"تا ئەو کاتەى دەبین بە خاک دەستبەرداری خاکەکەمان نابین"

ژنانی برادۆست رایانگەیاند، لە دژی هێرشەکانى دەوڵەتى تورک رادەوەستن. راشیانگەیاند "تا ئەو کاتەى دەبین بە خاک دەستبەرداری خاکەکەمان نابین".

ئەو ژنانەى برادۆست کە بە بەردەوامى بوونەتە پشتیوان و هاوکاری بەرخۆدان لە هەرێمى باشووری کوردستاندا و لە مێژووشدا بە بەردەوامی بە بەرخۆدان لەسەر پێ ماونەتەوە وتیان، بە پشتیوانیى خاکى خۆمان و بە پێداگرییەوە لە دژی ئەو زوڵمەش سەرکەوتوتین کە هەوڵى داوە زۆر درێژە بە خۆی بدات.

مریەم یەکێک لە هاووڵاتییانەی برادۆستە کە لە کوێستانی ناوچەکەیدایە و وتى "زیاتر لە ٤٠ ساڵە بەردەوامن لە چوون بۆ کوێستان. بەڵام پێشتر کوێستانەکان خۆشتربوون، ئێستا داگیرکەر ناهێڵێت بە ئارامی و ئاسوودەیى بژین. هەموو رۆژێک دەورووبەرمان بۆردومان دەکات. ئێمە ناتوانین لە کوێستانەکانى خۆمان ئاژەڵەکانمان بلەوەڕێنین. ئەوە هەم بۆ ئاژەڵەکانمان خراپە و هەم ئەگەری ئەوە هەیە کە ئیتر ناچار بین کۆتایى بە کاری ئاژەڵداری بهێنین، کە تاکە سەرچاوەى بژێویى گەلی ئەم ناوچەیەیە".

مریەم وتیشی "ئێران و تورکیا بە بەردەوامى بۆمبارانمان دەکەن. ئێمە یەکێتیى کوردمان دەوێت. تەنها بە یەکێتیى کورد دەکرێت پێش لە داگیرکەر بگیرێت و ئارامى بگەڕێتەوە بۆ برادۆست. ماوەیەک لەوە پێش بەهۆی تۆپبارانى دەوڵەتى تورکیاوە لە لێلیکان منداڵێکى تەمەن ٥ ساڵ شەهید بوو، بەڵام کەس ئەوە نابینێت. هەزاران کەسمان لێکوژراوە بەڵام زۆر کەس ئاگاداری ئەوە نییە. ئێمە دەمانەوێت تەمەنی خۆمان لەسەر خاکى خۆمان بەسەر ببیەین. ئێمە دەستبەرداری خاکى برادۆست نابین بۆ هیچ دەوڵەتێک. شەرەف و نامووسی مرۆڤە. ٤ کوڕ و ٣ کچم هەیە، پێویست بکات فیدای خاکەکەى خۆمانى دەکەین".

"خوێنمان لەم خاکەدا رژاوەو هەرگیز دەستبەرداری نابین"

ژنێکى تر بە ناوی سوار چەند ساڵێک لەوە پێش لە یەکێک لە گوندەکانى لێلیکانى ناوچەى سیدەکان هەموو ئەندامانی خێزانەکەى بەهۆی بۆردومانەوە شەهیدبوون و خۆیشی بریندار بووە. لەبارەی ئەو کۆمەڵکوژییەوە وتی "ئەگەر کاتى خۆی لە دژی ئەو کۆمەڵکوژییە رابوەستانایە ئەو داگیرکەرییەى ئێستا رووی نەدەدا".

سوار لەو کۆمەڵکوژییەدا دایک و ٢ برا و پورزاکانى شەهیدبوون ئەوەشی وت "جگە لەوانە چەندین شەهیدی ترمان هەیە. دەوڵەتى تورک بەردەوامە لە درێژەدان بە زوڵمەکەی. لەبەر ئەوەى کەس خاوەنداریى لە برادۆست نەکرد، تورکیا داگیرکەرییەکەى خۆی بە رەوا دەزانێت. بە فڕۆکەى جەنگى شوێنى ژیانى هاووڵاتییان بۆردومان دەکات. زۆر جار بەهۆی دەنگى فڕۆکەکانى تورکیاوە تاوەکو رۆژ بووەتەوە خەومان لێنەکەوتووە. گەل زیانى پێدەگات. ئێمە لە کوێستان دەژیین. جگە لەوەش هیچى ترمان نیە. ئێمە خوێنمان بۆ ئەم خاکە رژاندووە و هەرگیز دەستبەرداری نابین. دەبێت داگیرکەر ئەوە بزانێت. تاوەکو ئێمە نەبین بە خاک دەستبەرداری خاکەمان نابین".

ر.م