێژیی کرایە سەر، رۆژی ٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١ لە زینداندا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەستدا. تەرمی گەزەر دوێنێ ١٠ی کانونی یەکەم بە فڕۆکە برایە مێردین. دوای ئەوەى لە فڕۆکەخانەى مێردین تەرمەکەى لەلایەن بنەماڵەکەیەوە وەرگیرایەوە، بە رێکخستنی کەژاوەیەک لە دەیان ئۆتۆمبێل تەرمەکە رەوانەى کەربۆران کرا.   

لە کاتی بردنەوەى تەرمەکەدا پۆلیس زۆر جار و لە زۆر شوێندا رێگەى لە کاروانی تەرمەکە گرت. کاتێک تەرمەکە گەیشتە کەربۆران، سەدان کەس لە رێگاکان کۆبوونەوە و بە چەپڵە و بەرزکردنەوە و نیشاندانی هێمای سەرکەوتن پێشوازییان لە تەرمەکە کرد.

 دوای ئەوە تەرمەکەیان بۆ شۆردن برد بۆ مزگەوتی سەید حەسەن. سەدان کەس لە بەردەم مزگەوتەکەدا کۆبونەوە و دروشمەکانی "شەهید نامرێ"، "ئەی شەهید خوێنەکەت لە زەوی نامێنێتەوە"یان وتەوە. کاتێک ژنان تەرمەکەیان خستە سەر شانیان، جەماوەری گەل دەستیان بە چەپڵە لێدان و وتنەوەى دروشم کرد.

'ئێمە لە داواکانمان پاشەکشە ناکەین'

بە گەیشتنی تەرمەکە، محەمەد ئەمین گەزەر برای غەریبە گەزەر، کە بە فیشەکی پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورک تووشی ئیفلیجی بووە بە جەماوەری وت، "ئێمە ناگرین. ئێمە سەربەرزین. نابێت هەرگیز خەم بخۆن، بە دڵنیاییەوە تەرمەکەمان لە زەویدا نامێنێتەوە".

حەلیمە گەزەری دایکی غەریبە وتی، نەگرین و ماڵئاوایی لە هەموان کرد.

کاتێک ژنان تەرمەکەى گەزەریان دەشۆرد، جەماوەری گەل لە دەرەوە بە بەردەوامی دروشمیان دەوتەوە. دوای شۆردنی تەرمەکە، ژنان تەرمەکەیان خستە سەر شانیان و بردیان بۆ گۆڕستانی سەید حەسەن. ژنان تاوەکو ئەو کاتەى تەرمەکەیان لە گۆڕستانەکەدا دانا، بە بەردەوامی دروشمیان دەوتەوە و دەیان لاواندەوە.

پۆلیسەکانی دەوڵەتی تورک رێگایان نەدا هەموان بڕۆنە ناو گۆڕستانەکە و تەنها رێگایان بە چەند کەسێک دا، بەڵام جەماوەری گەل گوێی بە پۆلیس نەدا و رۆیشتنە گۆڕستانەکە.

کاتێک تەرمەکەى گەزەر برایە نزیک گۆڕەکەى، خزمان و کەسوکارەکەى گۆرانیی "بوکی کوردستانیان" وت. دوای بە جێهێنانی کاروبارە ئایینییەکان، تەرمەکەى غەریببە گەزەر لە پاڵ گۆڕی بیلال گەزەری برایدا بە خاکسپێردرا، کە ئەویش لە چالاکییەکانی ٦-٨ی تشرینی یەکەم دا بۆ کۆبانێ شەهید بوو بوو.

'ئەو غەریبەکەى کوردستانە'

دایە حەلیمە گەزەر لەوێ بە جەماوەری گەلی وت، "ئەو تەنها غەریبەکەى من نییە. ئەو غەریبەکەى کوردستانە".

دوای ئەوەى تەرمەکەیان بە خاک سپارد، جەماوەری گەل بە وتنەوەى دروشم لە گۆڕستانەکە هاتنە دەرەوە و رۆیشتن بۆ ماڵی گەزەر بۆ بەشداریکردن لە پرسەکەی غەریبە گەزەردا.

ژ.ت