وان و جۆلەمێرگ لەسەر سنووری ئێراندان و زۆرترین مەترسیی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنایان لەسەرە و سەرباری ئەوەى رێوشوێنى پێویست لەلایەن دەوڵەتى تورک و قەیومە داگیرکەرەکانیەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا نەگیراوەتەبەر، ئاسانکاریش دەکرێت بۆ بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو ناوچانەدا.
ئاوی خواردنەوەى شاری جۆلەمێرگ و دەورووبەری بڕاوە و خەڵکی جۆلەمێرگ چەندین رۆژە چاوەڕێی بەردانەوەى ئاوی خواردنەوەن. خەڵکی جۆلەمێرگ دەڵێن، قەیوم کە شارەوانیی داگیرکردووە، بە هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەندێک کاری کردووە، کە گەل مەترسیی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکەیان زیاتر لەسەر بێت و هیچ کارێکی بۆ پشتیوانیکردن لەگەل نەکردووە.
هاوکات قەیومە داگیرکەرەکەى ئاکەپە لە وان، چەندین رۆژە زبڵ و خاشاکی کۆنەکردووەتەوە. هاووڵاتییانی وان لەوبارەیەوە دەڵێن، چەندین رۆژە زبڵ و خاشاکی سەر شەقامەکان، کۆڵانەکان و گەڕەکەکان پاک نەکراونەتەوە. دەیانجاریش داوایانکردووە زبڵ و خاشاکەکە پاک بکەنەوە، بەڵام گوێ لە داواى خەڵک ناگرن و زبڵ و خاشاک پاک ناکەنەوە.
ژ.ت