زیندانیی نەخۆشی تەمەن ٧٩ ساڵ ماوەی شەش مانگە لە زینداندایە

هادی ئۆزەری تەمەن ٧٩ ساڵ کە چەند نەخۆشی لەگەڵدایە لە ٩ی ئایارەوە لە وان لەزینداندایە. کوڕەکەی بە ناوی مەدەنی ئۆزەر باسی لەوەکرد کە سەرباری چەندین نەخۆشی، ماوەی شەش مانگە باوکی لە زینداندایە.

لە ناوچەی ئەدرەمیتای وان، لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠١٨ لە هەڵکوتانە سەر ماڵاندا مەقبولە ئۆزەری تەمەن ٨٠ ساڵ و هاوژینەکەی هادی ئۆزەری تەمەن ٧٩ ساڵ لەگەڵ منداڵەکانیان دەستگیرکرابوون. لە ئەنجامی لێپرسینەوە کە لەدژی ئەو بنەماڵەیە بەڕێوەچوو، سزای دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا و دادگای باڵاش سزاکەی پەسەند کرد. دواتر هادی ئۆزەر و مەقبولە ئۆزەر لە ٩ی ئایاری ئەمساڵدازیندانی کران. مەقبولە ئۆزەر کە باری تەندروستی باش نییە لە ٧ی ئەیلولدا ئازادکرا و ماوەی سزاکەی بۆ ساڵێک هەڵپەسێردرا. هادی ئۆزەرلە نەخۆشی قورسی لەگەڵدایە، شەش مانگە لە زینداندایە.

هادی ئۆزەر کە چەندین نەخۆشی درێژخایەنی هەیە، وێڕای تەنگەنەفەسی، رۆماتیزم، ئازاری ئێسک و پشت، لەشیشی ئاوساوە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە ئازاد ناکرێت.

مەدەنی ئۆزەر کوڕی هادی ئۆزەر باسی لەوەکرد کە باوکی ئەو نزیکەی شەش مانگە لە زینداندایە و بە بێ هۆکار لە زینداندایە و ئەوەی خستەڕوو کە سیاسەتی نکۆڵی و سڕینەوە لە لایەنهەموو کوردانی خاوەن ویژدانەوە باسی لێدەکرێت و وتی: "ئەو کێشەیە ئیتر بۆ تورکیا بووەتە گرێ پوچکە. کێ زیاتر نکۆڵی بکات، ستەم و زۆرداری لە گەلی کورد بکات، لە وڵاتەکەدا دەبێتە 'قارەمان' و ئەمە بووەتە نەریت. ئەمە تەنیا بابەتی کەسێک نییە، بە سەدانمرۆڤی بێتاوان و بێگەرد بە شێوەیەکی نایاسایی لە زیندانەکاندا راگیراون. لەو زیندانانەدا بەساڵاچوو، نەخۆش، گەنج، منداڵ و ژنییان تێدایە".

ئۆزەر باسی لەوەکرد، کە هەفتەی رابردوو کاتێک چووبووە سەردانی باوکی، دیتبووی کە تەندروستی ئەو باش نییە و هەروەها وتی، "سەرباری ئەو ئازارەی هەیبوو بۆ ئەوەی ئێمە نیگەران نەبین هەوڵیدەدا واپیشانی بدات کە باشە. کاتێک لە چاوی باوکمان روانی، بینیمان کە زۆر ئازار دەچێژێت، ئازارێکی زۆر قورسی هەبوو. چاوەکانی پڕ لە خەم بوون، دەستەکانی دەلەرزین. بە هۆی هەوای ساردە دەیگوت کە 'ئێسکەکانم هەرگیز گەرم نابنەوە، هەڵدەلەرزم، ٢٤ کاتژمێر لە ناو پێخەفەکەمدا نایەمە دەرەوە'. بۆ ئەوەی ئێمە دڵتەنگ نەبین باسی ئەو ئازارانەی نەکرد کە چەشتوویەتی و وتی، 'نامەوێت زۆر قسە بکەم، نامەوێت ببمە هۆی نیگەرانیتان'. بنەماڵەکەمان زۆر دڵتەنگ و نیگەرانە. بەڵام ئەمە تێکۆشانە؛ دەبێت ئێمە لە دژی سیستمێکی ستەمکار و نایاسایی خۆڕاگری بکەین. ئەو شوێنەی دادپەروەری تێدا نەبێت، لەوێ تەنیا چەوساندنەوە هەیە. ئێمە بۆ هەموو گیراوان، دادپەروەرییەکی خێراتر دەخوازین. دوژمنایەتی بەرامبەر بە گەلی کورد رۆژ لەدوای رۆژ زیانی زیاتر بە تورکیا دەگەیەنێت. ئیتر تەنیا کێشەی کورد نییە، لەگەڵ کێشەی کورد بووەتە کێشەی گەلانی تورکیا. ئێمە دەمانەوێت زووتر دادپەروەری بچەسپێنرێت".

هـ . ب