زوڵمی دەوڵەتى تورک پەتای کۆرۆناش ناناسێت
ئیبراهیم خلیل بۆزکورت و خاڵۆزایەکى بە ناوی عەلی فیدانسۆ ماوەی ٩ رۆژ لە لقی دژە تیرۆری ئاسایشی رحا بە قورسی ئەشکەنجەکران. لە ژێر ئەشکەنجە و بە زۆر وتەیان لێوەرگیراوە.
ئیبراهیم خلیل بۆزکورت و خاڵۆزایەکى بە ناوی عەلی فیدانسۆ ماوەی ٩ رۆژ لە لقی دژە تیرۆری ئاسایشی رحا بە قورسی ئەشکەنجەکران. لە ژێر ئەشکەنجە و بە زۆر وتەیان لێوەرگیراوە.
زوڵمی دەوڵەتى تورک ڤایرۆسی کۆرۆناش ناناسێت و بەبێ وەستان ئەشکەنجەکانى بەردەوامیی هەیە. بەهۆی مەترسیی پەتاکەوە هەموو کەس دوای ژیانی خۆی کەوتوە و لە هەوڵی خۆپاراستندایە لەو پەتایە، بەڵام ئاشکرا بوو ماوەى ٩ رۆژە ئیبراهیم خەلیل بۆزکورت و خاڵۆزایەکى بە ناوی عەلی فیدانسۆی لەلایەن لقی دژە تیرۆری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی رحاوە لە ژێر ئەشکەنجەدان.
سەرداڵ بۆزکورت برای ئیبراهیم بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، براکە و خاڵۆزاکەی لەلایەن پۆلیسەوە پیلانگێڕییان لە دژ کراوە.
دوای ٩ رۆژ لە ئەشکەەنجەدانیان بە زۆر دانپیادانانیان پێ ئیمزاکردوون
بۆزکورت رایگەیاند، براکەى لە رووی دەروونییەوە نەخۆشە و لەگەڵ خاڵۆزەکەیاندا لە ١٨ی ئاداری ٢٠٢٠دا دەستگیرکراون.
راشیگەیاند "شەوی ١٨ی ئادار پۆلیس لە ناوەندی رحا هەڵیکوتایە سەر ماڵی ئیبراهیمی برام. کاتێک ئێمە هەڵکوتانەکەمان بیست چووم بۆ ئەوێ. پۆلیسی مۆڵەتى پشکنینیان پیشاندا و دەستیان بە پرسیار لە ئیبراهیم کرد. ماڵەکەیان پشکنی و هەر دەڕۆیشتن و دەهاتن. لە بەرەبەیاندا ئیبراهیم و عەلی فیدانسۆی خاڵۆزامیان دەستگیرکرد. دوای رۆژێک پارێزەرم نارد بۆ لقی دژە تیرۆر لە رحا. دواى چاوپێکەوتنەکە، پارێزەرەکە وتی، براکەت و عەلی لە ئاسایش ئەشکەنجە کراون و چاوی راستی ئیبراهیم زیانی بەرکەوتووە و ناکرێتەوە. بە ئەشکەنجە وتەیان لێوەرگرتن و بە زۆر پێیان ئیمزاکردوون. عەلیی خاڵۆزام بە پارێزەرەکەى وتووە، پۆلیس هەڕەشەی ئەوەى لێکردووە، کە کارەبای لێدەدەن و ئەویش بە ناچار ئەو دانپیانانەى ئیمزاکردووە".
باسی ئەوەشیکرد "براکەم و خاڵۆزاکەم کاتێک بە ئۆتۆمبێلەکەیان لە نێوان رحا – پرسوس دا بوون، سەرەتا لەلایەن ئۆتۆمبێلێکى مەدەنییەوە چاودێریکراون و دواتر پۆلیس رایگرتوون. کاتێک ئەوانیان دەستگیرکردبوو دەستڕێژیان لە ئۆتۆمبێلەکەى کاکم کردبوو. پۆلیس دەڵێت، لە قەراخ رێگاکە جانتایەکى گومانلێکراویان دۆزیوەتەوە و ئەو جانتایە هی ئیبراهیم و عەلییە، بەڵام لەبەر ئەوەى بڕیاری نهێنی لەسەر دۆسیەکە و دەستگیرکردنەکە هەیە، زانیاریی لەوە زیاترمان لەبەردەستدا نییە".
ژ.ت