بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریکردنی مەخمور دەربڕی

ئەنجومەنی بەڕێوەبەڕایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا وڵامی بانگەوازیەکەی ئەنجومەنی گەلی دیمۆکراتیکی مەخموری دایەوە کە بۆ رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا داوای هاوکاری کردبوو.

 بەرێوبەرایەتی خۆسەر جەختی کردەوە کە ئەوان ئامادەن، لەم رووەوە پشتگیری و هاوکاری پێویست پێشکەش بە کەمپی مەخمور بکەن.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو دەرفەتانەی لە بەر دەستیاندایە، بە مەبەستی رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەوان ئامادەن هاوکاری پێشکەش بە پەنابەرانی مەخمور دەکەن.

بێریڤان خالد هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە ANHA’-ی راگەیاند ئەوان بەدەم بانگەوازیەکەی ئەنجومەنی گەلی مەخمورەوە دێن و هەموو پێداویستیە پزیشکیەکان بۆ کەمپی مەخمور دەنێرن و وتیشی، ئەمە ئەرکێکی مرۆییە کە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان.

خالد هاوکات رایگەیاند، ئەوان ئامادەن هەموو جۆرە هاوکاریەک پێشکەش بە هەر ناوچەیەک بکەن کە پێویستیان پێی هەیە.

شایەنی باسە، دوێنێ ئەنجومەنی گەلی مەخمور نامەیەکی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کردبوو و بۆ رووبەرووبوونەوەی مەترسیەکانی کۆرۆنا، داوای هاوکاری لێکردبوو.

ز.ش