ئەنجومەنی گەلی مەخمور داوای هاوکاری پزیشکی کرد

ئەنجومەنی گەلی دیمۆکراتیکی مەخمور لە لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا بە هۆی زیادبوونی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ سەر پەنابەرانی کەمپەکە، بانگەوازیەکی ئاڕاستەی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کرد و داوای هاوکاری پزیشکی کرد.

ئەنجومەنی گەلی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی – مەخمور، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی کامپەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێداویستی پزیشکیان بەرەو نەمان دەچێت و ژیانی هاوڵاتیانی کەمپەکە لەمەترسیدایە، داواش لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن هاوکاریی کامپەکە بکەن.

ئەمڕۆ، لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی – مەخمور، لەسەر بارودۆخی هاوڵاتیانی ناو کامپەکە و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی ساز کرا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکدا حاجی کاچان هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی مەخمور قسەی کرد و وتی:" لەبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، مەترسی لەسەر ئێمە دروست بووە، بۆیە داوای هاوکاریی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەکەین."

دواتر لەلایەن ڕۆژین ئیسڤ هاوسەرۆکی شارەوانی مەخمور ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە کە تێیدا هاتووە:" ئێمە وەک هاوڵاتیانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی- مەخمور کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و شاری موسڵ لە عێراق وەک پەنابەر دەژین، بەو پێیەش کە ڕەوشی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەک پێویست نییە، بەپێی لێدوانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئەوە بۆ ئێمەش جێگەی مەترسییە."

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:" ئێمە وەک گەلی مەخمور، بەپێی توانای خۆمان و بەو کادرە تەندروستی و پێداویستیە تەندروستیەکی کە هەمانە هەندێک ڕێوشوێنمان گرتووەتەبەر، هەندێک قوتابخانەمان بۆ شوێنی مانەوەی نەخۆش ئامادەکردووە، نزیکەی ١٢٨ هاوڵاتی لە شارەکانی دەوروبەرەوە گەڕاوەتەوە مەخمور، کەرەنتینە کراون، ٤٧ کەسیان ماوەی کەرەنتینەیان تەواو کردووە و گەڕاونەتەوە ماڵەوە، ئەوانی دیکە لە کەرەنتینەدان، بەڵام پێداویستییە پزیشکییەکانمان بەرەو نەمان دەچێت.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: وەک گەلی مەخمور داوا لە ڕیکخراوە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق دەکەین، پێداویستی پزیشکیمان بۆ دابین بکەن، هەروەها پێویستییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنامان بۆ دابین بکەن، لەو باوەڕەشداین کە هەموان دەنگی ئێمە ببیستن و بە هانامانەوە بێن."

ز.ش