ڕژاک: ئازادی بە پێشەنگایەتی ژنان دەستەبەر دەبێت

رژاک سڵاوی لە بەرخۆدانی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و وتی، " ئازادی بە پیشەنگایەتی ژنان دەستەبەر دەبێت.

رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) راگەیەنراوێکی لەبارەی بەرخۆدانی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و ئەوەی خستەڕوو، هەموو گۆڕەپانێک بە پێشەنگایەتی ژنان دەبێتە گۆڕەپانی ئازادی، لەم رۆژانەی دواییدا بە پێشەنگایەتی ژنان و گەلانی کورد و ئێران بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بەرخۆدان بەڕێوە دەبرێت.

راگەینراوەکەی ڕژاک بەم شێوەیەیە:

هەر گۆڕەپانێ ژن، تێدا پێشەنگ بێت، ئەو گۆڕەپان دەبێت بە گۆڕەپانی ئازادی

چەند ڕۆژێكە شاهیدی ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلی كورد و هەموو گەلانی ئێرانین، بە ڕێبەرایەتی ژنان. ڕاپەڕینێك كە دەرئەنجامی ناڕەزایەتی و تووڕەبوونی خەڵكی ئێرانە لەم دەیان ساڵەدا. وەك دەزانین دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی حاكمیەتێكی پیاوسالارە كە شوناس و ئیرادەی ژن پشتگوێ دەخات و ئەو دەخاتە پەراوێزەوە. هەندێك جار بەناوی شەرەفەوە، هەندێك جار بەناوی یاساوە ژنان دەكۆژن یان ناچاریان دەكات خۆكۆژی بكات. لەماوەی ئەم چەند دەیەیەدا بە ناو، دەسەڵاتداران گۆڕاون، بەڵام گرنگ نییە، چونكە حكومەت پیاوسالارە و سیاسەتی پەسەندكراو دژە ژنە. ژنان لەم ساڵانەدا لەگەڵ چەندین پرس و كێشەدا ڕووبەڕوو بوونەتەوە. زۆر ژن بە شێوەی زۆر دڕندانە بەناوی شەرەفەوە كوژران. زۆرێك لە ژنان بەهۆی داكۆكیكردن لە مافەكانیان زیندانی كران، وەك زەینەب جەلالیان كە ماوەیەكی زۆرە زانیارییەك زۆر ڕاست لە سەری ناگەیەتە دەستمان، لە ئێران هێشتا ژنان لەبەر چوون بۆ یاریگا و گۆرانی وتن ڕووبەڕووی كێشە و ئاستەنگی زۆر دەبنەوە. زۆر جار بینیومانە چۆن سیستەم حیجابی بەسەر ژناندا سەپاندووە. لە ڕاستیدا سیستم بەم ئەم پەیامە دەیەوێت زاڵ بێت بەسەر بیر و ڕۆحی ژناندا و دەستوەردان لە هەموو كاروباری ژیانیان بكات.

لە ماوەی كەمتر لە چەند ڕۆژێكدا دوو ژنی كورد بە ناوەكانی شلێر ڕەسووڵی و ژینا ئەمینی كرانە ئامانج. شلێر ڕەسووڵی لەلایەن دەستدرێژكارێكەوە هێرشی كرایە سەر بەناوی گۆران، هێشتا دۆخی ڕوون نەبووە كاتێك ژینا ئەمینی لەلایەن سیستمی دەستدرێژكارەوە هێرشی كرایە سەر. ئەمە واقیعی عەقڵیەتی ئێرانە كە شەرعیەت بە عەقڵیەتی دەستدرێژكاران دەبەخشێت. حكومەت نیشانیدا كە شوێنەكە زۆر جیاواز نییە، ئەم عەقڵییە هێرشە بۆ ژنان چ لە ماڵەوە بێت یان لە سەر شەقام بێت، لە كوردستان بێت یان لە ئێران.

بەڵام ئەوەی دوای ئەم پێشێلكارییە ڕوویدا گرنگە! حكومەت هەوڵیدا ژن سەركوت بكات، ژنان لە بەرامبەردا بێدەنگ بمێنن! بەڵام پرسیاری بنەڕەتی لێرەدا ئەوەیە كە چۆن تا ئەم ڕادەیە سەركوت بكەن، بەڵام لە ژنان چاوەڕێی بێدەنگی بكرێت؟. هەرچەند حكوومەت لەم ساڵانەدا لەكردار و كردەوەی خۆی نیشانی دا كە هەموو بوارەكانی فەرهەنگی و سیاسی و كۆمەڵایەتیی بۆ ژنان بەرتەسك كردۆتەوە، بەڵام بە ئامادەبوونی بەهێزیان ژنان پێشەنگی ئەم ڕاپەڕینە شكۆمەندەیان لە سەرتاسەری ئێراندا گرت. ژنان جارێكی دیكە نیشانیان دا كە ئەوان تەنیا قوربانی نین، بەڵكو بە پێشەنگی خۆیان توانیان ببنە هێزێك بۆ باقی كۆمەڵگا. ئەم ڕاپەڕینە لە ڕاستیدا وەڵامێكی گەورە بوو بۆ حكومەتی ئێستا.

وەك بینیتان ژنان لە هەموو ئێراندا دروشمی ژن، ژیان، ئازادییان دەوتەوە. دروشمێك كە هەموو ژنانی پێكەوە یەكخست. ئەمەش دەریخست كە ژنان لە هەر شوێنێك بن، ئامانجێكی هاوبەشیان هەیە بە ناوی ئازادی. ریشەی ئەم دروشمە دەگەڕێتەوە بۆ خەباتی رزگاریخوازی ژنانی كورد كە زیاتر لە ٤ دەیە خەبات دەكەن، و تەنیا لە كوردستاندا قەتیس نەبوو، بەڵكو هەموو جیهانی و ئێستا ئێرانیشی گرتەوە! لەم ڕاپەڕینانەدا ژنان نیشانیان دا كە چۆن پشت بە ئیرادەی گەوهەری خۆیان دەبەستن و خەبات دەكەن.

هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا شاهیدی پشتیوانی ژنان بووین، ئەو پشتیوانییەی كە هەڵگری پەیامێكە و واتە لە هەر شوێنێك بین، دژی عەقڵیەتی پیاوسالاری تێكۆشان دەكەین و پێویستمان بە یەكگرتنە بۆ بەرفراوانترین خەبات و تێكۆشان. بۆیە ئێمەش وەكو رێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان(رژاك) پشتیوانی خۆمان بۆ راپەڕینی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان رادەگەیەنین و دەڵێین “بە پێشەنگایەتی ژنان و ئازادیان، ئازادی كۆمەڵگە مسۆگەر دەكرێت”.

ف.ق