ئەنجومەنی گەلی مەخموور نامەیەکی بۆ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری نارد

ئەنجوومەنی گەلی مەخموور نامەیەکی بۆ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان نارد و لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا داوای پشتگیری و هاوکاری کرد.

ئەنجوومەنی گەلی مەخموور لە نامەیەکیدا ڕایگەیاند، بە هۆی دۆخی خرابی هەرێمەکە و گەمارۆی سەر کەمپەکە ، لە ڕووی تەندروستیەوە ناتوانن پێویستی سەرەتاییەکان بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دابین بکەن و داوای لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کرد لەو ڕووەوە هاوکاری کەمپەکە بکات.

نامەی ئەنجوومەنی گەلی کەمپی شەهید ڕووستەم جوودی بەم شێوەیەیە:

"وەک هەموو گەلانی جیهان ئێمەش دۆخێکی سەخت و زەحمەت تێدەپەرێنین. بەڵام بە هۆی شەڕ و هێرشەکان دۆخی گەلی کورد جیاوازترە. هەروەها لە ڕووی ڕووبەڕووبوونەو و بەرەنگاربوونەوەوە و بەدەستهێنانی پێداویستیەکان ئێمە زیاتر ڕووبەڕووی مەترسی بووینەتەوە. ئەمڕۆ گەلەکەمان لە چوار پارچەی کوردستان لەژێر مەترسیدایە. لەگەڵ ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرکەوتووە و کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دروست کردووە، لە تورکیاش هێرشی دەوڵەتی تورک لەسەر ئیرادەی گەل بەردەوامە. لە لایەکی ترەوە لەناو ئەم دۆخە سەختەدا دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی گەنجانی کورد لە لایەن ڕژێمی خوێنمژی ئێرانەوە نەوەستاوە. لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بە هۆی هێرشەکانی چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە گەل دەربەدەر بووە و ئاویش لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بڕاوە. لە باشووری کوردستان هێرشەکانی سەر شەنگال و مەخموور بە هەموو هێزێکیانەوە بەردەوامن. هەم ئەو هێرشانە و هەم دابین نەکردنی پێداویستەکانی گەل لەناو ئەم دۆخە ئاڵۆزەدا کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بڵاوبووەتەوە، گەلەکەمانی زیاتر خستووەتە تەنگەزاریەوە و مەترسی لەسەر داهاتوو و ژیانی گەلەکەمان دروست کردووە.

وەک گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان، گەلی مەخمووریش ڕووبەڕووی سەختی و زەحمەتیەکان بووەتەوە، دۆخی ئێمە لە ئەوانەی تر جیاوازتر نییە و ئێمەش ڕووبەڕووی سەختیەکی زۆر بووینەتەوە. لە لایەکەوە بە هۆی هێرشەکانی داعشەوە و لە لایەکی ترەوە بە هۆی گەمارۆی سەرمان کە چەندین مانگە بەردەوامە، هەم بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ، مەترسی لەسەر گەلەکەمان زۆرتر بووە و ئێستا ڕووبەڕووی کێشەیەکی زۆر بووینەتەوە. ڕۆژ بە ڕۆژ کێشەکان زیاتر دەبن و ئێمەش ناتوانین چارەسەریان بکەین. لە لایەک قەدەغەی هاتوچۆ، ئێمەی خستووەتە ناو چارەنووسێکی نادیار و ڕووبەڕووی مەترسی ژیانی بووینەتەوە. هەم لە ڕووی ئابۆریەوە و دابینکردنی پێداویستی ژیان ، هەم لە ڕووی پێداویستی تەندروستیەوە ئێمە لە دۆخێکی خرابداین. بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە  و بۆ دابینکردنی پێداویستی گەل پێویستە زیاتر لە هەموو لایەک ڕێکخراو و لایەنە کوردیەکان گوێ لە دەنگی ئێمە بگرن و هاوکاریمان بکەن.

بۆیە ئێمە سەرەتا بە هۆی سەرکەوتنی دەزگای تەندروستی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕووی ئاشکراکردن و دیاریکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگەڵ رێکخراوێکی سویدی لە ڕێگای ئامێرێکەوە ، پیرۆزبایی لە ڕۆژئاوا کوردستان دەکەین و خۆشحاڵی خۆمان دەردەبڕین. بۆ ڕووبڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئەو هەنگاوەی لە لایەن پزیشکە کوردەکانەوە نراوە بۆ هەموو جیهان و هەموو گەلی کورد پێشکەوتنێکی گەورەیە و جێگای شانازیە. ئێمە لەو بروایەداین ئەم دۆزینەوەیە بۆ تێکۆشانی گەلان لەبەرانبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێتە هیوایەک و مرۆڤایەتی لەبەرانبەر کۆرۆنا سوودی لێوەردەگرێت. ئێمە وەک گەلی مەخموور بانگەواز و داوا لە دەزگای تەندروستی ڕۆژئاوای کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتیکی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین کە ئەو ئامێرەی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگەیننە دەستی دەزگای تەندروستی کەمپی مەخموور  و لەو ڕووەوە هاوکاریمان بکەن. ئێمە لەو براوایەداین لەو ڕووەوە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هاوکاریمان دەکات.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابینکردنی پێداویستی گەلان کە لە لایەن دەولەتە دەسەڵاتدارەکان دەرکەوتووە پێویستی بە هاوکاری و یەکگرتنی گەلان هەیە. لەبەرئەوەی ئەو دۆخەی کە ئەمڕۆ ئێمەی تێدا دەژین و ڕووبەڕوومان بووەتەوە بە تەنها نەخۆشیەک بە هۆی ڤایرۆسێکەوە نییە، بەڵکو تەنگەزاریەکی گەورەی ڤایرۆسی مرۆڤ و دەسەڵاتداری بێویژدانە لەدژی یاسا نێونەتەوەییەکان. وەک گەلێکی پەنابەر ئێمە بانگ لە خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین کە هەم لە ڕووی ناردنی ئامێری ئاشکراکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەم لە رووی دابینکردنی دەماک، جیهازی ئۆکسیجن، دەرمان، جلی تایبەت و کەلوپەلی تردا و دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکان هاوکاریمان بکەن. بانگەوازیشمان بۆ هەموو دەزگاکانی مافی مرۆڤ و دەزگا تەندروستیەکان چوار پارچەی کوردستان و جیهان ئەوەیە گوێ لە دەنگی ئێمە بگرن و لەم دۆخەدا جێی خۆیان لەگەڵ ئێمەدا بگرن و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دۆخە سەختە هاوکاریمان بکەن.

بە هیوای ئەوەی مرۆڤایەتی بە زودترین کات بە کەمترین زیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕزگار ببێت و لەگەڵ ڕێز و سڵاو..."

ف.ق