ئاسۆ: گه‌ریلاكان گورزی قورس له‌ سوپای توركی داگیركه‌ر ده‌ده‌ن

رۆژنامه‌نووس، ڕزگار ئاسۆ بە ئاماژه‌دان به‌ زۆربوونی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر له‌دژی هێزه‌كانی گه‌ریلا وتی: له‌ سه‌رەتای شه‌ڕه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، هێزه‌كانی گەریلا به‌ پشتبه‌ستن به‌ ته‌كنۆلۆژیا و تاكتیكی جۆراجۆر توانیانه‌ گورزی قورس له‌ دوژمن بده‌ن.

رۆژنامه‌نووس، ڕزگار ئاسۆ له‌باره‌ی زیادبوونی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر بۆسه‌ر هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مێدیا و دۆخ و ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی گه‌ریلا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌، به‌تایبه‌تی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی گه‌ریلا له‌ ڕۆژی ٢٩ی حوزه‌یران له‌ ناوچه‌كانی خواكورك و زاپ ئه‌نجامدران، قسه‌ی بۆ ئاژانسه‌كه‌مان كرد.

ئاسۆ كه‌ له‌ ڤیدیۆیه‌كدا له‌ هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مه‌دیا باردۆخی ئه‌و ناوچانه‌ ڕوونده‌كاته‌وه‌، ده‌ڵێت:

هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر بۆسه‌ر هه‌رێمه‌كانی پاراستنی مێدیا له‌ باشووری كوردستان و گۆڕەپانەکانی به‌رخۆدانی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل به‌رده‌وامه‌. له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا به‌ پێی ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ ده‌یبینین، ژماره‌ و چڕی ئه‌و هێرشانه‌ له‌ ناوچه‌ی ڕۆژئاوای زاپ، واتا ناوچه‌كانی شه‌هید ده‌لیل و سیدا زۆرتر له‌ ناوچه‌كانی تر بووه‌. له‌به‌رامبه‌ریشدا هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ڵ به‌رپه‌رچی ئه‌و هێرشانه‌یان داوه‌ته‌وه‌. له‌ سه‌رەتای شه‌ڕه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ، هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل به‌ پشتبه‌ستن به‌ ته‌كنۆلۆژیا و تاكتیكی جۆراجۆر توانیانه‌ گورزی قورس له‌ سوپای توركی داگیركه‌ر بده‌ن. له‌وانه‌ش ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ تاكتیكی تیمی گه‌ڕۆكی گه‌ریلا بده‌ین، ئه‌و تیمانه‌ توانیویانه‌ ڕۆڵێكی كاریگه‌ر و گه‌وره‌ له‌ پاراستنی تونێل و سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رخۆدانی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل له‌ شه‌ڕدا بگێڕن و توانیویانه‌ گورزی قورس له‌ سوپای توركی داگیركه‌ر بده‌ن. بۆ نموونه‌ ڕۆژی ٢٩ی حوزه‌یران دوو ئۆپه‌راسیۆن له‌ دوو ناوچه‌ی جیاواز و به‌ به‌كارهێنانی دوو تاكتیكی جیاواز له‌لایه‌ن هێزه‌كان پاراستنی گه‌ل، به‌ڵگه‌یه‌كه‌ بۆ سه‌ڵماندنی ئه‌وه‌ی مرۆڤ گه‌وره‌ترین ته‌كنه‌لۆژیاییه‌ و ده‌توانێت له‌به‌رامبه‌ر ته‌كنه‌لۆژیا له‌ هه‌موو باردۆخ و شوێنێكدا خۆڕاگری و تێكۆشان بكات.

هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل و تیمه‌ گه‌ڕۆكه‌كانیان توانیان له‌ ڕۆژی ٢٩ی حوزه‌یران، له‌ ناوچه‌ی خواكورك به‌ به‌كارهێنانی چه‌كی قورس و له‌ هه‌مان ڕۆژدا له‌ ناوچه‌ی زاپ له‌ ڕێگه‌ی تاكتیكی نیشانشكێنی گورز له‌ سوپای توركی داگیركه‌ر بده‌ن. ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ڕۆژی ٢٩ی حوزه‌یران به‌ بۆنه‌ی پێشوازیكردن له‌ ڕۆژی ٣٠ی حوزه‌یران، كه‌ له‌ مێژووی تێكۆشانی كورد دا ڕۆژێكی گرنگه‌، له‌لایه‌ن گه‌ریلاوه‌ ئه‌نجامدراون. ڕۆژی ٣٠ی حوزه‌یران ڕۆژی گیانبازی زه‌ینه‌ب كناجی-یه‌، كه‌ له‌نێو كورددا به‌ (زیلان) ناسراوه‌. زیلان له‌و ڕۆژه‌دا به‌ به‌ختكردنی گیانی و شه‌هیدبوونی توانی، ڕۆژێكی گرنگ به‌ مێژووی تێكۆشانی گه‌لی كورد و تێكۆشانی ئازادی ژنان و ژیانی ئازاد بۆ كورده‌كان و گه‌لانی تریش زیاد بكات.

ژ.ن