مەخمورییەکان لە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی چالاکیان ئەنجامدا

دانیشتوانی مەخمور بەمەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر چالاکییان ئەنجامدا.

لە کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) بە چالاکییەکی بێدەنگ، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر گەریلاکانی ئازادی کوردستان شەرمەزار کرا. لە سەرەتای چالاکییەکەدا خولەکێک رێزلێنان لە شەهیدانی کوردستان ئەنجامدرا.

چالاکوانان وێنەکانی ئەو گەریلایانەی بە چەکی کیمیایی شەهیدبوون، لەگەڵ ئەو پلاکاردانەی لەسەریان نوسرابوو، "چەکی کیمیایی تاوانی مرۆڤایەتیە"، "جیهان بەرامبەر بە بێ ئەخلاقی دەوڵەتی تورک و پەدەکە بێدەنگە"، "کورستان گۆڕستانی فاشیستان" و "ئێرە زاپ، ئاڤاشین و مەتینایە، ئێرە کۆڵانەکانی کۆبانێیە" بەرزکرانەوە.

بۆ ئەوەی سەرنج بۆ سەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی رابکێشن، چالاکوانان جلی خۆپاراستن لە چەکی کیمیاییان لەبەر کردبوو و بە بەرزکردنەوەی دروشمی "چارەنووسمان بە دەست خۆمانەوەیە" و " ئێوە ناتوانن ئیرادەی ئێمە بە کیمیایی بکوژن" ویستیان دەنگی خۆیان بگەیەننە رای گشتی جیهان.

چالاکییەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بمرێت خیانەت" و "بژی بەرخودانی گەریلا" کۆتاییهات.

هـ . ب