تەڤگەری ئازادیی لە ڕێگای کەمپەینێکەوە هاوکاری خەڵکی کەمدەرامەت دەکات

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕێگای کەمپەینێکەوە هاوکاریی دەگەیەنێتە خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت و تا ئێستاش نزیکەی ٥٠ ماڵ سوودمەندبوون لەو هاوکارییانە.

ماوەی چوار ڕۆژە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە شاری سلێمانی کەمپەینێکی دەستپێکردووە بۆ گەیاندنی کۆمەک و هاوکاریی بەو خەڵکانەی، کە بژێوییان لەسەر کاری ڕۆژانەیە و لە ئێستادا بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆوە توانای دابینکردنی بژێوی ژیانیان نییە.

کەمپەینەکە خۆی دەبینێتەوە لە دابەشکردنی خواردن و خواردەمەنیی پێوستیی ڕۆژانە و تا ئێستاش نزیکەی ٥٠ ماڵ سوودمەندبوون لەو هاوکارییانە.

ئازاد عومەر، هاوسەرۆکی هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی وت: لەم دۆخەدا بە ئەرکی خۆمان زانی هەستین بەم کەمپەینە، بۆ ئەو مەبەستە هاوکارییمان لە خەڵکی خێرخواز و مرۆڤدۆست کۆکردەوە و بە ئەمانەتەوە دەیگەیەنین بەو ماڵانەی کە پێویستییان پێیەتی.

وتیشی: دەیان کەس لەم چەند ڕۆژەدا پەیوەندییان پێوەکردووین و داوای هاوکارییان کردووە، هاوکارییەکانی ئێمەش شتێکی سەرەتایین بۆ پێداویستیی ڕۆژانە، بەڵام ئەو هاوکارییانەی کە تا ئێستا گەیشتوونەتە دەست ئێمە لە ئاست خواست و پێداویستییەکاندا نییە.

هاوسەرۆکی هەرێمی سلێمانی تەڤگەری ئازادیی جەختیشیکردەوە، کە تاوەکو خەڵکی خێرخواز هاوکارییان پێ بگەیەنن، ئەوانیش بەردەوام دەبن لە گەیاندنی هاوکاریی بە خەڵکی کەمدەرامەت.

ف.ق