رۆژبین پەرێشان کە دوای ٣٠ ساڵ ئازادکرا، بە شێوەیەکی جەماوەری پێشوازی لێکرا

رۆژبین پەرێشان کە ٣٠ ساڵ لە زیندانی تورکدا راگیرابوو، ئازادکرا، پەریشان لە زێدی خۆی لە ئامەد بە شێوەیەکی جەماوەری پێشوازی لێکرا.

نوسەر رۆژبین پەریشان رۆژی ٣٠ی تشرینی یەکەم لە زیندانی داخراوی ژنانی گەبزە ئازاد کرا.

پەریشان ساڵی ١٩٧٣ لە ناوچەی لیجەی ئامەد لەدایکبووە، ساڵی ١٩٩٢ لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا دەستگیرکرابوو.

پەریشان لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتەوە کە دادگایی کردنی دادپەروەرانەی تێدا نییە، بە بانگەشەی 'ئەندامبوون لە رێکخراو' سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرابوو.

پەریشان دوای ٣٠ ساڵ ئازاد کرا و لە ئیستەنبوڵەوە بە فڕۆکە گەڕایەوە بۆ ئامەد.

پەریشان لە فرۆکەخانەی ئامەد لەلایەن کۆمەڵەی هاریکاری و پشتیوانی لە بنەماڵەی سزادراوان و زیندانیان (توئای-دەر)، ئەندامانی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی، چالاکوانانی بزوتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا)، کۆمەڵەی یەکێتی و کولتوری هاریکاری و پشتیوانی لەو بنەماڵانەی کەسوکاریان لە لانکەی شارستانیەتدا بێسەروشوێنبوون (مەبیا-دەر)، پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە شار و ناوچەکان، رێکخستنی هەدەپەی ئێلیح، پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد رەمزیە تۆسون، کۆمەڵەی نوسەران و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان بە گوڵ، هەلهەلە، چەپڵە و دروشمی 'ژن ژیان ئازادی' پێشوازی لێکرا.

پۆلیسەکان نەیانهێشت کە رۆژنامەوانان وێنەبگرن و رێگریشیان کرد لە لێدوانی رۆژنامەوانی پەریشان لەناو فڕۆکەخانە.

رۆژبین پەریشان لەگەڵ هاتنەدەرەوەی لە فڕۆکەخانە بەم جۆرە دوا: "هیچ شتێک لە شکۆ و ئازادی خۆستر نییە". جەماوەرەکە تا ماڵی پەریشان لە باغڵەر ئەویان بەڕێکرد.

هـ . ب