ڕژاک: ئامانجی دەوڵەتی تورک قڕکردنی تاکی کورد و لێدان لە یەکێتی نەتەوەییە

ڕژاک هێرشەکەی دوێنێی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی لە ڕانیە شەرمەزارکرد و دەڵێت: "ئامانجی دەوڵەتی تورک قڕکردنی تاکی کورد و لێدان لە یەکێتی نەتەوەییە".

دوێنێ دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە گوندی بۆسکێن سەر بە قەزای ڕانیە، لەڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرشی کرد، بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی برینداربوون و زیانێکی زۆر بە چەند ماڵ و دووکانێک کەوت، ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان (ڕژاک)، ڕاگەیاندراوێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و هێرشەکەی شەرمەزار کرد.

ڕژاک سەرەتا ئاماژە دەکات بە هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشووری کوردستان، تیشک دەخاتە سەر ئامانجی ئەم هێرشانە و دەڵێت: "ئامانج له‌و هێرشانه‌ بریتییه‌ له‌ چاوترسێنكردنی خه‌ڵک و دوورخستنه‌وه‌یان له‌ بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان و قڕكردنی تاكی كورد و زیان لێدان له‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی".

ڕژاک تیشک دەخاتە سەر بێدەنگی دەسەڵاتدارانی باشوور سەبارەت بە هێرشەکان و دەڵێت: "بێ ده‌نگی سه‌رانی باشووری كوردستان و بێ هه‌ڵوێستییانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌وڵه‌ داگیركاریانه‌دا و كۆمه‌ڵكوژكردنی گه‌له‌كه‌مان به‌ بیانووی جۆراوجۆری بێ بنه‌ما له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر، هه‌روه‌ها ساردی شه‌قام و بوونی كه‌مترین هه‌ڵوێستی خه‌ڵكی باشووری كوردستان له ‌به‌رامبه‌ر كردارگه‌لێكی له‌م شێوه‌یه‌، ئه‌و ساردیه‌ له‌ هه‌ڵوێست و بێ ده‌نگییه‌ی پارت و لایه‌نه ‌كوردییه‌كان هه‌روه‌ها نه‌بوونی هاوده‌نگییه‌كی تۆكمه‌ و به‌هێز له‌به‌رامبه‌ر داگیركاری كه‌ ساڵه‌هایه‌ به‌ سیاسه‌ت و شێوازی جیاواز، له‌ ئێستاشدا به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و به‌رچاو، له‌سه‌ر خاک و گه‌له‌كه‌مان له ‌باشووری كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، هۆكارێكی ڕێخۆشكه‌ره‌ له‌به‌رده‌م دژمن،  كه‌ به‌ ئاسانی و به‌شێوه‌یه‌ک كه‌ هیچ ئاسته‌نگییه‌ک له‌به‌رده‌م خواست و ئامانجه‌كانیدا نه‌بینێ و به‌رده‌وامی به‌ ستراتیژییه‌تی داگیركارانه‌ی خۆی بدات".

ڕژاک بانگەواز دەکات بۆ یەکڕیزی و دەڵێت: "داوای درووستكردنی هه‌ماهه‌نگییه‌كی تۆكمه‌ و به‌ره‌یه‌كی دژبه‌داگیركاری ده‌كه‌ین كه‌ ڕه‌نگی خۆی له‌ هه‌موو پارت و لایه‌نه‌ ئایدیا جیاوازه‌كانی باشووری كوردستان به‌تایبه‌تیش ژنان وه‌رگرتبێ، چونكه‌ هه‌لوێست دژبه‌داگیركاری ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌...پێویسته‌ دروشمی "نا" بۆ داگیركاری بكه‌ینه‌ هه‌وێنی پێكه‌وه‌بوونمان و هاوده‌ستبین بۆ له‌گۆڕنانی خه‌ونی دوژمنانی دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان، هه‌روه‌ها پێویسته‌ ئاخاوتن ببه‌ینه‌ واری پراکتیک و كردار له‌م پێناوه‌دا".