یوکسەل گەنچ: ڕووداوەکانی خۆکوشتن لە کوردستان و تورکیا ڕوو لە زیادبوونن

یوکسەل گەنچ ڕێکخەری 'سامەر' ڕایگەیاند: "لەماوەی 24 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە سیاسییەکانەوە، گوشار، هەژاری، ئاستەنگییەکانی ئازادی بیر و ڕا، ژمارەی خۆکوشتنەکان ٥/٢٪ زیادی کردووە.

لە کوردستان سیاسەتی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی ئاکەپە – مەهەپە لەدژی گەنجان ڕۆژانە ئاستێکی جیاواز بەخۆیەوە دەبینێت. لە لایەک گەنجانی کورد بەرەو مادەی هۆشبەر دەچن و لە لایەکی دیکەشەوە ژمارەی خۆکوشتنەکان لە زیادبووندایە. هەروەها لێکۆڵینەوەکانی ناوەندی بەدواداچوونی مەیدانی سیاسی- کۆمەڵایەتی (SAMER) ئەم بابەتە پشتڕاست دەکاتەوە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕێژەی خۆکوشتن لە زیادبووندایە. شاری سیرت لە پلەی یەکەمی خۆکوشتنەکاندایە و هەروەها شاری ئامەد لە پلەی یەکەمی خۆکوشتنی منداڵاندایە.

یوکسەل گەنچ ڕێکخەری گشتی ناوەندی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە مەیدانی کۆمەڵایەتی-سیاسی (سامەر)، هۆکار و پاڵنەری خۆکوشتنەکان لە کوردستان و تورکیای هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند: "لەماوەی ٢٤ ساڵی ڕابردوودا حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە کوردستان و تورکیا بە ڕێژەی ٢.٥٪ زیادی کردووە. حاڵەتەکانی خۆکوشتن ئاماژە بە کۆمەڵێک کێشەی جددی لە کۆمەڵگای سیاسی تورکیا نیشان دەدەن. لەبەر ئەوەی قەد حاڵەتی خۆکوشتن تەنها لەبەر خواستی مرۆڤەکانەوە نییە. لە هەمان کاتدا ئەوانەی کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن، لەبارەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی-کولتووری و کەشی سیاسییەوە پەیام دەدەن.

بۆیە ناکرێت بڵێین زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە تورکیا و کوردستان ئاساییە و گرێدراوی کەشوهەوای سیاسی نییە لە ماوەی ٢٤ ساڵی ڕابردوودا.سەرەڕای ئەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی خۆی دەگۆڕێت. بە تایبەتی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بەم هۆکارانەوە هەیە. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە کوشتنەکان بە ڕێکەوت نین، بەڵکوو دەرئەنجامی سیاسەتێکی بنەڕەتین."

یوکسەل گەنچ ئاماژەی بەوەشدا کە حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە کوردستان لە زیاد بوونە و پێویستە بە شێوەیەکی تایبەت هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و وتی: "ژمارەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە هەرێمەکەدا لە هەندێک شار بە بەراورد بە هەموو تورکیا زیاترە. بەتایبەت لە ٧ شاری کوردستاندا لەم بوارەوە سەرنج ڕاکێشن. شڕناخ، سیرت، مێردین، ئەرزینگان، ئەرزروم، ڕحا و جولەمێرگ. لەم شارانەدا ڕێژەی زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن زیاترە لە ڕێژەی گشتیی تورکیا. دەبینین لە شارەکانی کوردستان زۆرترین حاڵەتی خۆکوشتن لە نێوان تەمەنی ١٥بۆ ١٩ ساڵیدایە. بۆیە دەکرێت بڵێین ڕێژەی خۆکوشتنی منداڵان بەتایبەت لە شاری ئامەد لە بەرزترین ئاستدایە.

یوکسەل گەنچ لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی کە پێویستە هەوڵدانێکی جددی بکرێت بۆ کەمکردنەوە و کۆتاییهێنان بە حاڵەتەکانی خۆکوشتن، ڕایگەیاند: "دەبینین قەیرانەکانی سیستەم کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر حاڵەتەکانی خۆکوشتن هەیە. شارەکانی کوردستانیش کە دامەزراوە و ڕێکخراوە مەدەنیەکانی لاواز دەکرێن، وەکوو پێویست ناتوانن لە بەرامبەر ئەم دۆخە بوەستنەوە. چونکە گرنگترین ڕێگا بۆ ڕێگریکردن لەم ڕووداوانە هۆشیاری کۆمەڵایەتی و کاری هاوبەشە."